عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگیان له‌گه‌ڵ هاوتا روسییه‌كه‌ی له تاران ئه‌نجامداوه‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیاش ده‌ڵێت، مۆسكۆ هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری هاریكاریی له‌گه‌ڵ ئێران نابێت.
ئاوێنه: عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی نێوانیان له تاران، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شییان ئه‌نجامدا.
عراقچی له‌سه‌ره‌تادا قسه‌ی كرد‌و وتی، كۆبونه‌وه‌یه‌كی زۆر گرنگ و به‌رهه‌مدارمان ئه‌نجامدا. په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران و روسیا په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژییه.
وتیشی، ئێمه ئه‌مڕۆ گفتوگۆمان له‌سه‌ر گرنگترین بابه‌ته‌كانی ناوچه‌كه و جیهان كرد‌و بابه‌ته‌كانی جێی بایه‌خی هه‌ردولامان له په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییهكاندا تاوتوێ كردن و له‌باره‌ی بابه‌ته‌كانی كه‌نداو، قه‌فقاز، ئه‌وروپا، دانوستانه‌كانی نێوان ئهمریكاو ئێران و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به شه‌ڕی ئۆكرانیا، بیروڕامان ئاڵوگۆڕكرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تێڕوانینی هاوبه‌ش ئێمه‌و روسیا ئه‌وه‌یه كه كێشه‌كانی ناوچه‌كه چاره‌سه‌ری سه‌ربازییان نییه و ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی دیپلۆماسی و سیاسییه‌وه چاره‌سه‌ربكرێن.
عراقچی وتیشی، ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی له گه‌روی هورمز هه‌یه ئه‌نجامی راسته‌وخۆی ده‌ستدرێژییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیله بۆ سه‌ر ئێران كه ئێستاش به‌شێوه‌ی جیاجیا به‌رده‌وامه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران نیگه‌رانی قوڵی خۆیشی له‌باره‌ی ناسه‌قامگیرییه‌كانی ده‌ریای خهزهرو هێرشكردنه سه‌ر كه‌شتییه‌كانی ئێران و روسیا ده‌ربڕی.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئێمه له هاریكارییه‌كانی نێوانمان له بابه‌ته نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بین و هاوڕاین له‌سه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاكجه‌مسه‌ریی ئه‌مریكا.
دوپاتیشیكرده‌وه كه جه‌نگی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی رونكرده‌وه كه بونی بنكه ئه‌مریكییه‌كان هیچ هاوكارییه‌كی ئاسایشی ئه‌و وڵاتانه‌ی نه‌كردوه به‌ڵكو تێكیداوه.
وتیشی، ئێمه پێشوازی له هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه خۆیان ئاسایشی ناوچه‌كه بپارێزن به‌بێ بونی هێزه ده‌ره‌كییه‌كان و ئه‌وه‌ش به رێگه راسته‌كه ده‌زانین.
لای خۆیشییه‌وه سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا رایگه‌یاند، كۆبونه‌وه‌و گفتوگۆكانی نێوانیان زۆر به‌رهه‌مداربون.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه هناریكاریی ستراتیژیی نێوان ئێران و روسیا رو له‌زیادبونه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێشنیاری كۆمه‌كی بۆ ئێران كردوه له‌ڕوی خۆراك و ده‌رمانه‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی پابه‌نده به رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردو وڵاته‌وه‌و مۆسكۆ هیچ كاتێك ده‌ستبه‌رداری هاریكاریی له‌گه‌ڵ ئێران نابێت.