لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا، ژمارەیەک لە سەرکردە، بەرپرسانی پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکانی باکووری کوردستان دەستبەسەر کران. هەڵمەتەکە بەتایبەتی ئەندامانی "هاوپەیمانێتیی نیشتمانیی کوردستان"ی کردووەتە ئامانج کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە "هەڤبەندی" ناسراوە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هەریەک لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و حەسەن داغتەکین، جێگری سەرۆکی گشتیی هەمان پارت لە شاری ئەنقەرە دەستبەسەر کراون. هاوکات فوئاد ئۆنەن، سەرۆکی بزووتنەوەی پێڵکورد لە ناوچەی دێرک دەستگیر کراوە. زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی هەریەک لە جانۆ ئامەدی، لە پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان و عەلی ئۆنجو، کەسایەتیی سەربەخۆ کردبوو، کە سەرجەمیان ئەندامی ئەنجوومەنی هاوپەیمانێتییەکەن.
لە نوێترین کاردانەوەی ئەم پێشهاتانەدا، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانێتییەکە، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەم هەنگاوە دەربڕی و ئاماری دەستبەسەرکراوەکانی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستمان، تا ئێستا هەریەک لە بایرام بۆزیەل، فوئاد ئۆنەن، محەممەد جان ئازبای، رۆژبین بوکون، عەلی ئۆنجو، حەسەن داغتەکین و عەلی چەڤەن دەستبەسەر کراون."
ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنە دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی ٩ی ئەم مانگەدا، ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی باکووری کوردستان پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکیان لە نێوان خۆیاندا راگەیاند و بە ئاشکرا داوای مافی چارەنووسیان بۆ کورد کرد. ئەم هەنگاوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەلایەن ژمارەیەک گرووپی نەژادپەرستەوە هێرشی توندیان کرایە سەر، کە دواتر بووە هۆی هاتنەسەرخەتی داواکاری گشتی و دەستپێکردنی رێکارە یاساییەکان.
جێی ئاماژەیە، "هاوپەیمانێتیی نیشتمانیی کوردستان" بە بڕیارێکی هاوبەشی نێوان ژمارەیەک پارت، بزووتنەوە، رێکخراوی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییە سەربەخۆکانی باکووری کوردستان دامەزراوە. پێکهاتەی سەرەکیی هاوپەیمانێتییەکە بریتییە لە: دەستپێشخەریی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی پێڵکورد، پارتی دیموکراتی کوردستان - باکوور، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سەربەخۆ.
هاوپەیمانێتییەکە بە فەرمی لە رۆژی ٩ی تشرینی دووەم لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەوە لە شاری ئامەد راگەیەندرا. لە کۆنفرانسی دامەزراندنەکەیدا نزیکەی ١٧٠ سیاسەتمەدار ئامادە بوون و تێیدا ئەنجوومەنێکی بەڕێوەبردن کە لە ٥١ کەس پێکهاتبوو، هەڵبژێردرا.