2019-11-28   3388     
پردەکەی شەقامی مەولەوی سلێمانی لەسەر شێوازێكی كەلەپوری كۆنی سلێمانی نۆژەندەكرێتەوەو ئەندامێکی لیژنەی شوێنەواریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەدیزاینەكەدا رەچاوی كلتورو كەلەپوری سلێمانی كراوە.
ئاوێنە: ئەندازیار نیاز حەسەن، ئەندامی لیژنەی شوێنەواری سەر بەلیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەسایتی قائمقامیەتی راگەیاندووە، پردەكە یەكێكە لەشوێنە دیارەكانی شاری سلێمانیو دەكەوێتە سەنتەری شارەوەو بەهۆی كۆنییەوە سیمایەكی ناشارستانی بەو ناوچەیە بەخشیووە، لەماوەی رابردوشدا لیژنەكەیان پێشنیار بۆ هەریەك لەقائیمقامو پارێزگاری سلێمانی كرد پردەكە لەسەر شێوازێكی تەلارسازی كۆنی سلێمانی نۆژەنبكرێتەوەو دیزاینیو شێوازی نۆژەنكردنەوەیان خستەبەردەست هەریەك لەهەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگارو ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، خۆشبەختانە هەردولا رەزامەندیان نیشانداوە پردەكە نۆژەنبكرێتەوە.
وتیشی، دیزاینی نۆژەنكردنەوەكە تەواو بووەو پردی شەقامی مەولەوی لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی نۆژەندەكرێتەوە، لەدیزاینەكەشدا رەچاوی كلتورو كەلەپوری سلێمانی كراوەو لەسەر شێوازێكی كەلەپوری كۆنی سلێمانی پردەكە نۆژەندەكرێتەوە.
لەبارەی كاتی نۆژەنكردنەوەی پردەكە ئەندامەكەی لیژنەی شوێنەواری سەر بەلیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، لیژنەكە كارەكانی خۆی تەواو كردووەو ئەوەی ماوەتەوە دابینكردنی بڕی پێویستی پارەیە بۆ نۆژەنكردنەوەكەو دواتر دەستدەكرێت بەكاركردن لەپردەكەدا.
پردەكە لەساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوەوە دروستكراوەو یەكێكە لەشوێنە دیارو بەناوبانگەكانی سلێمانی، بەشی ژێرەوەی پردەكە تایبەتە بەبازاڕی كڕینو فرۆشتنی پەلەوەرو بەشی سەرەوەشی شوێنی كاسبكارانی بازاڕەو چەندین دوكان لەخۆدەگرێت.