فواد حسێن، وهزیری دهرهوهی عێراق رایدهگهیهنێت، بههۆی جهنگی نێوان ئهمریكاو ئێرانهوه، عێراق 60 ملیار دینار زیانی بهركهوتوه.
ئاوێنه: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئهمڕۆ ههینی، له راگهیهندراوێكدا وتی، وەزیری دەرەوە فواد حسێن، ڕۆژی ڕابردو لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا لە رۆمای پایتەخت، لەگەڵ ئهنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیتالی، کۆبوەوە و پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەشیان تاوتوێ كرد، وێڕای تاوتوێکردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستۆتەڕو کە "هەردولا ئاسۆی پەرەپێدانی هاریکاریی ئەمنی و سەربازییان لە قۆناغی داهاتودا تاوتوێ کرد، بەتایبەت لەبهر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی پەیوەندیدارن بە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، جگە لە تاوتوێکردنی چەند دۆسەیەکی دارایی و سەربازیی هەڵپهسێردراو لەگەڵ حکومەت و کۆمپانیا ئیتالییەکاندا، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشو".
وهزارەتەکە ئاماژهی بهوهداوه "دیدارەکە هەروەها تیشکی خستە سەر لێکەوتەکانی بەردەوامیی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا، شانبەشانی پێشهاتەکانی ململانێ لە ناوچەکەدا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و وڵاتانی کەنداو."
وهك له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، فواد حسێن "پێزانینی عێراقی بۆ هەڵوێستەکانی ئیتالیا، به حکومەت و گەلهكهیهوه، دەربڕی کە لە ساڵانی ڕابردودا پشتگیریی عێراقیان کردوە لە جەنگەکەیدا دژی تیرۆر و تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش"، و "پێزانینی خۆی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان لە مەشقپێکردنی هێزەکانی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستانی عێراق" دەربڕی.
وهزیری دەرەوە جەختیكردهوه لەسەر ئهوهی كه "پێویسته یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا، لەوانەش ئیتالیا، ڕۆڵێکی کارا بگێڕن لە پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازەکان و کارکردن بۆ نزیککردنەوەی بۆچونی لایەنەکانی ململانێ و هاندانیان بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و دورکەوتنەوە لە فراوانبونەوەی مەودای پێکدادانهكان."
وهزیری دهرهوهی عێراق هێمای بۆ ئهوهش كرد، "بەردەوامیی ململانێی ئەمەریکا و ئێران زیانی ئابوریی گەورەی لێكهوتۆتهوه." و ئاشكراشیكرد کە "عێراق لە ماوەی جەنگی کۆتایی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی پێگهیشتهوه."
فواد حسێن هۆشداریی ئەوەشی داوه کە "بەردەوامیی ململانێکان بۆته مایهی سەرهەڵدانی قەیرانی جیهانیی وزه و زیادبونی مەترسییەکان لەبارهی بەرزبونەوەی رێژەی هەڵاوسان، بە شێوازێک کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوریی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لەوانەش وڵاتانی ئەوروپی، دهبێت."
لای خۆیەوە، ئەنتۆنیۆ تایانی "بههێزیی پەیوەندییەكانی عێراق و ئیتالیا"ی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر "پشتگیریی ئیتالیا بۆ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا" کردەوە.
ههر بهپێی راگهیهندراوهكه، هەردولا هاوڕابون لەسەر "بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی سەبارەت بەو پرسانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن." و وهزیری دهرهوهی عێراقیش بانگهێشتی هاوتا ئیتالییهكهی كرد بۆ سهردانكردنی عێراق.