ڤیان حەبابی: شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە لە شنگال دەمێننەوە
  2026-10-19     

ڤیان حەبابی، ئەندامی فەرماندەیی (یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال)یەبەشە و (یه‌كینه‌كانی ژنانی شنگال)یەژەشە ئاشکرایکرد، لەسەر بەرزترین ئاست کۆبونەوە و دیدارەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بەردەوامن و ڕایشگەیاند، تا ئاستێک لێکتێگەیشتن هەیە، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنێکی فەرمی نەهاتوەتە ئاراوە، بەڵام گەیشتوینەتە ئەو لێکتێگەیشتنەی کە شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە لە شنگال بمێننەوە، پارێزگاری لە شوێن، خاک و کۆمەڵگەی خۆیان بکەن.

ئاوێنه‌: ڤیان حه‌بابی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەبەشە و یەژەشە، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆژنیوز، كه‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، به‌شێكی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وتی، لە ماوەی ڕابردودا لەگەڵ عێراقدا چەندین کۆبونەوەی هاوبەش کران، هێزە بەدکارەکان زۆرجار هەوڵیان دا هێزی خۆپاراستنمان هەڵوەشێننەوە، هەروەها ویستیان لە نێوان یەبەشە-یەژەشە و دەوڵەتی عێراقدا شەڕ دروستبکەن، بەڵام لە ئەنجامدا لەم دواییانەدا لە ئاستی باڵادا کۆبونەوە کران، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن سەبارەت بەوەی هێزەکانی خۆپاراستنمان وەک یەبەشە-یەژەشە چۆن لە ناو عێراقدا ڕێکدەخرێن و جێگیر دەکرێن، دروست بوە.

ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەبەشە و یەژەشە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان لە سەرەتاوە تا ئێستا خۆیان وەک هێزێکی عێراقی پێناسە کردوە و وتی: هیچ مەترسییەک نین بۆ سەر عێراق، خۆمان هاوڵاتیی ئەم وڵاتەین و هێزی ئەم وڵاتەین، بەڵام هەمیشە داواکارییەکمان لە عێراق هەبوە، کە هێزی پاراستنمان لە ژێر چەتری گشتیدا، بتوانێت پارێزگاری لە کۆمەڵگەی خۆی بکات، ئامانجی کۆبونەوەکان ئەوە بو کە هێزەکانمان سەربە سوپای عێراق بن، بەڵام تایبەتمەندێتی خۆیان بپارێزن.

ڤیان حەبابی ئاشکراشیکرد، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کۆبونەوەکان بۆ چاره‌سه‌ری به‌رده‌وامن و ده‌رباره‌ی کۆبوونەوەکان وتی: لە بنەڕەتدا لەو کاتەدا دەکرا هەندێک هەنگاو بنرێن، لە هەندێک خاڵیشدا لێکتێگەیشتنی باش هەبو، بەڵام شەڕی ناوچەکە بوە هۆی ئەوەی ئەم هەنگاوانە نەنرێن، شەڕی ناوچەکە کاریگەریی لەسەر عێراق و هەروەها لەسەر شنگالیش دانا، بەڵام تا ئێستاش تا ئاستێک لێکگەیشتن و خستنەڕوی داواکارییەکان هەیە، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنێکی فەرمی یان واژۆکردنی پەیماننامەیەک ڕانەگەیاندراوە، ئەگەر ئەم کۆبوونەوانە بگەنە ئەنجامێک، ڕاگەیاندراوی فەرمی بۆ ڕای گشتیی بڵاو دەکرێتەوە، ئەم هەنگاوانە بە فەرمی دەنرێن.

ڤیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وتی، ئێمە گەیشتوینەتە ئەو لێکتێگەیشتنەی کە هەزاران ئەندامی هێزی یەبەشەمان و سەدان ئەندامی هێزی یەژەشەشمان، لە سنورەکانی شنگال پارێزگاری له‌ کۆمەڵگە، شوێنە پیرۆزەکان، ژنان و شنگال بكه‌ن.

ئەندامه‌كه‌ی فەرماندەیی گشتیی یەبەشە و یەژەشە سەبارەت بە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق وتی: چەترێکی گشتی دەبێت و پەیوەست دەبن بە وەزارەتەکانی حکومەتی عێراقەوە، بەڵام سەربەخۆیی و تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی ئێزدی لە بەرچاو دەگیرێت. لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتینە ئەم ڕێککەوتنەی کە شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە لە شنگال بمێننەوە، لێرەدا ئەرکی بنەڕەتیی ئێمە ئەوەیە کە پارێزگاری لە شوێن، خاک و کۆمەڵگەی خۆمان بکەین، دەوروبەر هەوڵێکی زۆریان دا لە نێوان ئێمە و سوپای عێراقدا شەڕ دروست بێت، بەڵام ئێمە هەمیشە بە لەسەرخۆیی ڕێگەمان لەمە گرت، لە بابەتی چارەسەریدا جددین، ئەو بڕیارەی دەیدەین لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەکەماندا دەبێت، شتێک لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەکەماندا نەبێت بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین.

ڤیان حەبابی سەبارەت بەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت ڕێگە لە ڕێککەوتنی نێوان یەبەشە-یەژەشە و دەوڵەتی عێراق بگرن وتی: زۆر لایەن هەن کە نایانەوێت هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەنە ڕێککەوتنێک، شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبەن و وا نیشانی دەدەن کە خۆمانمان ڕادەست کردوە، لە ڕاگەیاندنەکانیاندا دەڵێن کە تاک بە تاک چەک دادەنێن یان هەر یەکەیان دەچنەوە ماڵی خۆیان، ئەمە تەنیا هەوڵی لایەن و کەسانی بەدکارە، کۆمەڵگەکەمان ئەم بابەتە بە لایەوە گرنگە و ئێمەش دەڵێین کە ئەو کچ و کوڕانەمان کە 12 ساڵە پارێزگاری لە کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەن، بۆ هەمیشە پارێزگاری لە کۆمەڵگەکەیان دەکەن، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن یەبەشە و یەژەشە هەڵوەشێنراونەتەوە و خۆیان ڕادەست دەکەن، قسەی ئێمە بۆ هەمو کەسێک ئەمەیە؛ خۆڕادەستکردن لە فکرماندا نییە و هیچ کاتێک خۆمان ڕادەستی هیچ هێزێک ناکەین، هێزێکی خاوەن ئایدۆلۆژیا، بیر و باوەڕین، ئێمە هێزێکی فیدایین، ئایا گونجاوە هەموو شەهیدان، کۆمەڵگە و قوربانییەکانمان وەلا بنێین و چەکەکانمان ڕادەست بکەین؟ ئەم قسانە دورن لە ڕاستییەوە.

ڤیان حەبابی وتیشی، با کۆمەڵگەکەمان بڕوای بەوە هەبێت، ئێمە هیچ کاتێک چەکەکانمان ڕادەست ناکەین و دەست لە دۆزەکەمان هەڵناگرین، ئەرکی پاراستنی کۆمەڵگەی خۆمان خستووەتە سەر شانمان و تا کۆتاییش بە سەربەرزییەوە لەم ئەرکە بەردەوام دەبین، ئەو ڕاگەیاندراوانەی دەڵێن یەبەشە و یەژەشە چەکەکانیان ڕادەست دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە، هیچ کاتێک هەنگاوێک لە دۆزەکەمان و پاراستنی گەلەکەمان پاشەکشە ناکەین، هەمیشە لەناو ئەو تێکۆشانەدا دەبین کە داواکارییەکانی کۆمەڵگەکەمان بێنێتە دی، کۆمەڵگەکەمان پێویستی بە ئێمەیە و ئێمەش پێویستیمان بە کۆمەڵگەکەیە

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×