لە نوێترین پێشهاتی پەیوەست بە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق، چەند زانیارییەکی نوێی لەبارەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستانەوە خستەڕوو و ڕایگەیاند کە یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی پێشتر نیسابی دانیشتنەکەی پێ تەواو کرابوو، دەستی لەکارکێشاوەتەوە. بەپێی وتەکانی ئەو، بەم هەنگاوە زۆرینەی پەرلەمانی (٥٠ کۆ یەک) نەماوە و نیساب شکاوه.
ئاوێنە: لەمبارەیەوە و لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "عێراق ٢٤"، سروە عەبدولواحید کۆمەڵێک تۆمەتی ئاراستەی ڕێکخەرانی دانیشتنەکەی پەرلەمان کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە تەواوکردنی نیسابدا کردووە، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر (هۆتێل دیڤان) هێڵراونەتەوە و ڕێگرییان لێکراوە بڕۆنە دەرەوە. وەک خۆی باسی دەکات، ئەم کارە لەژێر پاساوی "پاراستنی سەلامەتییان" ئەنجامدراوە و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا هاوشێوەی قۆناغی کەرەنتینەی کۆرۆنا بووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ژینگەی عێراق گومانەکانی لەسەر شێوازی بەشداریکردنی ئەو پەرلەمانتارانە قووڵتر کردەوە و ڕایگەیاند کە فشاری توند و هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەکانیان لێکراوە بۆ ئەوەی ناچار بکرێن بەشداری دانیشتنەکە بکەن. هاوکات باس لە بوونی مامەڵەی دارایی دەکرێت، کە بەپێی قسەکانی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاران بەرامبەر بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار دەنگی خۆیان داوە، تەنانەت ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڕابردوودا بڕی ٣ بۆ ٥ ملیۆن دۆلار وەک پێشنیاز خراوەتە ڕوو بۆ بێدەنگکردنی پەرلەمانتاران لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە.
سروە عەبدولواحید لە جەختکردنەوەی لێدوانەکانیدا وتی: "ئەو پەرلەمانتارانە لە هۆتێل دەستبەسەر کران و هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەکانیان لێکرا تا نیساب تەواو بکەن؛ ئێستاش بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، نیسابی ٥٠+١ نەماوە و دانیشتنەکە بە پارە و فشار ئەنجام درابوو."
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە ڕێکەوتی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ٥٢ پەرلەمانتار کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی هەڵبژارد. ئەم دانیشتنە بەبێ بەشداریی فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو کە هەردووکیان بایکۆتی پرۆسەکەیان کردبوو. لە دوای کۆبوونەوەکەش، هەردوو لایەنی بایکۆتکار پارتی دیموکراتی کوردستانیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕێگەی کڕینی دەنگ و فشاری ئەمنییەوە پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم ئاڵۆزییانە لە کۆتاییدا کشانەوەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە و قەیرانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر قووڵ کردەوە.