ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی (لەجێگەدانان)ـی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانە پەسەند کرد کە بە گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون و دواتر بەهۆی خانەنشینی، کۆچی دوایی یان دەستلەکارکێشانەوە خزمەتیان کۆتایی هاتووە.
ئاوێنە: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا بە ژمارە (303)ـی کە لە رێکەوتی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، بە فەرمی پڕۆسەی (لەجێگادانان)ی لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا کارا دەکاتەوە.
بەپێی نووسراوەکە، بڕیار دراوە بە بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی (لەجێگادانان) بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانەی کە بە شێوازە جیاجیاکانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی (پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم دامەزراون و، دواتر بەهۆی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆتایی بە خزمەتیان هاتووە.
هەروەها پڕکردنەوەی شوێنی ئەم کەسانە بە کەسانی شایستە دەبێت لەسەر بنەمای، شایستەبوون و رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ ئەوانەی مەرجەکانی دامەزراندنیان تێدایە و، دابینکردنی شایستە داراییەکانیشیان لەسەر هەمان داهاتی ناوخۆ دەبێت.
هەر لە نوسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری رادەسپێدرێن کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی گشتی، ڕەشنووسی رێنمایی و رێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئامادە بکات و دواتر رەشنووسەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی.
دوای ئەنجامدانی پشکنین و وردبینیی پێویست لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، ناوی ئەو کەسانەی کە شایستە دەبن، رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەریان.