سەرچاوە خۆجێییەکان و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، باس لە ڕوودانی پێکدادانی قورس، تۆپبارانی چڕ و هێرشی درۆنی لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گەریلاکانی ئەو حزبە لە بەرزاییە پارێزراوەکانی کێوی شاهۆ لە سنووری قەزای سەوڵاوا (سەروئاباد) دەکەن.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە لێدوانێکدا بۆ بەشی فارسیی (دۆیچە ڤێلە)، ڕوودانی پێکدادانی سەختی لەنێوان هێزەکانیان و سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی کێوی شاهۆ و ناوچەکە ڕاگەیاند.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پێکدادانەکان دوای ئەوە دەستیان پێ کردووە کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتا بە ئۆتۆمبێلی تابلۆی مەدەنی (شەخسی) لە بەرزاییەکان جێگیر بوون و دواتر هێزی پشتیوانییان ڕەوانەی ناوچەکە کردووە. سەرچاوەکەی پژاک ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە میانی شەڕی زەمینیدا پاشەکشەیان پێ کراوە، دەستیان بە تۆپبارانی چڕ و هێرشی درۆنی کردووە، لە بەرامبەریشدا "یەکە ئاسمانییەکانی پژاک بە بەکارهێنانی درۆنی هێرشبەر وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە".
هاوکات سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەکە بە هەمان میدیای ڕاگەیاندووە، شەوی ڕابردوو (پێنجشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەم)، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێری بەردەوام دەنگی تەقە، بۆردومانی تۆپخانە و فڕینی درۆن لە ناوچەکەدا بیستراوە.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بە جێگیرکردنی چەکی قورس لە دەوروبەری گوندی "دەڵەمەرز"ی سەر بە قەزای سەوڵاوا، هاتوچۆیان بۆ بناری کێوی شاهۆ قەدەغە کردووە و ناوچەی "دەشتی قەڵب"یان بە چڕی داوەتە بەر تۆپباران و درۆنی خۆکوژ. پێشتریش لە سەرەتای مانگی خەرماناندا (کۆتایی مانگی ئاب)، بۆردومانکردنی بەرزاییەکانی شاهۆ لە سنووری کامیاران، بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی بەرفراوان لەو چیایەدا.
هاوکات هەندێک لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی نزیک لە سوپای پاسداران، بەبێ خستنەڕووی هیچ وردەکارییەک، هەواڵی بوونی پێکدادانیان لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە بەرزاییەکانی شاهۆ پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەم جموجۆڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە زنجیرەچیاکانی شاهۆ و کۆساڵان لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان، لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە وەک ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی تۆمار کراون. چالاکوانانی ژینگە دەڵێن، سوپای پاسداران لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بە پاساوی ڕووبەڕووبوونەوەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، لە ڕێگەی دروستکردنی بنکە و ڕێگەی سەربازی، هەروەها سووتاندنی بەئەنقەستی گژوگیا و دارستانەکان بە مەبەستی نەهێشتنی شوێنی خۆحەشاردانی هێزەکان، بەشێکی بەرفراوانی دارستان و لەوەڕگاکانی ئەم ناوچە پارێزراوەی وێران کردووە.
هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بەپێچەوانەی حزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە کەمپ و ئۆردوگا دیاریکراوەکانی هەرێمی کوردستان جێگیرن، لە ناوچە سەختەکانی چیاکانی قەندیل و ئاسۆس (لەسەر هێڵی سنووریی نێوان ئێران و عێراق) و هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانی ناوخۆی ئێراندا جێگیر بوون.