باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانیل ئینان، وردەکارییەکانی پەیوەست بە پرسی چۆڵکردنی سەربازگەی باشیک (زێلکان) لە باکوری موسڵ خستەڕوو. دوای تێپەڕبوونی ١١ ساڵ بەسەر مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەو ناوچەیە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕادەستکردنەوەی بنکە سەربازییەکە بە حکومەتی عێراق پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و بە یەکجار جێبەجێ ناکرێت، هاوکات ئەم هەنگاوەشی بەستەوە بەو ڕێکارانەی کە بەغدا لە قەزای شنگال دەیانگرێتەبەر.
ئاوێنە: ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە پرسی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ناوخاکی عێراق و پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی شنگال، بوونەتە تەوەری سەرەکیی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە. باڵیۆزەکەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیی هەیە بۆ ڕادەستکردنەوەی سەربازگەکە، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، بینینی هەنگاوی کردارییە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەو قەزایە.
مەرجەکانی ئەنقەرە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی شنگال، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بە فەرمی ڕێککەوتن و یەکگرتنی خۆیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕاگەیاند. لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی تورکیا ڕایگەیاندووە کە لە نزیکەوە چاودێریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە و شێوازی سەپاندنی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەتی عێراق لە شنگال دەکات، وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە باشیک.
سەربازگەی باشیک، کە بە سەربازگەی زێلکانیش دەناسرێت، دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ و تەنها ١٢ کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکەوە دوورە. سوپای تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥، لە سەروەختی شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش، هێزەکانی لەو سەربازگەیە جێگیر کرد، وەک ئەوکات ڕایگەیاندبوو بە مەبەستی مەشقپێکردنی هێزە ناوخۆییەکانی عێراق بووە.
لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا، بوونی ئەم هێزانەی تورکیا لە باشیک بەردەوام خاڵی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات بووە؛ لە کاتێکدا حکومەتی بەغدا بەردەوام ناڕەزایەتی دەربڕیوە و وەک پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق ناوی بردووە، لە بەرامبەردا تورکیا مانەوەی هێزەکانی خۆی بە پێویستییەک بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی و ڕێگریکردن لە هەڕەشەکان پاساو داوە.