بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە تێیدا وەڵامی ئەو دەنگۆ و هەواڵە ناڕاستیانەی دایەوە کە لە هەندێک لە پەڕە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە دەستگیرکردنی (سۆران عومەر)، سەرۆکی پێشوی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، و کوڕەکەی بڵاوکرابوونەوە.
ئاوێنە: لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە. سەبارەت بە دوایین هاتووچۆی ناوبراویش، دەروازەی باشماخ ڕایگەیاند کە دواین سەردان و گەشتی سۆران عومەر بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە لە ڕێککەوتی (21ی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجامدراوە و لەو کاتەدا بە شێوازێکی فەرمی و بەڕێزەوە بەڕێکراوە.
لای خۆیشیانەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری توند ئاراستەی سەرجەم کەناڵ، پەیج و ناوەندە ڕاگەیاندنەکان دەکات کە هەواڵی ناڕاست و بێ بنەما سەبارەت بە کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، یاریدەدەرێتی ئاسایشی باشماخ و بنکەکانی تری دەروازەکە بڵاو دەکەنەوە، جەختیشی کردەوە کە لە ڕێگەی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم جۆرە پەیجانە دەکرێت و ڕکاری توندی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
جێی باسە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە لە شەوی ڕابردوودا، کوڕی سۆران عومەر وێنەیەکی خۆی و باوکی بڵاوکردەوە و بە شێوەیەکی فەرمی هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر یان دەستگیرکردنیان لە لایەن یاریدەدەرێتی ئاسایشی باشماخەوە ڕەتکردەوە.