پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دەبێت بڕیار بدات کە ئایا ئامادەیە لەڕێگەی گفتوگۆوە ڕێککەوتنێک بکات و واز لە ئامانجە ئەتۆمییەکانی بهێنێت، یان ڕووبەڕووی هێرشێکی سەربازیی وێرانکەری ئەمریکا ببێتەوە.
ئاوێنە: هێگسێت ئەم لێدوانانەی لە وتارێکدا پێشکەشکرد کەلە زانکۆی تێنێسیی ئەمریکا، بۆ خوێندکارانی بەرنامەی ڕاهێنانی ئەفسەرانی یەدەگ و ئەندامانی نوێی سوپای ئەمریکا.
وەزیری جەنگی ئەمریکا وتیشی "ئێران دەبێت بە زوویی هەڵبژێرێت؛ یان لەسەر مێزی گفتوگۆ واز لە ئامانجە ئەتۆمییەکانی بهێنێت، یان ڕووبەڕووی ئەو وێرانکارییە ببێتەوە کە ئەمریکا توانای ئەنجامدانی هەیە و ئەگەر پێویست بێت، بە خێرایی جێبەجێی دەکات".
هێگسێت تارانی تۆمەتبارکرد کە لەگەڵ بەدواداچوونی ئامانجە ئەتۆمییەکانی، چەکخانەیەکی گەورە لە مووشەکی ئاسایی دروست کردووە، بەمەبەستی ئەوەی هەر هەوڵێکی سەربازیی دژی خۆی پووچەڵ بکاتەوە و ڕێگری لە هێرشکردنە سەری بکات.
هەروەها ئەو جەختیکردەوە کە هێزی سەربازیی ئەمریکا ئامرازێکی گرنگە بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانی ناچار بکات لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بگەنە ڕێککەوتن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە پشتگیریی دارایی لە حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن. ئەو وتی؛ واشنتۆن هەوڵیداوە هێرشەکان بۆسەر هێزە ئەمریکییەکان و هاتوچۆی کەشتییەکان ڕابگرێت و ڕێگرییان لێ بکات.