دەستەی مافی مرۆڤ رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ دەستگیرکردنی عومەر فەقێ کردووە و دەرکەوتووە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە لەسەر رووداوێکی تەقەکردن دەستگیرکراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ لە لێدوانێکدا وتی "بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەدواداچوونمان بۆ دەستگیرکردنی عومەر فەقێ کرد و دەرکەوت بە تۆمەتی تەقەکردن لە ماڵێک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە".
وتیشی "دەستگیرکردنەکەی ئەمڕۆ نەبووە و لە چەند رۆژی رابردوو بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە".
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی یەکشەممە سەردانی عومەر فەقێ دەکەن، دەشڵێت "کەسی دیکەش لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکراون."
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 30ی ئەیلوول گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و کە تێیدا ماتۆڕسکیلێك تەقە لە ماڵێکی شاری هەولێر دەکات و تێیدا عومەر فەقێ بەشێوەیەک دەردەکەوێت کە ناونیشانی ماڵەکە بە تەقەکەرەکە بدات.
هاوکات ئەمە جاری سێیەمە فەرمانی گرتن بۆ بانگخواز و چالاکوان عومەر فەقێ دەردەچێت، رۆژی سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، لەسەر ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکدا نموونەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی هێنایەوە و لە بەشێکی قسەکانی دا وتی "گۆڕی پڕ نوور بێت." ناڕەزایی بەشێک لە چالاکوان، رۆژنامەنوس و هاوڵاتییانی لێکەوتەوە و لە داواکاری گشتی سکاڵایان لەسەرکرد و لەلایەن دادگای کەلارەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو، دواتریش بە کەفالەت ئازادکرا.