دوای ئەوەی ئێران هێرشی بۆسەر چیای شاهۆ کرد؛ پژاک لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات کە ژمارەیەکی زۆر سەربازیان لە ناوچەکەدا جێگیر کردوون ''ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، وەڵامی پێویست دەدەینەوە".
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) رایگەیاند "جارێکی دیکە لەلایەن ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر هێزەکانمان ئێمە پێشتریش رامانگەیاندبوو، لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا کە بکرێتە سەر گەل و هێزەکانمان، مافی بەرگریی رەوای خۆمان بەکاردەهێنین".
بەپێی راگەیێندراوەکەی پژاک، لە سێ رۆژی رابردوودا، سوپای پاسداران بەردەوام بووە لە بۆردوومان و گواستنەوەی درۆن، چەکی قورس و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەی شاهۆ، ''ئاشکرایە ئەوان لەسەر کردە و هێرشەکانیان دژی هێزەکانمان لەو ناوچەیە سوورن".
پژاک رونیشیکردووەتەوە کە ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، بەهێزەوە "مافی بەرگریی رەوای خۆمان بەکاردەهێنین و وەڵامی پێویست دەدەینەوە".
چیای شاهۆ بەرزترین ناوچەی شاخاوییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای کرماشان و سنە. هەروەها سوپای پاسداران بۆ بەرپەرچدانەوەی پژاک لە شاهۆ، لەسەر چەندین لووتکەی بەرز مۆڵگە و بنکەی سەربازی دروستکردووە و ناوە ناوە چیاکە بۆردوومان دەکات.