میدیاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ بڵاویان کردەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی "سەید ئەحمەد موستەفانژاد"، دوای ئەوەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی لەو شارە کردووە، دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (کۆڵبەرنیوز)، ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٠ ساڵە، سەرەتا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراوە. پاش ئەوەی سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییەی کردووە، دەستگیر کراوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون لەبەردەستدا نییە، هەروەها دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە بە تەواوی بە نادیاری ماوەتەوە.
هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە کە ناوبراو لە دوای دەستگیرکردنییەوە و گواستنەوەی بۆ شوێنە نادیارەکە، ڕێگەی پێ نەدراوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات و بەتەواوی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.