عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
  2026-10-15     
تەسەوف لەکوردستان چەندین عولەمای بەرهەمهێناوە

لە ئینگلیزییەوە:  محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

* تێبینی: ئەم وتارە لە گۆڤاری حەولییاتی ئیسلامێکی تر بڵاوکراوەتەوە، ژمارە ٥ (١٩٩٨)،  ل ٨٣ - ١٠٦ و جارێکیتر چاپکراوەتەوە لە مارتن ڤان بروونەسن، "مەلا و سۆفی و بێباوەڕان: ڕۆڵی ئاین لە کۆمەڵگەی کوردیدا. وتارە کۆکراوەکان"،. ئیستانبووڵ: ئیسیس، ٢٠٠٠. ڤێرژنێکی پێشتری ئەم کتێبە وەک "عولەما کوردەکان و قوتابییە ئیندۆنیسییەکانیان" بڵاوکراوەتەوە لە کتێبی، "ڕوونکردنەوەی تەرخانکراو بۆ ‌هێنری هۆفمان، زنجیرەی ئوتریختی تورکی، بەرگی ٣، ئوتریخت: ئینستیتیوتی زمان و کولتوورە ڕۆژهەڵاتییەکان، ١٩٩٢، لاپەڕە ٢٠٥ - ٢٢٧.

 

ئاسەواری کاریگەریی کوردی لە ئیندۆنیسیادا

     ئەرخەبیلی ئیندۆنیسی، کە گەورەترین کۆمەڵە دوورگەیە لە جیهاندا و زۆر دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سرووشتییەکان، لە لایەن دەریاوانان و بازرگانانی گەلی شوێنی جیهان سەردانیان کردووە بەو هۆیەوە کە هاتوچۆیەکی دەریایی زۆری لەسەرە. شەپۆل لە دوای شەپۆل کۆچبەرانی بۆ هاتووە لە وشکایی سەرەکیی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە و بای وەرزییش چینییەکانی لە    باکوور و هندییەکان و عەرەبی لە ڕۆژئاواوە بۆ هێناوە و ژمارەیەکی کەمتری خەڵکیش لە زۆر وڵات و میللەتی دنیاوە هاتوون. لەبەر ئەوە جێی سەرسوڕمان نییە کەوا لە ئیسلامی ئیندۆنیسیدا ئاسەواری زۆرێک لە کولتووری خەڵکە بەئیسلامبووەکانی تر ببینین. ئێمە لە پاڵ ئەو وشە و دەستەواژانەی لە زمانی عەرەبییەوە سەرچاوەیان گرتووە و زاراوەی بەکارهاتووش ببینین کە لە    فارسی و سانسکریتی و تامیلی و زمانە جۆراوجۆرەکانی تری هندستانەوە هاتوون و هەروەها کاریگەریی چینی بە ڕوونی دیارە بە تەلارسازیی هەندێ مزگەوت و مەزارە ئیسلامییەکانەوە. ئایدیا سۆفییە هندییەکانیش بەئاشکرا تێبینی دەکرێن و لە ماوەی سەدە و نیوی ڕابوردووەوە بەتایبەتی کاریگەرییەکی بەربڵاوی عەرەبی حەزرەمەوت تیبینی دەکرێت، کە بە ژمارەی زۆر گەورە لە ئەرخەبیلدا نیشتەجێ بوون.

    من سەرەتا سەرم لەوە سوڕما کەوا کاریگەرییەکی جیاکار و تایبەتمەندم بۆ دەرکەوت، بەتایبەتی لە ناو توێژە هەرە دیندار و خواناسەکەی دانیشتوواندا و سەرنج دەدرێت، بۆ نموونە، کەوا لە دوورگەی جاوادا کە چڕترین دانیشتووانی تێدایە لە ئەرخەبیلدا، ژمارەیەک خەڵکی هەبوون ناویان کوردی بوو. ئەم ناوەش زۆر باو بوو، بەتایبەتی لە ناوەندە ئیسلامییە توندەکاندا، بە ڕادەیەک کەوا خەڵکیکی کەمی بێگانە هەستیان بەوە دەکرد کە ئەمە ناوێکی ڕەسەنی خۆوڵاتی نییە. من هیچ کاتێ کەسێکم نەبینیوە ناوی تورکی یان فارسی یان هندی بووبێت، لە بەرانبەر ئەو هەموو کوردی ناوانەدا - ئەگەرچی ڕێکەوتی ژمارەیەکی کەمی میسری و مالیباریم کردووە . من لە خوارەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەم ناوە کەسییانە.

   دەلالەتێکی تری کاریگەریی کورد هەیە کە زۆر جێی هەڵوەستەیە، چونکە هێجگار دیار و بەرچاوە لە ژیانی ئاینیی جەماوەردا. لێرە میللیترین و جەماوەریترین دەقی ئاینی لە سەرانسەری ئەرخەبیلدا، بە ڕادەیەک کە لە دوای قورئانەوە بە دووەم دێت، بابەتیکە کەوا بە "بەرزنجی" ناسراوە. ئەم دەقەش "مەولیدێکە" کە نەک تەنها لە دوانزەی ڕەبیعولئەووەلی لەدایکبوونی پێغەمبەردا دەخوێنرێت، بەلکو لە بۆنەی زۆری تریشدا دەخوێنرێت: لە بۆنە و ئاهەنگی قۆناخەکانی سووڕی ژیاندا وەک یەکەم قژبڕینی منداڵ (عەقیقە)، لە بارودۆخی قەیران و ناڕەحەتیدا، وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمی دەرکردنی ڕۆحە بەد و شەڕخوازەکان، یان بە شێوەیەکی ڕۆتینی وەک دەربڕینێکی ڕێکوپێکی بەکۆمەڵ بۆ دینداری و خواناسی. لەوانەیە تاقە یەک موسڵمانی ئیندۆنیسی نەبێت بەشدار نەبووبێت لە "بەرزنجی" خوێندنەوەیەکدا و هەر هیچ نەبێت چەند جارێکی کەم لە ژیانیدا. ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانیشە، هەرگیز کەس سەرنجی ئەوەی نەداوە و هەر نەیشیزانیوە کەوا بەرزنجی ناوی بنەماڵەیەکی زۆر کاریگەری عولەما و شێخانی تەریقەتە لە باشووری کوردستاندا.

   لە گەلێ لەو ناوچانەی ئەرخەبیلدا کە بە پەیوەستبوونی توندیان بە ئیسلامەوە ناسراون، وەک ئاشێ و سۆمەترەی ڕۆژاوا و بانتێن، پاشماوەی تایفەیەکی ئاینیی پەرستش تۆکمە و توند دەبینرێت کە بە "دەبوس" debus ناسراون. لە ڕاهێنان و ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە زەرگی گەورە و شمشێر و شتی تیژی تر لەخۆیان دەدەن لەخۆیان دەدەن بێئەوەی بریندار ببن. لە ئێستادا دەبوس بووە بە هۆکارێکی خۆشنوودی و کات بەسەربردنی  میللی و دەبوس لەو ڕاهێنان و کردەوە باوانەوە کە لای خەڵک ئاشنان و بە عادەت پەیوەستن بە تەریقەتی سۆفیگەریی ڕەفاعییەوە و (لە ڕۆژاوا بە 'دەروێشی لوورەلوور' دەناسرێت). بەهەرحاڵ، لە باکووری بانتێنیش دەبوس پەیوەندیی هەیە بە تەریقەتی قادرییەوە١. هەرچەندە تەریقەتی قادری هاوبەشە لەگەڵ تەریقەتی ڕەفاعی لە زیکرکردن بە دەنگی بەرز و هەڵچوون و حاڵ لێهاتنەوە، بەڵام بەعادەت شوێنکەوتووەکانی زەرگ و تیغ لە خۆیان نادەن و خۆیان بریندار ناکەن. من دەزانم کەوا تەنها شوێنێکی تر هەیە کەوا قادرییەکان ئەم جۆرە پراکتیز و ڕاهێنانە ئەنجامدەدەن و ئەو شوێنەش کوردستانە٢. لە ڕاستیدا، زۆرترینی شێخە کاریگەرەکانی کوردستان دەچنەوە سەر بنەماڵەی بەرزنجی کە پێشتر باسمان لێوەکرد. ئەوەی کە جێی تێبینییە، چاودێرێک سەرنجی داوە کە "بەرزنجی" لە نمایشێکی دەبوسدا خوێنراوە و ئەو بە چاوی خۆی بینیوێتی٣.  

   دوا سەرسوڕمانی ساڵی یەکەمم لە ئیندۆنیسیادا ئەو کاتە بوو کە من بۆ کتێبی نەریتیی ئیسلامی دەگەڕام لە ناو ئەو کتێبانەی کە بۆ فرۆشتن دانرابوون لە بازاڕدا. لە کۆگایەکی کتێبفرۆشیی سەرەکیی ئیسلامیدا لە باندۆنگ، لە جاڤای ڕۆژاوا، کۆمەڵێکی گەورەی کۆپیی کتێبی "تنویر القلوب"ی موحەممەد ئەمین ئەلکوردیم دۆزییەوە، کە کورتە نووسینێکی بەناوبانگی تەریقەتی نەقشبەندی بوو و نزیکەی سەدەیەک لەمەوپێش نووسراوە٤. دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەم کتێبە هەر تەنها نەقشبەندییە ئیندۆنیسییەکان نەیانخوێندووە بەڵکوو بە ئاستێکی بەربڵاویش وەک کتێبێکی فیقهی لە هەرێمی سولاوێسی باشووردا بەکارهاتووە. موحەممەد ئەمین عالمێکی کورد بووە و بە ڕوونی کاریگەرییەکی بەرچاوی بووە لە ئیندۆنیسیادا. هەڵبەت من دەبوو ئەوە بدۆزمەوە کەوا چەندین عولەمای کورد لانی کەم  کاریگەر بوون لە ئیندۆنیسیادا.

    کوردەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بووە لەسەر ئیسلامی ئیندۆنیسی کە بە لای کەمەوە بەراورد دەکرێت بە کاریگەریی هەندێ لە ئیسلامییە بەناوبانگەکانی تر. بەڵام خۆ ڕێی تێناچێت کەوا کورد تا ڕۆژگاری ئەم دواییەش سەردانی ئەرخەبیلی ئیندۆنیسییان کردبێت و هەرچۆنێک بێت وا دەردەکەوێت کە لای کەمەکەی لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەم بەملاوە عولەما کوردەکان ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاویان گێڕاوە بۆ بەئیسلامکردنی ئەو ئەرخەبیلە.

   وا دیارە زۆرێک لە مشتومڕ لەبارەی بنەچەی ئیسلام لە ئیندۆنیسیادا لەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەمە ڕووداوێک بووبێت و یەک جار بەرپا بووبێت لەگەڵ تاقە بکەر یان ئەکتەرێکی دیاریکراودا. بەڵام ئەم گریمانەیە لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان یەکناگرێتەوە، چونکە وا باشتر و گونجاوترە کە بەئیسلامبوون وەک پرۆسەیەکی بەردەوام تێبگەین، کە لە کات و سەردەمە جیاوازەکان و ناوچە جیاوازەکانی ئەرخەبیلەوە   دەستپێدەکات و لە ژێر کۆمەڵێک کاریگەریی جیاوازدا٥. گەلانی موسڵمانی جۆراوجۆر کە بازرگانییان هەبووە لەگەڵ ئیندۆنیسیادا و ئەمانیش - عەرەب و فارس و هندی دەگرێتەوە لە هەموو شوێنەکانی کەنار دەریاوە تا دەگاتە   شام و چینییەکان - کەوا کاریگەریی خۆیانیان بەجێهێشتووە و لە هەندێ حاڵەتدا بەردەوامیی زیاتر بووە لە حاڵەتەکانی تر. بەڵام تەنها هەر ئەو سەردانیکەرە بیانییانە نەبوون کە ڕۆڵیان بینیبێت و هاوکار بووبێتن لە ئیسلامکردنی ئەرخەبیلدا.

  بە هەڵهێنانی هەنگاوە یەکەمەکان بەرەو ئیسلام، ئیندۆنیسییەکان خۆیان ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە پرۆسەی بەردەوامی ئیسلامبووندا و سەفەری مەککە و شارە پیرۆزەکانی تریان کرد لە گەڕانیاندا بەدوای زانیاریی ئەفسووناوی و تێگەیشتنی ئیسلام. سەرباری مەودا دوورەکان و ناڕەحەتیی گەشت، زۆرێک لە ئیندۆنیسییەکان فەرزی حەجیان بەجێدەهێنا و فرەجاریش چەندین ساڵ لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا دەمانەوە بۆ خوێندن. (سەردانی ناوەندە ئەفسووناوییەکان لە گەڕانیاندا بە دوای هێزە ڕۆحییەکاندا، کاسێکتێن kasektèn، لایەنێکی سەرەکیی ژیانی ئاینیی بوو لە پێش ئیسلامدا و هەر زووش مەککە بە گەورەترین هێزی هەموو ناوەندە گەردوونییەکان دانرا).

   ئیبراهیم ئەلکورانی (ئەلگۆرانی - و) تەنها زانای کورد نەبوو لە حیجاز کەوا قوتابیی ئیندۆنیسییان هەبێ. ئەو ئاسیاییانەی باشووری ڕۆژهەڵات لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا دەیانخوێند بەزۆری بەدوای عولەما کوردەکاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی ببنە مامۆستایان. ڕەنگە ئەمە تاڕادەک وابووبێت چونکە ئیندۆنیسییەکان، لانی کەم لە سەدەی حەڤدەدا، وەک زۆربەی کوردەکان شافیعی بوون. بەڵام ئەمە تەنها هۆکاری کێشکردنیان نەبوو بەرەو مامۆستا کوردەکان. مەسەلەکە وای دەگەیاند کەوا پەیوەندیی خزمایەتیی ڕۆحی هەیە لە نێوان ئیندۆنیسی و کوردەکاندا. هەڵبەت سۆفیگەری و دینداری و تەقوا بووە کە وایکردووە لە ئیسلامی ئیندۆنیسی و کوردەکان ئاوا نزیکی یەکتربن.

 

 کوردەکان وەک نێوەندگیری کولتوری

   ڕووداوە جیۆپۆڵەتیکەکان کوردیان کردووە بە نێوەندگیر لە نێوان سێ نەریتی کولتووریی گەورەی ئیسلامدا. کوردستان دەکەوێتە نێوان ناوەندە کولتوورییەکانی فارسی و عەرەبی و تورکیی عوسمانییەوە و تا ئاستێک جیایان دەکاتەوە.  بۆ ماوەی چەندین سەدە، نووسەرە کوردەکان زانیارییان بووە لە سێ زمان بێجگە لە زمانە کوردییەکەی خۆیان (یان گۆرانی یان زازا). ئەوان بە هۆی ئەم توانایەی زمانەوە گەلێ جار وەک نێوەندگیر لە نێوان ئەم کولتوورە جیاوازانەدا کاریان کردووە. زۆرێک لەوان لە بەشێکی جیهانی ئیسلامی خوێندوویانە و دواتریش لە بەشێکی تر.

   تا سەدەی نۆزدە، زمانی دایکی ئیسلامی هندستان فارسی بوو. لەبەر ئەوە جێی سەرسوڕمان نییە کەوا عولەما کوردەکان لە شارە پیرۆزەکاندا تەدریسی ڤێرژنە هندییەکانی ئیسلام بکەن، تا ڕادەیەک بە زمانی عەرەبی. ئەوان بە ئاسانی دەگەیشتنە ترادیسیۆنە ئەدەبییەکانی زمانی فارسیی هندستان و لە ڕاستیدا زۆریک لە عولەما کوردەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بوو بە نیمچە کیشوەری هندستانەوە. ئەگەر هەیە کەوا ئەو حاڵەتەی زیاتر سەرنجڕاکێشە ئەوەی مەولانا خالید بێت، کە لە خوارەوە باسی دەکەین.

   شارەزوور، کە ناوچەیەکە لە کوردستانی باشوور، شیاوی باسکردنێکی تایبەتییە لەم ڕووەوە، بەو هۆیەوە کە ژمارەیەکی زۆری عولەمای بەرهەمهێناوە کەوا کاریگەرییان هەبووە بەسەر ئیندۆنیسیاوە. شارەزوو ئەو دەڤەرەیە لە عێراق کەوا کەرکووک و سلێمانیی ئێستا لەخۆدەگرێت. زۆربەی ئەو عولەمایانەی لێرەدا جێی باسن دەچنەوە سەر لقە گرووپێکی ئیتنیکی کە لە ناوچەکەدا دەژین و ئەویش گۆرانە٦. گۆران بە جۆرە زمانێکی ئێرانی قسە دەکەن جیاوازە لە زمانی کوردیی ڕەسەن و ڕەنگە بنەچەیەکی ئیتنیکیی جیاوازیان هەبێت، بەڵام زۆر لەمێژە خۆیان بە کورد دەزانن و هەر واش دادەنرێن. ئەوان کولتووریان تێکەڵ بە سۆفیگەری و خەمڵ و بۆچوونی میتافیزیکی بووە. تایفەی ناباوی (هێترۆدۆکس) ئەهلی هەق یەکەمجار لە ناو گۆراندا دەرکەوتووە و زۆریک لە بزووتنەوە سۆفیگەری و هەزارەییە نامۆکان پشتگیرییەکی بەهێزیان بووە لە ناو ئەواندا(یارسان و کاکەییشیان پێدەوترێ - وەرگێڕ). قبووڵ کردنی ئەوان بۆ ئایدیا ئاینییە نوێیەکان تا ڕادەیەک بیرهاوەری تەوفیقییەتی یان ساینکرێتیسمی syncretism نیمچە کیشوەری هندستان و ئیندۆنیسیایە. لەگەڵ ئەوەشدا، نەریتێکی بەهێزی خوێندن و فێربوونی ئوسووڵی (ئۆرسۆدۆکسی) هەیە  لە ناو گۆراندا. گەلێ لە عولەماکانی گۆران ناوبانگێکی جیهانییان پەیداکردووە وەک دانەر و نووسەری کاری گرنگ بە زمانی عەرەبی و لە لیستەکەی برۆکڵماندا سەبارەت بە مێژووی ئەدەبی عەرەبی Geschichte der arabischen Litterature دەیانبینین. ئەوان تەنانەت کاریگەرییەکی گەورەشیان بووە وەک ڕابەر و مامۆستا و گەورەترین و گرنگترین کەس لە ناویاندا، کە ئیبراهیم ئەلکورانی و مەولانا خالید بوون، کاریگەریی قووڵیان بەجێهێشتووە بەسەر چەندین پشت و نەوەی تەواوەوە. (مەولانا خالید جافی مکایەڵی بووە نەک گۆران -  و)

   یەک لە عولەما بەراییەکانی گۆران بە جۆرە پیشە جیهانییەوە مەلا گۆرانیی بەناوبانگ بووە، کەوا دوا هەشت ساڵی تەمەنی (١٤٨٠ - ١٤٨٨) بووە بە موفتیی ئەستەمبووڵ. ئەم پیاوە لە شارەزوور لەدایکبووە و خوێندنی بەرایی لەسەر دەستی مامۆستا خۆجێیەکانی ئەوێ بووە. پاشان بەردەوام بووە لەسەر خوێندن لە بەغدا و دیاربەکر و حسن کێفا و دیمەشق و قودس (ئۆرشەلیم) و دواجاریش "لە دۆخێکی زۆر هەژاری و نەداریدا" گەیشتووەتە قاهیرە و لەگەڵ ئەوانیتردا، لەسەر دەستی فەقیهی گەورە ئیبن حەجەر ئەلهەیسەمی خوێندوویەتی.  پاشان وردە وردە لە قاهیرەوە ناوبانگی بە دنیادا بڵاوبووەتەوە. لە پاش ڕوودانی کێشە و ناکۆکییەک لە میسر دوورخراوەتەوە بۆ سووریا و چووە بۆ لای عوسمانییەکان و بە شێوەیەکی دیپلۆماتی مەزهەبی خۆی گۆڕیوە لە شافیعییەوە بۆ حەنەفی. بەم جۆرە ناوبانگی زۆر بەرز بووەتەوە و زۆری نەخایاندووە بووە بە دەرس دادەر و مامۆستای ئەو سوڵتانەی کە دواتر بە موحەممەد ئەلفاتیح   شۆرەت و ناوبانگی ڕۆیشتووە. بێگومان ئەمەش یارمەتیی داوە کە دواجار بگاتە بەرزترین پلە و پایەی ئاینی لە ئیمپراتۆرییەتدا٨.  چەندین کەسی تری گۆران وەک مامۆستا مۆرکی خۆیان بەجێهێشتووە لە قاهیرە یان مەدینەدا. من لەم وتارەدا تەنها باس لەوانە دەکەم کەوا کاریگەرییەکی بەرچاویان بە سەر ئیسلامەوە بووە لە ئیندۆنیسیادا.

 

ڕاگری زانایانی مەدینە، مامۆستای نائاسایی: ئیبراهیم بن حەسەن ئەلکورانی (١٦١٥ - ١٦٩٠)

   لە نووسەرە موسڵمانە ئیندۆنیسییە بەراییەکان کە زانیاریی زۆرمان لەبارەوە هەیە عەبدولڕەئوف سینگکێلی خەڵکی ئاشێییە (ئەلسینکیلی دیسان بە فەنسورییش دەناسرێت)، کە لە دەوروبەری ساڵانی ١٦٢٠ - ١٦٩٥دا ژیاوە. ئەم پیاوە وەرگێڕانێکی مەلایۆی بۆ "تەفسیرول جەلالەین - تفسیر الجلالین" ئەنجامداوە کە هێشتا لە هەندێ ناوچەی ئەرخەبیل دەخوێنرێت. هەروەها بەرهەمێکی لاوەکیشی لەبارەی فیقهەوە داناوە کە ئێستا لەبیرچووەتەوە، بەڵام ئەو بە زۆری بەو ڕابەر و مامۆستایە دەناسرێت کەوا تەریقەتی شەتتاریی هێناوەتە ئیندۆنیسیاوە. عەبدولڕەئووف زیاد لە نۆزدە ساڵ لە مەککە و مەدینەدا ماوەتەوە و کارەکەشی "عومدەتول موحتاجین - عمدة المحتاجین" ئاماژە بە دۆخی ژیان و گوزەران دەکات لە هەردوو شاری پیرۆزدا و ناوی ئەو مامۆستایانەی گوێی لێگرتوون و ناوی ئەو تەریقەتە سۆفییانەی کە پێیان ئاشنا بووە٩. یەکەمجار لە مەدینە شەتتارییەی خوێندووە لەسەر دەستی ئەحمەد ئەلقوشاشیی فەلەستینیی سەرۆکی ناوزەدکراوی تەریقەتەکە و لە ژێر سایەی ئیبراهیم ئەلکورانیی جێگرەوشیدا بەردەوام بووە. عەبدولڕەئووف بەتایبەتی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ کورانیدا هەبوو کە چاولەبەری ئیجازە پێدانی بوو بۆ ڕێنمایی و ڕابەری کردنی تەریقەتەکە١٠.

   عەبدولڕەئوف تاقە قوتابیی ئیندۆنیسیی کورانی نەبوو، بەڵکوو یەکێکی تری ئیندۆنیسیش هەبوو کە بەناوبانگترین هاوچەرخی عەبدولڕەئووف بوو و ئەویش یوسفی خەڵکی ماکاسار بوو. یوسف کاتێکی زۆرتری لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بەسەربرد و ئەو بە پلەی یەکەم لە ئیدۆنیسیادا بە سیفەتی بانگەشەکاری خەڵوەتییە دەناسرێت و هەروەها وەک موجاهیدێک دژ بە کۆمپانیای هندی ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندی. ئەو لە کتێبەکەیدا "سەفینەتول نەجاح - سفینة النجاح" ناوی ئەو تەریقەتانە دەهێنێت کە تەمەسوکی پێوە کردوون و لە نێویاندا تەریقەتی شەتتارییە، کە لە لایەن ئیبراهیم ئەلکورانییەوە ئیجازەی بۆ وەرگرتووە١١. هەرچەندە یوسف لێرەدا باسی نەکردووە، بەڵام ڕێنماییەکانی کورانی لە فێرکردنی زیکر و تەکنیکەکانی تری سۆفیگەری ئەولاتر ڕۆیشتووە و ڕەهەندە هزرییەکانی تری تەسەوفیشی گرتووەتەوە. ئەوەش دەزانین کەوا یوسف بە سەرپەرشتیی ئیبراهیم دەقێکی قورسی عەبدولڕەحمان جامیی خوێندووە بە ناوی "ئەلدوڕە ئەلفاخیرە - الدرة الفاخرة"، کەوا بەراوردی ڕا و بۆچوونی فەیلەسووفەکان و زانایانی ئاین و سۆفیگەریی دەکات سەبارەت بە پرسەکانی بوونی خودا و یەکێتیی زاتی ئەو و زانستی و .. تاد. دوو کۆپیی ئەم کارە لەسەر دەستی یوسف ڕۆشناییان بینیوە و دووەمەکەیان لەسەر فەرمانی ئیبراهیم کۆپی کراوە (لە بەری نووسراوەتەوە) و لێدوان لەسەر و پەرواوێزی خودی ڕابەر خۆیشی لەسەرە١٢.  دەبێ یوسف ئەم کارەی لە ماوەیەکی گونجاودا خوێندبێت.

   بەڵگە و ئاماژەی ئەوە هەن کەوا ئیبراهیم ئەلکورانی قوتابیی ئیندۆنیسیی زیاتری بووبێت لەگەڵ ئەم دوانەدا، ئەگەرچی ئێمە هیچکامێکیان بە ناو نازانین. جۆنز وایدەبینێت کە دەبێ ژمارەیان زۆر بێت و ئیبراهیم و ئیبراهیم کۆششێکی زۆری کردووە بۆ  فێرکردن و ئاڕاستەکردنیان، بەڵام بەڵگە لەسەر ئەم ئیددیعایە ناڕاستەوخۆیە. بە لای کەمەوە دوان لە نووسینەکانی ئەلکورانی بەتایبەت بۆ لایەنگر و شوێنکەوتووە ئیندۆنیسییەکان نووسراوە (برۆکلمان ناوی چل ناونیشان دێنێت و جۆنز باس لە سەد ناونیشانێک دەکات)، کە یەکێک لەمانە لە ساڵی ١٦٧٥دا نووسراوە وەک وەڵامدانەوەی پرسیاری زۆرێک لە   ئیندۆنیسییەکان و باس لە ناکۆکی و ململانێیەک دەکات کە چوار دەیە لەوەوپێش لە ئاشێدا سەریهەڵداوە. نورەدین ڕانیری، کە ئەو دەمە گەورەترین عالمی کاریگەر بووە لە ئاشێدا، سەرکۆنەی "وحدة الوجود"ی سۆفیگەریی کردووە، کە شوێنکەوتووانی شەمسەدینی سۆفی پابەندی بوون و بە کوفر و هەرتەقەی لەقەڵەمداوە و ئەمەش سەریکێشاوەتەوە بۆ بەستنەوەی سۆفییەک بە کۆڵەکەیەکەوە و سووتاندنی. ئەلکورانی لە کتێبی "فەتواکەیدا" ئارگومێنت و پاساوەکانی ڕانیری دەداتە دواوە و سەرلەنوێ لێکدانەوەیەکی ئوسووڵی (ئەرسۆدۆکسی) بۆ "وحدة الوجود دێنێتەوە"١٣. تێبینییەکی کورت لەسەر ئیبراهیم ئەلکورانی لە قامووسی ژیاننامەکەی ئەلمورادیدا باس لە فەتوایەکی تر یان ڕەنگە کۆکراوەیەکی فەتوا بکات کە لە لایەن خەڵکانێکی جاواوە و بۆ نموونە لە ئەرخەبیلی مەلایۆوە داواکراوە. هیچ کۆپییەکیش لەم کارە ڕۆشنایی نەبینیوە١٤.

   ئەو دەقەی تر کەوا ئەلکورانی نووسیوێتی بە ڕوونی لەبری موسڵمانانی ئیندۆنیسییە و بە ناوی "ئیتحاف ئەلزەکی - إتحاف الذکی"ەوەیە و سەرنج و لێدوانێکی گرنگە لە سەر کتێبەکەی موحەممەد بن فەزلوڵڵا بورهانپووری بە ناوی "التحفة المرسلة إلی روح النبی"، کە نمایشێکی سادەی تیۆریی فەیز یان سەرڕێژکردنی emanation ئیبن عەرەبییە و لە ساڵی ١٥٩٠دا نووسراوە و لە ماوەی چەند دەیەیەکدا بە شێوەیەکی بەربڵاو برەوی پەیداکردووە لە ئەرخەبیلدا، یەکەمجار بە زمانی عەرەبی و پاشانیش هەر زوو بە وەرگێڕان و هەموارکردنی مالیزی و جاوایی١٥. لە کاتێکدا کە ئیبن عەرەبی پێنج قۆناخی بۆ فەیز (إنبثاق) داناوە، دۆستە هندییەکەی حەوتی دەسنیشان کردبوو، کە بوو بە مەزهەب یان ڕێبازی "حەوت قۆناخەکە" (مرتبة التوجە السبعة) و لەو کاتەوە لە ئیندۆنیسیادا ناسراوە. مەبەست لە سەرنج و ڕوونکردنەوەی ئیبراهیم ڕاستکردنەوەیەکی ئوسووڵی بوو بۆ لێکدانەوە نائوسووڵییەکان (نائۆرسۆدۆکسییەکان) و لایەنگرانی وحدة الوجود و نکووڵی کردن لە شەریعەت کەوا دەقەکەی بورهانپووری بوو بە هۆی سەرهەڵدانیان لە ئەرخەبیلدا١٦. هەرچەندە "إتحاف الذکی" لەسەر داواکاریی مورید و قوتابییە ئیندۆنیسییەکانی نووسرابوو، بەڵام لە سەرانسەری وڵاتی ئیسلامیدا دەخوێنرایەوە و بۆ نموونە گواسترابوویشەوە بۆ دەقێکی سۆفیی سەرەکی لە ڕۆژاوای ئەفریقادا١٧. 

    ئیبراهیم ئەلکورانی لەو سەردەمەدا نوێنەری سەرەکیی ڕێباز و مەزهەبەکانی ئیبن عەرەبی بوو لە مەدینە و لەوانەیە لە تەواوی جیهانی ئیسلامیشدا. کاتێ ناکۆکیی جیددی لە هندستان هاتە کایەوە بە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەحمەد سرهندی بۆ هەندێ بیر و ئایدیای دیاریکراوی ئیبن عەرەبی، عولەما هندییە پێشەنگ و ناودارەکان داوای فەتوایەکیان لە ئیبراهیم کرد سەبارەت بەم مەسەلەیە، کە بە هەندێ دوور و درێژییەوە باسکراوە لە لایەن فرێدمان و ڕیزڤییەوە١٨. توێژینەوەکەی ڤۆڵ لەسەر نەوەیەکی دواتری عولەماکان تەنانەت پێگەیەکی سەنتراڵتر بۆ ئیبراهیم دەسنیشان دەکات لە ژیانی هزریی ئەو سەردەمەی و وەک پێشەنگێکی هزریی بزووتنەوە ڕیفۆرمخوازەکانی سەدەی هەژدە دەیخاتە ڕوو١٩.

    ئیبراهیم بریکار یان نێوەندگیرێکی کولتووریی کوردی بەرجەستە دەکات کە ڕۆڵی لە بەشی پێشوودا ڕوونکراوەتەوە. لە پاش زێدە ڕەسەنەکەی خۆی لە شارەزوور لە ئێران و ئەنەدۆڵی عوسمانی و سووریا و میسر خوێندوویەتی پێش ئەوەی لە مەدینە نیشتەجێ ببێت. ژیاننامە هزری و ڕۆشنبیرییەکەی "ألأمام لإیقاظ الهمام"٢٠، ژمارەیەکی جۆراوجۆر لەو مامۆستایانە باس دەکات کە لەسەر دەستیان خوێندوویەتی و کۆمەڵێکی بەرفراوان لەو بابەتانەی تێیاندا قووڵبووەتەوە. ئەو پابەندی گەلێ تەریقەت بووە و مۆڵەتی ڕابەریی ڕێنمایی و فێرکردنیانی داوە لە پاڵ شەتتارییەدا کە باسی لێوەکراوە. لە ڕاستیدا تەریقەتی سەرەکیی ئەو نەقشبەندی بووە و هەروەها ئیجازەی هەردوو تەریقەتی قادری و چیستیشی پێبووە. هەڵبەت ئەم دوانەی دواییان تەریقەتی نموونەیی هندی بوون و پەیوەستبوونی ئیبراهیم بە نەقشبەندییەوە (لە ڕێگەی قوشاشییەوە کە مامۆستا و ڕابەریشی بووە لە شەتتاریدا) کە ئەمیش دیسان لقێکی تەریقەتەکە بووە. کاتێ کە قوشاشی لەساڵی ١٦٦١ مردووە، ئیبراهیم وەک شێخی باڵای شەتتارییە جیگەی گرتووەتەوە، بە گرێدانی لەگەڵ نەقشبەندی و قادریدا و بە سەرۆکی بێڕکابەری عولەماکانی مەدینە.

   لە پاش کۆچی دوایی ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٩٠دا، موحەممەد ئەبوتاهیری کوڕی، کە ئەو کاتە تەمەنی بیست ساڵ بوو، وەک شێخی تەریقەت جێیگرتەوە و دەبینین ئەبوتاهیر وەک مودەڕیسی زۆرێک لە ئیندۆنیسییەکان ناوی دێت٢١. بەهەرحاڵ، پێگەی پێشەنگ و سەرەکی لەناو عولەماکانی مەدینەدا کەوتە دەست قوتابییەکەی ئیبراهیم، موحەممەد بن عەبدولڕەسول بەرزنجی، کە موفتیی شافیعیی مەدینە بوو. قوتابییەکەش، وەک ئیبراهیم خۆی، خەڵکی شارەزوور بوو و سەر بەو بنەماڵەیە بوو کە دواتر ناوبانگێکی گەورەی پەیداکرد.

 

بنەماڵەی بەرزنجی لە شارەزوور و مەدینە

   لە هەردوو سەدەی نۆزدە و بیستدا، بنەماڵەی بەرزنجی دەرکەوتووترین و ناودارترین بنەماڵە بوو لە کوردستانی باشووردا، بنەماڵەیەکی عولەما و شێخانی قادری بوو کەوا دەسەڵات و کاریگەرییەکی سیاسیی گەورەی هەبوو٢٢. شێخ مەحموودی بەرزنجی دژ بە بەریتانییەکان ڕاپەڕی و خۆی بە مەلیکی کوردستان ناساند. هەروەها لە ساڵانی دواتردا بنەماڵەکە بەردەوام بوو لە یاریکردنی ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی سیاسیی عێراقدا. بەم دواییەش، وەک لە جەنگی ئێران عێراقدا دەیبینین، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە، بە ناوی شێخ محەممەد نەجیب بەرزنجی فەرماندەیی گرووپێکی گەریلایی دروستکراوی ئێران دەکات دژ بە حکوومەتی عێراق. هەر لە ماوەی هەمان ئەو ساڵانەشدا ئەندامێکی تری ئەو بنەماڵەیە، بە ناوی جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی، پێگەیەکی بەرز لە حکوومەتی عێراقدا وەردەگرێت وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاپەڕاندنی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردی. ئەم ڕاستییانە درک پێکردنی هەردوو حکوومەتی ئێران و عێراق دەردەخەن کەوا پێویستیان دەبیت بە کاریزمای ئەم بنەماڵەیە ئەگەر بیانەوێت کاریگەری دەستەبەر بکەن لە ناو کوردەکاندا. تەنانە کۆمۆنیستەکانی عێراقیش، لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا یەکێک لە شێخەکانی بەرزنجییان هێنابووە ناو ڕیزەکانی خۆیانەوە، کە ئەویش لەتیفی کوڕی شێخ مەحموود بوو.

    بنەماڵەی بەرزنجی دەڵێن گوایە لە ڕێگەی ئیمام مووسای کازمەوە دەچنەوە سەر پێغەمبەر و ناوەکەشی دەگێڕنەوە بۆ گوندی بەرزنجە لە شارەزوور (لە نزیک شاری ئێستا سلێمانی)، کە باوەڕ وایە سەید عیسای باوکی دامەزرێنەری بنەماڵەکە لە ناوەڕاستی سەدەی سیانزەوە تێیدا نیشتەجێ بووبێت. هەردوک ئەدمۆنز و تەوەکولی نەخشەیەکی هێڵکارییان کردووە بۆ مێژووی بنەماڵەکە، پشت بە نەریتی زارەکی و نووسراوی بنەماڵەکە. ئەوەی جێی بایەخیشە کەوا دامەزرێنەری بەناوبانگی ئاینی ئەهلی هەق دیسان کوڕێکی هەمان ئەم سەید عیسایە٢٣.

   ئەدمۆنز ئەوە دەخاتەڕوو کەوا هەموو ئەو بەرزنجییانەی لە ئێستادا لە   عێراق و تورکیا و سووریا و نیمچە دوورگەی عەرەبی و هندستان دەژین نەوەی بابە ڕەسووڵێکن، کەوا بە پێی سەجەرەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ حەوتەم پشتی دوای سەید عیسا و دەبێ لە سەرەتای سەدەی حەڤدەدا ژیابێت. بابە ڕەسووڵ هەژدە کوڕی هەبووە و یەکێکیان کە ناوی محەممەد "مەدەنی" بووە و لە مەدینە گیرساوەتەوە و بووە بە باپیرە گەورەی گشت بەرزنجییەکانی دوورگەی عەرەبی و هندستان. ئەم محەممەد مەدەنییە بێگومان هەمان ئەو محەممەد بن عەبدولڕەسوول بەرزنجییەیە کە بەرەوڕووی بووینەتەوە وەک هاوبەشی ئیبراهیم ئەلکورانی.

   ژیاننامەی پیشەیی و زانستیی محەممەد بن عەبدولڕەسوول تا ڕادەیەک لەوەی ئیبراهیم دەچێت، کە خوێندنی بەرایی لەسەر دەستی باوکی و عولەماکانی تری شارەزووردا بووە و پاشان بەردەوام بووە لە خوێندن لەسەر دەستی مامۆستایانێکدا لە هەمەدان (ئێران)، بەغدا، ماردین، دیمەشق، قوستەنتینییە، قاهیرە و مەککە و دواجاریش لەسەر دەستی ئەحمەد ئەلقوشاشی و ئیبراهیم ئەلکورانی لە مەدینەدا.  ئەم پیاوە پسپۆڕ و شارەزاش بووە لە زانستە میتافیزیکەکانی (بانسروشتەکانی) ئیبن عەرەبیدا و کتێبێکیشی لەسەر ئیبن عەرەبی لە فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی کە لە لایەن یەکێک لە خزمەکانیەوە  نووسرواە و نای سەید محەممەد موزەفەر بەرزنجی بووە٢٤. کاتێ عولەماکانی هندستان داوای "فەتوایەکیان" لە ئیبراهیم ئەلکورانی کردووە سەبارەت بە بیر و ئایدیا دژوار و ناکۆکەکانی ئەحمەد سرهندیی "موجەددیدی هەزارەی دووەم"، کە سەرەکیترین نەیاری میتافیزیکی ئیبن عەرەبی بووە، ئەوە ئەم محەممەد بەرزنجییە بووە کە لەسەر داوای ئیبراهیم دوو نامەی نووسیوە و بەتوندی ڕەخنەی لە سرهندی گرتووە و پاشان دوو نامەکە لە لایەن عولەما بەناوبانگەکانی تری حیجازەوە پەسەند و پشتگیری کراوە٢٥.

   ئەو کەسە بەرزنجییەی کە ناوی بنەماڵەکەی کردووەتە زاراوەیەکی ئاشنا و باو لە ئیندۆنیسیادا کوڕەزازایەکی محەممەد بووە بە ناوی جەعفەر بن حەسەن بن عەبدولکەریم بن محەممەد (١٦٩٠ - ١٧٤٩)، کەوا لە مەدینە لەدایکبووە و هەموو ژیانیشی هەر لەوێ بەسەربردووە٢٦. ئەم پیاوە ژمارەیەک کار و بەرهەمی پەرستشی نووسیوە و بوون بە شتێکی زۆر باو لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا لەو سەردەمەدا و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان وەک خۆیان ماونەتەوە لە ئیندۆنیسیادا. ئەو کارەی کە ئەمڕۆ بە "بەرزنجی" ناسراوە ئەو "مەولیدەیەتی" کە لە کتێبەکەی "عیقدولجەوهەر - عقد الجوهر"یدا هاتووە. ئەمە تا ئاستێکی زۆر میللیترینی هەموو دەقەکانی "مەولیدە" و ئەگەری ئەوەشی هەیە کە لە دوای قورئانەوە زۆرترین دەقی ئیسلامییە کە بەردەوام بخوێندرێت (یان تیلاوە - تلاوة بکرێت). بەرزنجی لە بۆنەی زۆر و مەبەستی جۆراوجۆردا دەخوێندرێت، وەک ئاهەنگی ساڵانەی جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر، لە ئاهەنگی "عەقیقە" لە یەکەم قژبڕینی منداڵدا دەخوێندرێت، بۆ مەبەستی تەکفیر یان دەرکردنی ڕۆحە بەد و خراپەکان دەخوێندرێت (بۆ ئەوەی شوێنی بەجێهێنانی وایانگ بگرێتەوە، کە ئەم ئەرک و فەرمانە لە ژینگە کەمتر ئیسلامییەکاندا دەکرێت) و لە گەلێ ناوچەش خوێندنەوەی هەفتانەی "بەرزنجی" هەیە لە کاتی کۆبوونەوەی کۆمەڵگە لۆکاڵییەکە پێکەوە. ئەم کتێب یان نامیلکەی "مەولیدە" بەردەوام چاپ دەکرێتەوە و چاپی جۆراوجۆری لێدەخرێتە بازاڕەوە و زۆرێک لە عولەما ئیندۆنیسییەکان سەرنج و تێبینیی لەسەر دەقەکە بڵاو کردووەتەوە یان وەریانگێراوەتە سەر زمانە لۆکاڵییەکان٢٧.

   لە نێو کارەکانی تری جەعفەر بەرزنجیدا، ئەو کارەی کە جەماوەرێتییەکی زۆری بەدەستهێناوە لە ئیندۆنیسیادا کتێبەکەیەتی لەسەر ژیاننامەی شێخ عەبدولقادر بە ناوی "لوجەین ئەلدانی فی مەناقیب عەبدولقادر ئەلجیلانی - لجین الدانی فی مناقب عبدالقادر الجیلانی"، ئەمەش کارێکە گەیشتووەتە دوورترین قوژبنی ئەرخەبیل٢٨. هەڵبەت "مەناقیب - مناقب" بۆ مەبەستی پارێزگاری یان مەبەستی  تەکفیری یان دەرکردنی ڕۆحە بەد و شەڕخوازەکان و بە سانایی بڵێین وەک کارێکی پەرستش بووە بە پراکتیزەکردنێکی بەربڵاو لە ئیندۆنیسیادا. تا ئێستاش یادی ڕۆژی کۆچی دوای پیاوچاکی پیرۆز لە ١١ی مانگی ڕەبیعولئاخیر لە گەلێ شوێنی ئەو وڵاتە دەکرێتەوە بە خوێندنی مەناقیب، لە چەندین شوێنی جاواش ئەمە لە ١١ی ئەو مانگەدا دەکرێت. کتێبی چاپکراوی ئەم ژیاننامەیەش لە سەر ئاستێکی بەربڵاو بەردەستە لە ئیندۆنیسیادا بە زمانە بنەڕەتە عەرەبییەکەی و لە هەمان کاتیشدا بە   وەرگێڕان و هەموارکردنی زمانی جاوایی و سوندانی و ئیندۆنیسی. نیو سەدە لەمەوپێش، درویس و پۆرباتجاراکا لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر مەناقیبی جاوایی بڵاوکردەوە، کەوا دەردەکەوێت پشتیان بە "خلاصة المفاخر"ی یافیعی بەستووە٢٩. بەهەرحاڵ، تا ڕادەیەک هەموو "مەناقیب"ەکانی شێخ عەبدولقادر کە من لەکاردا بینیومن وا دیارە پشتیان بەستووە بە کتێبەکەی "لجین الدانی"ی بەرزنجی٣٠.

   لە ئێستادا، مەناقیب بە شێوەیەکی تایبەتی، ئەگەرچی حەسریش نەبێت، لە ناو شوێنکەوتووانی تەریقەتی قادریدا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک   دەخوێندرێت و تیلاوەت دەکرێت (یان بەدیاریکراوی، تەریقەتی 'قادرییە و نەقشبەندییە' کە تێکەڵکردنێکی تەریقەتەکانە). میللیترین و باوەڕپێکراوترین ڤێرژن یان دەقی مەناقیب ئەو هەموارکردنەیە کەوا کیای حاجی موسڵیح بن عەبدولڕەحمانی مرانگگێن لە جاوای ناوەڕاست کردوویەتی، کە تا کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٩٨١دا ڕێزدارترین مامۆستا و ڕابەری تەریقەتەکە بووە. هەردوو بەرگی کتێبەکەی "النور البرهانی فی ترجمة اللجین الدانی"، لە پاڵ دەقی تەواوی مەناقیبدا ڕێنمایی و ڕاسپاردەی تێدایە لەسەر تەریقەت، کە ئاماژە بە پەیوەندیی توندوتۆڵ دەکات لە نێوان ئەم دەقە و تەریقەتدا. بەڵام لە   سەردەم و ڕۆژگارەکانی پێشتردا، پێدەچێت مەناقیب لە کۆڕ و کۆمەڵی زۆر گەورەتر و فراوانتر بوون لە تەنها کۆڕی تەنها تەریقەتی قادری. پێش ئەوەی تەریقەتەکە ژمارەیەکی گەورەی و شوێنکەوتوو بەدەستبێنێت ڕاهێنان و پەرستشێک هەبوو کەوا لەسەر کاری موعجیزە ئامێزی شێخی پیرۆز عەبدولقادری گەیلانی چڕدەبووەوە٣١.

   تەریقەتی قادری لانی کەم لە دوادوایی سەدەی شانزە بەملاوە لە ئیندۆنیسیادا ناسراوە، بەڵام تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە شوێنکەوتووی بە ژمارەی گەورە بەدەست نەهێنا. شێخ ئەحمەد خەتیبی سەمباس (لە بۆرنیۆی ڕۆژاوا)، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا لە مەککە خوێندبووی، ژمارەیەکی هێجگار زۆر خەڵکی هێنایە ناو ئەم تەریقەتە لێکدراوەی 'قادرییە و نەقشبەدییەوە' و خەلیفەیەکی دامەزراند کەوا تەریقەتەکەی لە سەرانسەری ئەرخەبیلدا بڵاوکردەوە. هەڵبەت بەڵگەی تەواو لە بەردەستدا نییە لەبارەی دۆخی تەریقەتەکەوە لە هەردوو سەدەی ڕابوردوودا. ئێمە نازانین کە ئاخۆ خودی شێخ. جەعفەر بەرزنجی خۆی هیچ ڕۆڵێکی بینیوە لە بڵاوکردنەوە و بە میللی کردنی تەریقەتەکە یان مەناقیب لە ناو ئەو ئیندۆنیسییانەدا کە سەردانی مەدینەیان دەکرد. چونکە پەیوەندیی وردی نێوان ئەم بەرزنجییە زۆر بەناوبانگە و یەکەم خوێندنی ئیندۆنیسییەکاندا هێشتا هەر نادیارە.

   ئێمە تەنانەت ئەوەش بەتەواوی نازانین و لێی دڵنیا نین کە ئاخۆ خودی شێخ جەعفەر خۆی قادری بووە یان نە. بنەماڵەی بەرزنجی لە عێراق بەناوبانگترین شێخانی قادری بوون لە کوردستان، بەڵام پابەندبوونی ئەم بنەماڵەیە بەم تەریقەتەوە تا ڕادەیەک نوێیە. چونکە وا باس دەکرێت کە بابە ڕەسووڵی دوا باپیری هاوبەشی بنەماڵەکە پابەندی دوو تەریقەتی تر بووە، کە نەقشبەندییە و 'خەڵوەتییە - عەلەوییە' بوون و یەکێک لە کوڕەزاکانی بە ناوی ئیسماعیلی قازانقایە (کە دەبێ هاوچەرخی جەعفەر بووبێت)، وا دەگێڕنەوە گوایە یەکەم کەس بووبێت کەوا چووبێتە سەر تەریقەتی قادری٣٢. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوشێوەییەکی سەرسوڕهێنەر هەیە لە نێوان ڕێوڕەسم و ڕاهێنانەکانی قادرییە کە لەلایەن شێخانی بەرزنجیی کوردستانەوە ڕێنمایی و ڕابەریی دەکرێت لە لایەک و تایفەیەکی تۆکمەش کە بە دەبوس debus دەناسرێن لە هەندێ ناوچەی دیاریکراوی ئیندۆنیسیادا لە لایەکی ترەوە. لە پاش بەجێهێنانی کۆڕی زیکری بەکۆمەڵ، کوردی تەریقەتی قادری بە زەرگ و تیغ خۆیان دەبڕن و ئەم پراکتیزە و ڕاهێنانە لە هیچ شوێنێکی تر پەیوەست نین بە قادرییەوە بەڵکوو تەنها وابەستەی ڕاهێنانەکانی ڕەفاعین٣٣. دەبوس لە ئیندۆنیسیا (کە لە وشەی دەبوس 'دەرزیی' عەرەبییەوە هاتووە) بە ڕوونی لە هەمان ڕاهێنان و پراکتیزەکانی ڕەفاعییەوە سەرچاوە دەگرێت و زەرگەکانیش هەمان ئەو شێوەیەیان هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و سەرێکی گۆئاسای دارینیان هەیە و چەند زنجیرێکی کانزایی بچووکیان پێوەیە. لە بانتێن دەبوسەکان بوونی پەیوەندیی خۆیان بە شێخ عەبدولقادرەوە دەسەلمێنن و هەروەها لەگەڵ شێخ ئەحمەدی ڕەفاعیشدا، تەنانەت هەندێ  تاقم و کۆمەڵیشیان "بەرزنجی" دەخوێنن بۆ خۆپارێزی لە کاتی ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانیادا٣٤. مەسەلەیەکی سەرنجڕاکێشە باوەڕهێنان بەوەی ئەم لێکچوونانە دەبێ لە سۆنگەی پەیوەندیی نێوان ناوچەکانەوە بووبن و جەعفەر بەرزنجی یان قوتابییەکانی ئەم پەیوەندییەیان ڕەخساندووە، بەڵام بەڵگەی پاڵپشتیش لەبەردەستدا نییە.

    نەوە لەدوای یەکەکانی بنەماڵەی بەرزنجی لە مەدینە هەر بە کاریگەری لەوێ مانەوە وەک مامۆستایان و نووسەران یان دانەران و پۆستی موفتیی شافیعیی شارەکە بەزۆریی بەدەست ئەوانەوە بووە (وەک چۆن کاتی خۆی بەدەست موحەممەد بن عەبدولڕەسوول و جەعفەر بن حەسەنەوە بووە). لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەسەر نیمچە دوورگەی عەرەبی لە ژێر حوکمی عوسمانیدا (لە ماوەی ١٨٤٠ - ١٩٠٧دا) تێبینیی دەکات کەوا ئەندامانی بنەماڵەی بەرزنجی موفتێتی مەدینەیان گرتووەتە دەست بۆ زۆربەی ئەو ٦٧ ساڵەی توێژینەوەکە٣٥. بەپێی ئەم پلە و پایەیە، ئەگەری ئەوە هەیە کەوا زۆرێک لەم بەرزنجییانە قوتابیی ئیندۆنیسییان بووە، بەڵام بەڵگەنامەی بەردەست کەمن. لە کتێبێکدا کە باس لە ژمارەیەکی زۆری "ئیسناد" دەکات (واتە زنجیرەی گواستنەوەی دەقە ئیسلامییەکان) دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا بە لای کەمەوە دوو کەس لە عولەما بەناوبانگەکانی ئیندۆنیسیا هەر یەکەیان کتێبێکیان لەسەر دەستی ئەحمەد بن ئیسماعیل بەرزنجیدا خوێندووە (کە ساڵی ١٩١٤ مردووە)٣٦. دەیەیەک یان دوان دواتر، موسڵمانێکی ناوداری تری ئیندۆنیسی بە ناوی موحسین موسەووا، کە دامەزرێنەری "مدرسة دار العلوم الإسلامیة"ی ئیندۆنیسی بووە لە مەککە، لە مەدینە خوێندوویەتی لەسەر دەستی زەکی بن ئەحمەد ئەلبەرزنجی٣٧. کەمی و دەگمەنیی ڕێژەیی کەرەستەکانی ژیاننامە (بایۆگرافی) لەبارەی عولەما ئیندۆنیسییەکانەوە ڕێگەی ئەوەمان پێنادات هیچ ئەنجامگیرییەک بکەین لەبارەی کاریگەریی ئەم بنەماڵەیەوە بەسەر ئەو ئیندۆنیسییانەی ترەوە کە لە مەککە و مەدینە خوێندوویانە.

 

بۆچی زۆرێک لە ئیندۆنیسییەکان ناویان کوردییە؟

موحەممەد بن سولەیمان و تێبینی و لێدوانەکانی لەسەر ئیبن حەجەر لە پێشەکییەکەدا، ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە کەوا کوردی بووە بە ناوێکی شەخسی لە ئیندۆنیسیادا و بە شێوەیەکی حەسرییش لەو خێزانە موسڵمانانەدایە کە هۆشیار و بەئاگان. جارێکی تر دەکرێ ئەمە بگەڕێنرێتەوە بۆ کاریگەریی زانایەکی دیاریکراوی کورد، کەوا نووسین و کارەکانی کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە ئیندۆنیسیادا.

   بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلەیە، پێویستە شتێک بوترێت لەبارەی تایبەتمەندیی پێدانی ناوەوە لە ناوەندە ئیسلامییە ئیندۆنییسییەکاندا. بە شێوەیەکی هاکەزایی سێ جۆر ناو هەیە کە باوەڕ وایە گونجاو بێت لە منداڵێک بنرێت کە لە باوک و دایکێکی موسڵمانی دیندار بووبێت. یەکەم لێکدانی باوی عەبد لەگەڵ یەکێک لە ناوەکانی خوادا، دووەم جۆر بریتییە لە ناوەکانی پێغەمبەر و خزم و یاوەرانی، سێهەم جۆر ناوی ئیندۆنیسیی نموونەییە و بەزۆری ناوی ئەو کەسانەیە کە ئەقڵییەتی ئاینییان لە    ئەرخەبیلدا و بە تایبەتی ئەوانەی کە لە پێسانترێندا pesantren خوێندوویانە، واتە قوتابخانەی ناوخۆیی نەریتیی ئیسلامی و ئەوانە ناوی منداڵەکانیان بە ناوی نووسەران یان دانەرانی دەقە گرنگەکانەوە دەنێن کە دەبێ خوێندبێتیان. بەم ڕەنگە لە ئیندۆنیسیادا زۆرێک لەو خەڵکانە دەبینین کە ناوی وەک سەنوسی، ڕەملی، مالیباری، غەزالی و .. تادواییان هەیە. من دۆستێکم هەیە ناوی تەواوی محمد بن عطاءاللە شۆهیبول حیکەمە (واتە م. ب. عطااللە دانەری حیکەم). وا دیارە ئەم ناوانە ئەوە دەگەیەنن کە زیاتر خاوەن عیلم و تەقوان وەک لە ناوە ئیسلامییە ئاساییەکانی دوو شێوازەکەی تر.  ئەوجا ناوی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم کۆمەڵەیان و ئیشارەتە بۆ نووسەر یان دانەری کارێک یان بەرهەمێکی فیقه کەوا زۆر لەمێژە لە پێسانترێنێکی جاواییدا خوێندراوە. هەردوک دانەر و کار یان بەرهەمەکەی بە شێوەیەکی میللی بە سلێمان کوردی دەناسرێن٣٨.

سلێمان كوردی یان ڕاستتر بڵێین، موحەممەد بن سولەيمان ئەلكوردی، ساڵی ١٧١٥ لە دیمەشق لەدایکبووە و لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا لە تەک باوکیدا چووە بۆ مەدینە و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەربردووە و لە ساڵی ١٧٨٠دا کۆچی دوایی کردووە. لێرە بووە بە موفتیی شافیعیی شار و زۆر کار و بەرهەمی گرنگی فیقهیی نووسیوە. ئەو کتێبەی کە ناسراو و باوە لە ئیندۆنیسیادا و (هێشتا لەوێ هەر چاپ دەکرێتەوە) ئەم کتێبەیەتی "ئەلحەواشی ئەلمەدەنییە - الحواشی المدنیة"، کە تێبینی و لێدوانە لەسەر کتێبەکەی بافضل "المقدمة الحضرمیة" - یان شیکردنەوە و تێبینیی گشتگیرتر لەسەر سەرنج و تێبینیی پێشتر لەسەر کتێبی "منهاج القویم"ی ئیبن حەجەر. هەروەها کۆپییەکی گەوهەریتر هەیە لە   سەرنج و تێبینییەکەی کوردی، کەوا گەلێ ڕوونکردنەوەی ئیزافیی لەخۆگرتووە و ناونیشانەکەی "المواهب المدنیة"یە. ئەم کتێبە لەئێستادا بەکارهێنانی گشتیی نییە بەڵام ناوبانگێکی گەورەی هەیە لە ناو زانا و پسپۆڕاندا. پێدەچێت بەتایبەتی دڵبەندی ئەو عولەما ئیندۆنیسییانە بووبێت کە لە مەککە و مەدینەدا خوێندوویانە یان نیشتەجێ بوون، چونکە لەگەڵ بەشدارییەکی سەرەکیی ئیندۆنیسیدا لەسەر ئەم بابەتە پێکەوە چاپکراون، کە ئەویش سەرنج و لێدوانەکانی مەحفووز ئەلتەرماسییە لەسەر "منهاج القویم"٣٩.

   موحەممەد بن سولەیمان ئەلکوردی و کارەکانی لەسەر فیقه بوون بە کار و بەرهەمی ناسراو لە ئیندۆنیسیادا لەبەر ئەوەی ژمارەیەک قوتابیی ئیندۆنیسیی کاریگەری هەبوو. موحەممەد ئەرشەد ئەلبەنجاریی دانەری گرنگترین کاری فیقهیی مالیزی "سبیل المهتدین"، یەکێک بوو لە قوتابییەکانی. نووسەرانی بایۆگرافی یان ژیاننامەنووسانی ئەرشەد ئەلکوردییان وەک مامۆستایەک خستووەتە ڕوو کەوا گەورەترین کاریگەریی هەبووە لەسەری لە ماوەی خوێندنەکەیدا لە حیجاز. ژیاننامەنووسانی ناوخۆ دەگێڕنەوە کەوا کاتێ ئەرشەدا هێشتا قوتابی بووە داوای فەتوایەکی ئەلکوردیی کردووە لەبارەی پراکتیزە و ڕاهێنانێکی ناوخۆییەوە لە زێدی ڕەسەنی خۆی لە بۆرنیۆی باشووردا. لەوێ سوڵتانی ناوخۆیی، کە قوتابیی ئەرشەد بووە، هەوڵیداوە ڕیفۆرمێک لە ئامادەبوونی گشتیدا بکات بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوتی دەوڵەتدا لە ڕێگەی پێبژاردنێکەوە بۆ ئەوانەی بەشدار نابن. ئەرشەد لە مامۆستاکەی پرسیوە کە ئاخۆ ئەم ڕەفتارە ڕەوایە. وەڵامی ئەم پرسیارە دواتر کەوتووەتە "فەتوا"٤٠ کۆکراوەکانی ئەلکوردییەوە. نەریت و گێڕانەوەی زارەکی لە بۆرنیۆی باشووردا باس لەوە دەکات کە ئەوە بەتەنها ئەرشەد نەبووە بەڵکوو هاوچەرخە ئیندۆنیسییەکانیشی بوون کە لەسەر دەستی موحەممەد بن سولیمان ئەلکوردی خوێندوویانە. یەک لە گێڕانەوەکانی کە وا دیارە لە عەبدولسەمەد فالمبانیی بەناوبانگی نەوەی ئەرشەدەوە سەرچاوەی گرتووە لەگەڵ دوو عولەمای کەمتر ناسراودا، عەبدولواحید ئیدریس و عەبدولڕەحمان ئەلمیسری لە باتاڤیا لەگەڵ ئەرشەددا پێکەوە ئامادەی موحازەرەکانی ئەلکوردی بوون لە مەدینە و پێکەوە لە ساڵانی ١٧٧٠کاندا گەڕاونەتەوە بۆ ئیندۆنیسیا کاتێ کە ڕابەریان ناردوونی بۆ ئەوێ بۆ ڕێنمایی کردنی هاونیشتمانییەکانیان٤١. بەهەرحاڵ، ئەلکوردی بەردەوام بوو لە پیادەکردنی کاریگەرییەکانی خۆیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ناوەندێکی تایبەتەوە لە مەککە و مەدینەدا کەوا کار و بەرهەمەکانی دەگواستەوە. ئەم ناوەندەش ئەو عولەما ئیندۆنیسییە سەرەکییانەی لەخۆدەگرت کە لە مەککە نیشتەجێ بوون ، چەشنی نەوەویی گەورە لە بانتێن٤٢.

 

دوو ڕابەری گەورەی کوردی نەقشبەندی: مەولانا خالید و موحەممەد ئەمین ئەلکوردی

    تەریقەتی نەقشبەندی لە ئیندۆنیسیادا لانی کەم لە سەدەی حەڤدەوە ناسراوە، بەلام لەڕاستیدا جەماوەرێتییەکی گەورەی بەدەستنەهێنا تا دوادوایی سەدەی نۆزدە. ئەو لقەی تەریقەتەکە کە بەخێرایی لە سەرانسەری ئەرخەبیلدا تەشەنەی کرد خالیدییە بوو کە بە ناوی مامۆستا و ڕیفۆرمخوازی کاریزمی مەولانا خالید زیائەدین ئەلبەغدادی (یان ئەلکوردی) هەڵگرتبوو، کە بە تەنها ئەندازەی بووژاندنەوەی تەریقەتەکەی لەئەستۆگرت لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا.

  خالید نێوەندگیرێکی کولتووریی کوردی بوو لە چوارچێوەیەکی نەریتیدا. ئەمیش، وەک زۆرێک لە عولەما کوردە گەورەکان، لە شارەزوور  لە ساڵی ١٧٧٦ یان ١٧٧٩ لەدایکبووە. لە بەشە جێگیرەکەی هۆزی جافدا (نەک ئەو بەشەی کە تا ئەو کاتە و دواتریش کۆچەر بوو - وەرگێڕ). خالید لەسەر دەستی عولەما گەورەکانی کوردستان خوێندی و پاشان گەشتی دیمەشق و مەککە و مەدینەی کرد بۆ چاوپێکەوتن و خوێندن لەسەر دەستی عولەما مەزنەکانی زەمانی خۆی. پاشان بەدوای خەوبینینێکدا چوو بۆ هندستان بۆ خوێندن لەسەر دەستی ڕابەرێکی نەقشبەندیی پێشەنگ، کە عەبدوڵڵای دەهلەوی بوو (هەروەها بە شاه غوڵام عەلیی ئەلئەحمەدیش دەناسرێت)، کە بوو بە بەرچاوترین قوتابیی ئەو مامۆستایە. لە پاش مانەوەی ساڵێک لە دەلهی، گەڕایەوە بۆ ڕۆژاوا بە ئیجازەیەک و ڕێنمایی ڕوون و ئاشکرای ڕابەر و مامۆستاکەیەوە بۆ بڵاوکردنەوەی تەریقەتی نەقشبەندی لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. لە ساڵانی نێوان گەڕانەوەی بۆ عێراق لە ١٨١١دا و کۆچی دوایی لە ١٨٢٧دا، بەدوای یەکدا لە سلێمانی و بەغدا و دیمەشقدا ژیاوە و بە لای کەمەوە ٦٧ خەلیفەی داناوە، لە کورد و تورک و عەرەب لە ناوچە جیاجیاکانی ئیمپراتۆرییەتدا. لە پاش خۆی نووسینی بە زمانی فارسی و عەرەبی و زمانی دایکیی خۆی کوردی و گۆرانی بەجێهێشتووە، کە لە ڕۆژگاری ئەمدا هێشتا هەر زمانی ئەدەبی بوو لە باشووری کوردستاندا٤٣.

    یەکێک لەو خەلیفانەی عەبدوڵڵا ئەلئەرزنجانی بوو، کە ڕەوانەی مەککە   کرا و لەوێ   خۆی و جێگرەوەکانی ژمارەیەکی گەورەی قوتابی و موریدیان ڕاکێشا لە ناو ئیندۆنیسییەکاندا، کە زۆرێکیان ماوەی دوور و درێژ لەوێ دەمانەوە پاش بەجێهێنانی فەریزەی حەج. یەکەم کەسی ئیندۆنیسیی ناسراو کە پابەند بووبێت بەم لقەی نەقشبەندیییەوە ئیسماعیل مینانگکاباوی بوو (لە گرووپی ئیتنیکیی مینانگکاباو لە سۆمەترەی ڕۆژاوا)، کە قوتابی و جێگری ئەرزنجانی بوو، لەگەڵ سولەیمان ئەلقرمیی جێگرەوەی. لە ساڵانی ١٨٥٠کاندا ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ ئەرخەبیل بۆ ماوەی چەند ساڵێکی کەم و لەوێ چەندین کەسی هێنایە ناو تەریقەتەکەوە، لە نێویاندا بنەماڵەی حوکمڕانی مەملەکەتی دوورگەی ڕیاو - جۆهۆر. ئەو ڕاکێشانەی کەوا نەقشبەندیی - خالیدی پراکتیزەیان دەکرد بەسەر ئەو ئیندۆنیسییانەی سەردانی شارە پیرۆزەکانیان دەکرد هێجگار بەهێز بوو و زانیارییان بۆ زمانی عەرەبیی تەواو نەبوو، بایەخپێدانی شێخەکانیش (دارایی و بواری تریش) بەو مورید و قوتابییانە  زۆر گەورە بوو، بە ئاستێک کەوا تاقمێکی هەمیشەیی مالایی زمان لە زاوییەکەی (تەکێکەی) عەبدوڵڵا ئەرزنجانیدا دروستبوو لەسەر جەبەل ئەبو قوبەیس بۆ ئەوەی ئیندۆنیسییەکان فێری پرەنسیپ و تەکنیکەکانی تەریقەتەکە بکەن٤٤.

  لە کاتێکدا کە زاوییەی سەر جەبەل ئەبو قوبەیس وردە وردە پەرەیدەسەند، بەتایبەتی لە ژێر سایەی سولەیمان ئەلقرمیی جێگرەوەی سولەیمان ئەلزوهدی، بەرەو مەکینەی بەرهەمهێنانی ئیجازە بۆ هەر ئیندۆنیسییەک کە پەرۆشی بەدەستهێنانی بوو، بەڵام جارێکیتر عالمێکی کورد لێرە ئەو کتێبەی نووسی کە بوو بە ڕێنومای سەرەکی بۆ نەقشبەندیی ئیندۆنیسی. لە ساڵانی ١٨٨٠کان و ١٨٩٠کاندا، ئەو ئیندۆنیسییانەی چووبوونە ناو تەریقەتی نەقشبەندییەوە لە مەککە کۆپیی ئەم کتێبانەیان لەگەڵ خۆیان دەبردەوە بۆ وڵاتی خۆیان، وەک "جامع الأصول فی الأولیاء"ی ئەحمەد گویمویشخانەوی یان نامە کۆکراوەکانی سولەیمان ئەلزوهدیی ناودارترین و سەرکەوتووترین مامۆستاکانی مەککە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، کتێبەکەی "تنویر القلوب"ی موحەممەد ئەمین ئەلکوردی بەخێرایی جێی ئەم کار و بەرهەمانەی گرتەوە بەو پێیەی بەسوودترین کتێب بوو لەبارەی تەریقەتەکەوە و حاڵی حازریش تا ئاستێکی باش بەرفراوانترین دەقی نەقشبەندییە بۆ بەکارهێنان لە ئیندۆنیسیادا.

    موحەممەد ئەمین ئەلکوردی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا لە هەولێر لەدایکبووە و لەسەردەستی عولەماکانی ناوخۆ زانستە ئیسلامییەکانی خوێندووە. لەسەر دەستی شێخ عومەر زیائەدینی ناوداری بیارە (لە شارەزوور) پابەندی تەریقەتی نەقشبەندی بووە، کە نەوەی دووەمی خەلیفەکانی مەولانا خالید بووە. لە بیارەوە ڕاستەوخۆ ڕۆیشتووە بۆ  مەدینە و لەوێ بۆ ماوەی دە ساڵ ماوەتەوە و لە یەکێک لە مەدرەسەکانی ئەوێدا دەرسی وتووەتەوە. پاشان لەوێوە چووە بۆ ئەزهەر لە قاهیرە و لەوێ پێگەیەکی هاکەزایی وەرگرتووە وەک سەرپەرشتیاری ڕیواقی کوردی و لەوێ ماوەتەوە تا کۆچی دوایی لە ساڵی ١٩١٤دا. ئەم زانایە نززیکەی دوانزە کتێبی نووسیوە، کە "تنویر القلوب"ەکەی بایەخدارترین و ناودارترینیانە٤٥. هاوتەریب لەگەڵ نەریتی کوردیی زانیاریی فرەزماندا، کار و بەرهەمەکانی غەزالیشی لە فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی٤٦.

   من نەمتوانی ئەوە بدۆزمەوە کە ئاخۆ موحەممەد ئەمین ئەلکوردی، لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا کە لە مەدینە ماوەتەوە یان ئەو سەردەمەی کە بەدوایدا هات لە ئەزهەر، هیچ قوتابییەکی ئیندۆنیسیی هەبووە.  هەڵبەت لە هیچکام لەو سیلسیلە زۆرانەی نەقشبەندیی ئیندۆنیسی کە من بینیومن ناوی ئەو نەهێنراوە. بەڵام زۆر پێدەچێت هەندێ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بووبێت، چونکە لە هەردوک مەدینە و ئەزهەردا هەمیشە ژمارەیەکی زۆر قوتابیی ئیندۆنیسی هەبوون. ئەم پەیوەندییانەش بە زەروورەت لە سیلسیلەدا ڕەنگ نادەنەوە. ئەوە نەبێت کە لانی کەم حاڵەتێکی پەیوەندیی دواتری ناڕاستەوخۆی یەکێک لە نەقشبەندییە ئیندۆنیسییەکان هەیە بە موحەممەد ئەمین ئەلکوردییەوە. یەکێک لە مامۆستا نەقشبەندییەکانی ئەم سەردەمە لە کەناری باکووری جاوا، بە ناوی کیای حاجی عەبدولوەهاب شافیدز لە ڕەمبانگ، پێیوتم کەوا ئەو نەجمەدین ئەلکوردیی کوڕی موحەممەد ئەمینی ناسیوە کاتێ کە لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا لە ئەزهەر خوێندوویەتی. ئەم پیاوە ڕێزێکی زۆری لە نەجمەدین گرتووە و بە مامۆستای خۆیی داناوە -  بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە شوێنکەوتنی سیلسیلەکەی لە ڕێگەی باوکی خۆیەوە، کە مامۆستای یەکەمی بووە.

 

بۆچی عولەما کوردەکان زۆر کاریگەر بوون لە ئیندۆنیسیادا؟

    ڤێرژنێکی پێشتری ئە باسەم لە گۆڤارێکی ئیسلامیی ئیندۆنیسیدا بڵاوکردەوە بە ناونیشانێکی ورووژێن "ئاخۆ ئەگەری ئەوە هەیە کەوا کوردەکان ئیندۆنیسیان کردبێت بە موسڵمان؟"، ئەوەی من مەبەستم بوو کەوا لەم ڕێگەیەوە گاڵتە بەو تیۆرییە ڕکابەرە هۆکار یەکلایەنە بکەم کەوا لە پرۆسەی بەئیسلامکردنی ئیندۆنیسیادا بازرگانە هندی یان عەرەب یان چینییە موسڵمانەکانی پێ لەپێشترە و جەخت لەسەر ڕۆڵی حەج دەکات بۆ حیجاز لە پرۆسەی بەئیسلامبووندا٤٧. ڕوون و ئاشکرایە کەوا ژمارەیەکی زۆر لە عولەماکانی تر کەوا کاریگەریی گەورەیان هەبوو، لەسەر ئیسلامی ئیندۆنیسی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. ڕەنگە ئەوانەی بەگومانن باوەڕیان وابێت کە فۆکەسی حەسریم لەسەر عولەما کوردەکان ئەنجامی نواندنی زیادەڕۆییەکە لە کاریگەریی "کوردیدا". ئەو ئیندۆنیسییانەی کە لە مەککە و مەدینە دەیانخوێند دەبوو مامۆستایان هەبێت لە بنەچەی هەرێمی و ئیتنیکیی جۆراوجۆر. لە ڕاستیدا لە سەردەمی مانەوەی سنۆک هۆرخرۆنیەSnouck Hurgronje  لە مەککە لە ساڵی ١٨٨٥دا، پێدەچێت یەک کورد لە ناو ئەو مامۆستایانەدا نەبووبێتن کە جەماوەرێتییان هەبووبێت لای ئیندۆنیسییەکان٤٨. هەمان شتیش بۆ سەدەی بیست ڕاست بوو. بەهەرحاڵ، ئەگەر چاوێک بۆ دواوە بگێڕینەوە بۆ سەردەمەکانی پێشوو، زۆرێک لەو عولەمایانەی مەککە و مەدینە نادۆزینەوە کەوا کاریگەرییان لە ناو ئیندۆنیسییەکاندا شان لە شانی کاریگەریی ئیبراهیم ئەلکوورانی و جەعفەر ئەلبەرزنجی و محەممەد بن سولەیمان ئەلکوردی بدات، یان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مەولانا خالیدیش. لە واقیعدا، ئەو مامۆستایانەی کە گەورەترین ژمارەی قوتابییە ئیندۆنیسییەکانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو لە کاتی سەردانی سنۆک هۆرگرۆنیەدا هەردوو جێگرەوە ڕکابەرەکەی عەبدوڵڵا ئەلئەرزنجانیی جیگرەوەی مەولانا خالید بوون. ئەوان قوتابییەکانیان فێری پەیوەستبوونێکی ڕۆحیی ڕاستەوخۆ (ڕابیتە) دەکرد لەگەڵ مەولانا خالیددا لە ڕێگەی ڕاهێنانێکەوە کە بە خەیاڵ ئەوی تێدا بەرجەستە و وێنا بکرێت٤٩.

   ڕەنگە یەکێک لە لێکدانەوەکان بۆ بایەخی مامۆستا کوردەکان لە ناو موسڵمانە ئیندۆنیسییەکاندا ئەو ڕاستییە بووبێت کەوا ئیندۆنیسییەکانیش لانی کەم لە سەدەی شانزەوە پەیوەستی مەزهەبی شافیعی بوون، وەک چۆن کوردەکانیش وایان کردووە و (هەروەها عەرەبی حەزرەمەوت و زۆرێک لە میسرییەکان، بەڵام بە پێچەوانەی زۆربەی عەرەب و تورک و هندییەکانەوە). ئەو ئیندۆنیسییانەی کە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخوێنن دەبینین تا ڕادەیەک پەیوەندی کردنیان بە کوردەوە  ئاسانترە بەراورد بە عەرەب بە هۆی ئەم کۆلکەی هاوبەشەوە لە مەزهەبدا٥٠. ڕەنگە ئەم فاکتەرە تا ڕادەیەکی دیاریکراو ڕۆڵێ بینیبێت، هەرچەندە پرسی مەزهەب تەنها پەیوەندیی بە مەسەلە فیقهییەکانەوە هەیە نەک بە لایەنەکانی تری باوەڕ و پراکتیزەی موسڵماناندا. لە واقیعدا، هەندێ لە کاریگەرترین مامۆستایانی نیمچە دوورگەی عەرەبی کەوا ئیندۆنیسییەکان لەم سەدەیەدا لە لایان خوێندوویانە شافیعی نەبوون بەڵکوو مالیکی بوون. لەو زانایانەی مەزهەبی غەیرە وەهابی کە لە مەککەدا چالاک بوون و ئیندۆنیسییەکان زۆرترین ڕێزیان لێدەنان، سەید عەلەوی بن عەبباس ئەلمالیکی و کوڕەکەی محەممەد بن عەلەوی ئەلمالیکی بوون. ئیندۆنیسییەکان هەموو باس و بابەتەکانیان لای ئەوان خوێندووە، بە فیقهی شافیعییشەوە! لەبەر ئەوە ناکرێت تەنها مەزهەب هۆکاری کاریگەریی مامۆستا کوردەکان بە سەر قوتابییە ئیندۆنیسییەکاندا لێکبداتەوە.

    لاموایە خاسییەتیکی تری هاوبەش هەیە کەوا قوتابییە ئیندۆنیسییەکانی کێشکردووە بۆ مامۆستا کوردەکان یان کارە نووسراوەکانیان و وادیارە لێکچوونێک هەیە لە هەڵوێستی ئاینیی نێوان موسڵمانە ئیندۆنیسییەکان و کوردەکاندا، کە ئەویش فاکتەری کێشکردنی هاوبەشە بۆ سۆفیگەری و بۆچوونی میتافیزیکی و باوەڕی چەسپاو بە موعجیزە و پیاوچاکان و پیرۆزی. ئیندۆنیسییەکان کۆک بوون لەسەر باوەڕی میتافیزیکای "وحدة الوجود"، چونکە هاوشێوە یان تێکەڵە بەو بیر و باوەڕە سۆفییانەی پێش هاتنی ئیسلام. دەکرێ  هەمان شت بۆ کوردستانیش ڕاست بێت و بەتایبەتی بۆ گۆران، کە تیایاندا هەمیشە بیدعەکانی یەکێتیی بوون و فەیز و تەجەللی و دۆنایدۆن زەمینەیەکی بەپیت و دەوڵەمەندی بووە بۆ گەشەسەندن.

   عولەماکانی وەک ئیبراهیم ئەلکورانی و مەولانا خالید لە پێگەی نێوەندگیریدا بوون لە نێوان بیدعە و ئوسووڵییەتدا (ئۆرسۆدۆکسی) و دژ بەو بیدعانەی کە ڕەگی قووڵیان هەبوو لە زێدی ڕەسەنیاندا ئەوان نوێنەرایەتیی کاردانەوەیەکی ئوسووڵییان دەکرد. بەڵام لەبری ڕەتکردنەوەی تێکڕا مەزهەب و پراکتیزە و ڕاهێنانە سۆفیگەرییەکان، کە بەئاسانی کەوتبوونە نێو بیدعە و هەرتەقەوە، کەچی پابەند بوون پێیەوە و لێکدانەوەیەکی وایان بۆ هێنایەکایەوە کە بیگونجێنن لەگەڵ باوەڕی ئوسووڵیدا. هەڵبەت ئەمە بوو کە وای لە بیر و بۆچوونیان کرد سەرنجڕاکێش بێت بۆ زۆرێک لە موسڵمانە ئیندۆنیسییەکان، کە ئەمانیش لای خۆیانەوە ویستیان چارەسەرێکی ناوەڕاست بدۆزنەوە لە نێوان نەزعەی یاسا و ڕێسای وشکوبرینگ و سۆفیگەریی گرێدراوی یەکێتیی بووندا.

    لایەنێکی تری ڕۆحانییەتی موسڵمانە ئیندۆنیسییەکان ڕێز و شکۆ دانانە بۆ پیاوچاکان و باوەڕی چەسپاو بە کەرامات و پەرجوویان و ئەو خێر و بەرەکەتەی دەسگیر دەبێت لە کاتی سەردانی گۆڕ و مەزارەکانیاندا. بێگومان ئەم هەڵوێستە لە سەرتاپا جیهانی ئیسلامیدا بوونی هەیە، بەڵام ئەوە دیسانەوە عولەما کوردەکان بوون کە بە وشە گوزارشیان لێوە کردووە و بە شێوەکی وا کە ئیندۆنیسییەکان دڵبەندی بوون. وەک پێشتریش باسکرا، کەوا نووسەرێک نییە لە ئیندۆنیسیادا لە جەعفەر ئەلبەرزنجی بەناوبانگتر بێت بە هۆی          "مەولید" و "مەناقیب"ەکەیەوە بۆ شێخ عەبدولقادر. بەرزنجی تاقە نووسەر یان دانەری کورد نییە کەوا بە هۆی خستنەڕووی پەرجووەکانەوە جەماوەری خەڵکی ئیندۆنیسیی وابەستەی خۆی کردووە. بەلای کەمەوە دانەرێکی تری کورد هەیە بۆ ئەم بوارە و نزیکەی هاوچەرخی بەرزنجییە و لە ڕووی کولتوورییەوە   گونجاو و نزیکە لە خەڵکی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە. لەم ساڵانەی دواییدا، دوو پێسانترێنی جاوایی ڕۆژهەڵات، بۆ سوودی قوتابییەکانیان، دەقێکیان سەرلەنوێ چاپکردەوە بۆ بەرگری کردن لە پەرستشی   پیاوچاکان و باوەڕهێنان بە کەرامات و پەرجووەکانیان بە ناوی "الفجر الصادق فی الرد علی منکر التصوف والکرامات و الخوارق". نووسەری ئەم نامیلکە پڕ مشتومڕە دژە وەهابییە، کە لە بنەڕەتدا ساڵی ١٩٠٥ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، جەمیل ئەفەندیی سیدقیی زەهاویی کوردی عێراقە (١٨٦٣ - ١٩٤٠). ئەمیش وەک عولەماکانی تری تا ئێستا ناویان هاتووە خەڵکی کوردستانی باشوورە.

   لە کۆیاییدا، نووسەران و دانەرانێکی کورد هەن کەوا کارەکانیان بەدیاریکراوی شتێکی کوردی ناگەیەنێت و تەنها بە ڕێکەوت لای ئیندۆنیسییەکان ناسراون. بۆ نموونە حاڵەتی جەمالەدین ئیبنولحاجیب (ساڵی ١٢٤٩ کۆچی دوایی کردووە)، کەوا کارەکانی لەسەر ڕێزمانی عەرەبی، (ئەلکافییە و ئەلشافییە - الکافیة و الشافیة)، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەرخەبیلدا ناسراون٥٢.

 

ئەنجام

   لەم باسەدا گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک عولەمای کاریگەری کورد کراوە کەوا کاریگەریی گەورەیان هەبووە بەسەر ئیسلامەوە وەک چۆن لە ئیندۆنیسیادا پێشوازیی لێکراوە، چونکە ئەوان لە مەدینە و مەککەدا لە سەردەمێکدا تەدریسیان کردووە کە تا ڕادەیەک ژمارەیەکی گەورەی خەڵکی ئیندۆنیسی ماوەی ساڵانێک تێیاندا ماونەتەوە بە مەبەستی خوێندن و بە هۆی ئەوەشەوە کەا ئەوان ئەو بابەتەیان وتووەتەوە کە دڵبەندی ئیندۆنیسییەکان بووە. ئەو بابەتە سەرەکییانەی کەوا ئەو مامۆستا کوردانە و قوتابییە ئیندۆنیسییەکانیان گواستوویانەوە بابەتی میتافیزیکی و سۆفیگەریی فەلسەفیی "ئاست بەرز"   بوون  و -  بۆ جەماوەری خەڵکیش - لە جۆرەکانی پەرستشی میللی و سۆفیزم و پەرستنی پیاوچاکان بوون. ئیبراهیم ئەلکورانی و جەعفەر ئەلبەرزنجی لەو عولەما کوردانەن کەوا بە ڕوونی نوێنەرایەتیی ئەم دوو نموونەی سۆفیگەریی دەکەن. ڕەنگە ئیندۆنیسییەکان لە حیجاز بە شێوەیەکی تایبەتی دڵبەندی مامۆستا کوردەکان بووبێتن چونکە ئەوانیش سەر بە هەمان مەزهەب بوون (واتە قوتابخانەی شەریعەتی ئیسلامی) و جێی سەرسوڕمان نییە کەوا هەندێ کار و بەرهەمی فیقهیی زانا کوردەکان بوون بە دەقی سەرەکی لە ئیندۆنیسیادا. بۆ کەسانی خوێندەوار و ئاگادار، ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی کارەکانی موحەممەد بن سولەیمان ئەلکوردی و لەسەر زیاتر میللی و جەماوەریی "تنویر القلوب"ی موحەممەد ئەمین ئەلکوردی. سەبارەت بەو ڕاستییەی کەوا ئەم زانایانەی فیقه لە قۆناخێکی زۆر دواتردا برەویان پەیداکردووە، کەوا ئەو نووسەرە سۆفییانەی باسکران ئیشارەت بە گۆڕانکارییەکی پلە بە پلە دەکەن لە بایەخ پێدانی قوتابییە ئیندۆنیسییەکاندا لە سۆفیگەرییەوە بۆ شەریعەت -  بەڵام ڕەنگە ئەمە لەو ڕووەوە گرنگ بێت کەوا دوا کتێب لە هەمان کاتدا ڕێنومایەکی نەقشبەندی بووبێت. نزیکبوونەوەی ئیختیاریی نێوان موسڵمانە کورد و ئیندۆنیسییەکان لە بایەخدانی هەمیشەیی بە سۆفیگەریدا ڕەنگدەداتەوە - لە هەردوک جۆراوجۆریی بەدەستهاتوو یان میللیدا و -  سەبارەت بە مامۆستایانی هەردوو سەدەی حەڤدە و هەژدەش   کۆک و هاوبەشن لەمەدا.

 

پەراوێز

١ بڕوانە بروونەسن ١٩٩٥، بەتایبەتی لاپەڕەکانی ١٨٧ - ١٨٩ و Vredenbregt 1973.

٢  کۆڕی  زیکر و حاڵ لێهاتنی تەریقەتی قادریی کوردی و ڕاهێنانی پڕ لە هەڵچوونی لە بروونەسن  ١٩٩٢، ل ٢١٦ - ٢٢٢ و ٢٣٤ - ٢٤٠. لەبەر ئەوەی ئەم پراکتیزە و ڕاهێنانانە زۆر جیاوازن لەوانی تەریقەتی قادری لە شوێنانی تر و من وایبۆدەچم کە ئەوە بەرجەستەی لێکدانی هەردوو تەریقەتی    قادری و ڕیفاعییە. ئەمەش بەڵگەیە بۆ سیلسیلەیەک کە تێیدا عەبدولقادری گەیلانی و ئەحمەدی ڕیفاعی و هەروەها هەردوو پیاوچاکی میسری ئەحمەد ئەلبەدەوی و ئبراهیم ئەلدەسوقی ناویان هاتووە. هەمان ئەو چوار پیاوچاکە لە ڕاتیبی ڕیفاعییەشدا لیستکراون کەوا دەبوسەکانی debus بانتێن پراکتیزەی دەکەن (بروونەسن ١٩٩٥، ل ١٨٥).

٣   مۆنتێل 1970، ل 121.

٤  بڕوانە کۆمێنتەکانی ئاربێڕی لەسەر ئەم کارە لە کتێبەکەیدا "سۆفیزم: باسێک لەبارەی سۆفیگەریی ئیسلامەوە"، (١٩٥٠).

٥  نەخشەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش کێشراوە، سەبارەت بە حاڵەتی جاوا، لە ڕیکلێفس ١٩٧٩.

٦   بڕوانە بروونەسن ١٩٩٤.

 ٧  لەبارەی گۆرانەوە، بڕوانە مینۆرسکی ١٩٤٣ و بروونەسن ١٩٩٢، ل ١٠٩ -  ١١٥.

٨  ئەحمەد ئەتەش، "موللا گۆرانی"، ئیسلام ئینسيكلۆپيديسی؛ جەی. ئاڕ واڵش، "گۆرانی، شەرەفەدین"، ئینسکلۆپیدیای ئیسلام، چاپی دووەم؛ هەروەها یڵدز، بێ مێژوو، نووسەری دوایی حەز دەکات ئیددیعای ئەوە بکات کە مەلا گۆرانی لە تورکیای ئێستادا کە بەشێوەیەکی نا قەناعەتبەخش کەوا پێدەچێت لە گوندێک لەدایکبووە بە ناوی گۆران لە نزیک دیاربەکرەوە. لە سەرانسەری کوردستاندا بەرەوڕوو دەبیتەوە لەگەڵ گرووپی خێڵەکی و گوندی بچووکدا کە ئەم ناوە و هاوشێوەی هەیە، کە پەیوەندییان لەگەڵ گرووپی ئیتنیکیی گۆراندا بەتەواوی ڕوون نییە.

٩   ڕينكس 1909.

١٠ جۆنز ١٩٧٨؛ بڕوانە دەروازەکانی نووسەر خۆی "ئەلکورانی" و "ئەلقوشاشی" لە ئینسکلۆپیدیای ئیسلامدا.

  ١١  سیلسیلەی شەتتارییەی یوسف سەرلەنوێ باسکراوەتەوە لە ئەبو حامید ١٩٩٤، ل ٣٦٢ - ٣٦٣. تەنها کۆپییەکی دەسنووسی "سفینة النجاح" وا دیارەماوەتەوە، لە مەجمووعەیەکی حەوت نامە لە لایەن ئەوەوە. ئەو دەسنووسەی کە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، وا دیارە شوێنبزر بووە،بەلام نەک پێش ئەوەی کۆپییەکی لێدەرچێت بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆر تۆگیما لە جاکارتا. مایکرۆفیلمێکی ئەم دەقە ئەسپەردەی کتێبخانەی ئینستیتوتی شاهانەی زمان و ئەنسرۆپۆڵۆجیا کراوە(KITLV)  لە لایدن.

  ١٢  هير 1979، ل 13، 15.

 ١٣ ئارگومێنتی ئەلکورانی کورتکراوەتەوە لە ڤوورهۆڤ ١٩٥١، ل ٣٦٥ - ٣٦٨.

١٤  مورادي 1301/1883، بەرگی یەکەم، 5 - 6. تایتڵی کارەکەی ئیبراهیم کە لێرەدا هاتووە وەک "جوابات الغرویة عن المسائل الجاویة الجهاریة"، کە بەتەواوی ڕوون نییە. وشەی کۆتایی بەم جۆرە وەرگێڕاوە "لە [مەملەكەتی مەلايۆی] جۆهۆر" ،  کە بەعادەت دەنووسرێت جەوهەرییە.

 ١٥ لێکۆڵینەوە لە سەر ڤێرژنە جاواییەکە کراوە لە جۆنز ١٩٦٥.

١٦   ڕينكس 1909، ل 56 - ٥٧؛  جۆنز 1978، 476 - ٤٨٢.

 ١٧  ڕادتكە 1995، ل 90.

١٨   فرێدمان 1971، ل 98 - ٩٩؛ ^ ڕیزوي 1983، ل 338 - ٣٤٢.

١٩   ڤۆل 1975.

٢٠   ساڵی ١٣٢٨ / ١٩١٠ لە هندستان، حەیدەر ئاباد جاپکراوە.

٢١  بروونەسن ١٩٩٠ ، ل 159 - ١٦٠.

٢٢  زۆرێک لە گەڕیدە و مێژوونووسان باس لەم بنەماڵەیە دەکەن. سەرچاوە سەرەکییەکان ئەدمۆنز ١٩٥٧، ل ٦٨ - ٧٩ و تەوەکولی ١٩٨٠، ل ١٣٣ - ١٦٨؛ بڕوانە ڤان بروونەسن ١٩٩٢،   ل ٢٢٠ - ٢٢١.

٢٣  ئەدمۆنز 1957، ل 68؛ تەوەكولی 1980، ل  133- ١٣٤.

٢٤ ناونیشانی ئەم کارە وەرگێڕدراوە "الجانب الغربی فی حل مشکلة إبن العربی". بۆ وردەکاریی پیشەی زانستیی موحەممەد، لەگەڵ ناوی مامۆستاکانی و ناونیشانی کارەکانیان، بڕوانە ئەلمورادی "سلک الدرر"، بەرگی ٤، ل ٦٥ - ٦٦ و مودەڕیس ١٩٨٣، ل ٤٩٣ - ٤٩٥.

  ٢٥ فرێدمان 1971، ل 7 - 8، 97 - 101؛  ڕیزوی 1983، ل  ٣٣٩ - ٣٤١.

٢٦ تێبینییە بایۆگرافییەکان لە مورادی، "سلک الدرر"، بەرگی ٢، ل ٩؛  مودەڕیس ١٩٨٣،  ل ١٣٦؛ کتێبەکەی برۆکلمان "مێژووی ئەدەبی عەرەبی Geschichte der arabischen Litteratur"، بەند ٢، ل ٣٨٤.

٢٧  ئەم کار و بەرهەمانە، بە هەردوو زمانی جاوایی و ئیندۆنیسی، لە پاشکۆدا لیستکراون بۆ ڤێرژنێکی پێشتری ئەم باسەی ئێستامان، لە ڤان بروونەسن ١٩٩٥ب، ل ١١١.

 ٢٨ دوو کاری تری ناسراوی بەرزنجی هەن، بەڵام هەمان جەماوەرێتییان نەبووە: قصة المعراج، گێڕانەوەیەکی گەشتی پێغەمبەر بوو بەشەو و هەڵکشان بۆ ئاسمان، "مناقب سید الشهداء حمزة"، ژیاننامەیەکی مێژوویی پیاوچاکێک لە ساڵی  ٦٢٤ / ١٢٢٥ (هەڵبەت نابێت تێکەڵ بکرێت لەگەڵ ناوە ناسراوەکەی، کە مامی پێغەمبەرە). ئەم کارانە لە لایەن عولەما ئیندۆنیسییەکانەوە بەڵام پێناچێت بە هیچ شێوەیەک بە ئاشکرا تیلاوەت بکرێت).

٢٩  بڕوانە  Drewes and Poerbatjaraka 1938.

٣٠  چاپە جیاوازەکان و تێبینی و سەرنجەکان لەسەر لوجەین لە لایەن  دانەر و نووسەرە ئیندۆنیسییەکان لە ڤان بروونەسن ١٩٩٥ب، ل ١١١ لیستکراون. من تەنها دوو ڤێرژنی چاپکراوم دۆزییەوە کە پشت بە یافیعی دەبەستن، لەگەڵ دوو ڤێرژنی تر بە هەردوو زمانی سوندانی و ئیندۆنیسی کە پشت بە مەناقیبێکی سێهەم دەبەستن "مناقب تفریح الخاطر". دوا کار کوردێکی تر نووسیوێتی کە عبدالقادر بن محی الدین الأربیلی یە، یان ڕاستتر لەبنەڕەتدا لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕراوە بۆ عەرەبی لەلایەن کەسێکەوە بەناوی محمد صادق القادری (بڕوانە مودەڕیس ١٩٨٣، ل ٣٠٥).

٣١  بڕوانە بەڵگە، بۆ ناوچەی بانتێن لە جاوای ڕۆژاوا، لە کتێبەکەی بروونەسن ١٩٩٥ ئە، ل ١٨٥ - ١٨٧.

٣٢  تەوەكولی 1980، ل 133.

 ٣٣  وەسفێکی کۆڕی زیکری قادری و یاریکردن بە کەرەستە و شتە تیژەکان لە کتێبەکەی مارتن ڤان بروونەسندا هاتووە، ساڵی ١٩٩٢، ل ٢٣٤ - ٢٤٠.

 ٣٤  ڤان بروونەسن 1995 ئە، ل 187 - ١٨٩.

٣٥  ئۆخنڤالد ١٩٨٤ ، ل ٥٢. عمر رضا کحالة لە فەرهەنگی نووسەر و دانەرە عەرەبەکاندا "معجم المؤلفين"، دوانزە کەس ناونووس دەکات لە کتێب دانەرانی ئەم بنەماڵەیە، کە زۆربەیان نیشتەجێی مەدینەن.

٣٦  فليمبانی، بێ مێژوو، ل 59 - 60 و 63.

٣٧  عەبدولجەبار 1385 / 1965- ١٩٦٦، ل 331 - ٣٣٣.

 ٣٨  بەم ناوەوە ئەو کارە فیقهییە دەبینین کە باسکراوە لە ڕووماڵێکی ئەدەبی پیسانترێندا کە زیاد لە سەدەیەک لەمەوپێش کراوە. ڤان دێن بێرگ ١٨٨٦. ڕووماڵێکی وردتر و نوێتری لەم چەشنە بۆ ئەدەب لە کتێبەکەی بروونەسندا باسکراوە، بروونەسن ١٩٩٠ ب. 

٣٩  هێشتا حەواشی (بە کوردیی سوغراش، واتە کوردیی بچووک ئاماژەی پێدەکرێت) تا ئێستاش بە ڕێکوپێکی چاپ دەکرێتەوە لە ئیندۆنیسیادا، مەواهیب (کە کوردیی کوبراشی پێدەوترێت 'کوردیی گەورە') بە چوار بەرگ چاپکراوە لە المطبعة العامرة الشرفیة لە مەککە، بەبێ مێژوو. بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی بیبلۆگرافیی لەسەر موحەممەد بن سولەیمان بڕوانە تۆمارەکانی مورادی "سلک الدرر"، بەرگی ٤، ل ١١١ - ١١٢؛ برۆکلمان GAL II, 389 and S II, 555؛ هەروەها مەردۆخیی ڕۆحانی ١٣٦٤ / ١٩٨٥، بەرگی ١، ل ٢٥٢٢ - ٢٥٢٣. بە ئاماژەکردنیش بۆ جەماوەرێتیی کوردیی لە ناوەندە دیاریکراوەکاندا، کۆمەڵێک فەتوا بەم دواییە لە لایەن عولەما ئیندۆنیسییەکانی نیشتەجێی مەککە کە سێ جار ئیشارەت بە "کوردیی سوغرا" دەدەن و یانزە جاریش "کوردیی کوبرا" وەک دەسەڵاتێک

  ٤٠  زەمزەم 1979، ل 5؛ ئەبو داودی 1980، ل 25.  هیچ دانەر یان نووسەرێک باسی لەوە نەکردووە کە وەڵام چی بووە.

٤١ خالیدی ١٩٦٨، ل ١٤ - ١٨. لەگەڵ ئەوەشدا، عەبدولسەمەد ناوی ئەلکوردیی نەهێناوە لە هیچ کار و بەرهەمێکیدا (هەرچەندە باس لە زۆر کاری تر دەکات)، بەتەواویش جێی گومانە کە گەڕابێتەوە بۆ ئەرخەبیل. هەروەها ئەلکوردی لەلایەن گەورە مامۆستا هاوچەرخە مەلایۆکانی تری ئەرشەدیش باس نەکراوە و لەوانەش داود عەبدوڵڵا ئەلفەتانی.

٤٢  شێخی سۆمەتری یاسین ئەلفەدانی کە تا مردنی لە سەرەتای ١٩٩٠کاندا قوتابخانەی ئیندۆنیسیی نەریتیی "دار العلوم الدینیة"ی بەڕێوەدەبرد لە مەککە، لە کتێبەکەیدا "العقد الفرید"  (1401/1981، ل 83 - ٨٤)، زنجیرەی گواستنەوەی  (ئیسناد) بەوەی کە ڕێنمایی وەرگرتووە لە کتێبەکەی ئەلکوردی "الحواشی المدنیة": یەکەم گوێزەرەوە لە دوای کوردیی خۆیەوە، سۆفیی ناسراو محمد بن عبدالکرین السمان بوو، لە دوای ئەویش سریف بن عبدالمجید الزیادی و ئەوجا دوو پیاو لە پالیمبانگ (عقیب بن حسن الدین و عبدالصمد) و نەوەویی بانتێن.زنجیرەکە بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی عبدالحمید قودسەوە (نووسەری کاری زۆر بەکارهاتوو لەبارەی ئوسووڵی فیقهەوە) و سید علی الحبشی لە کویتانگ (جاکارتا) تا دەگاتە شێخ یاسین.

٤٣ چەندێن لێکۆڵینەوەی ژیاننامە (بایۆگرافی) هەیە لەسەر مەولانا خالید، کە بەسوودترینیان ئەمانەن: ئەلخانی ١٣٠٦/ ١٨٨٨ - ١٨٨٩ و مودەڕیس ١٩٧٩، بە زمانی ئینگلیزی حۆرانی ١٩٧٢، بە زمانی فەرەنسی حەکیم ١٩٩٠ و چۆدکیڤیچ ١٩٩٧. ئەلخانی لیستێکی بە ناوی خەلیفەکانی مەولانا خالید کردووە. باسێکی سۆسیۆلۆجیی لەبارەی خێرا تەشەنەکردنی نەقشبەندییە - خالیدییە لە کتێبەکەی بروونەسندا هاتووە، ١٩٩٢، ل ٢٢٤ - ٢٣٤.

٤٤  بڵاوبوونەوەی نەقشبەندییە - خالیدییە بە وردەکارییەکی زۆرەوە لە کتێبەکەی بروونەسندا هاتووە، ١٩٩٠ئە و ١٩٩٤ ب.

٤٥ تاقە کارە چاپکراوەکەی تری "المواهب السرمدية في مناقب النقشبندية" (القاهرة 1329/1911)، کە بریتییە لە کۆکراوەیەکی بایۆگرافیی شێخە کوردەکانی تەریقەتی نەقشبەندیی - خالیدی.

٤٦  وردەکاریی لەبارەی ژیاننامەی محەممەد ئەمین ئەلکوردییەوە لە پێشەکیی زۆربەی چاپەکانی "تەنویرولقلووب - تنویر القلوب" دا هەیە. باس و تێبینیی تریش لە مودەڕیس ١٩٨٣، ل ٥٤٥ - ٥٤٧ و مەردۆخیی ڕۆحانی ١٣٦٤ / ١٩٨٥، ل ١٢٥ - ١٢٦.

 ٤٧  ڤان بروونەسن 1987.

 ٤٨ بەرگی دووەمی کارەکەی سنۆک هۆرخرۆنیە لەسەر مەککە (١٨٨٩) دەوڵەمەندترین سەرچاوەیە لەسە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاینی لە مەککە لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا و کورتەیەک پێشکەش دەکات لەسەر تەدریسی عولەما سەرەکییەکان لەوێ و ئەوجا وەسفێکی کۆمەڵگەی یان کۆمیونیتییە ئیندۆنیسییەکانی (جاواییەکان) نیشتەجێی مەککە دەکات.

٤٩ وێناکردنی مامۆستا بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕۆحی لەگەڵیدا و وەرگرتنی   ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی (ڕابیتە بیلشەیخ) یەکێکە لە هونەر و تەکنیکە جیاکار و تایبەتمەندەکانی تەریقەتی نەقشبەندی، کە بە تایبەتی لە خالیدییەدا گرنگیی پێدەدرا. بڕوانە چۆدکیڤیچ ١٩٠٠. بەعادەت مورید بە خەیاڵ رابەر و مامۆستاکەی خۆی دێنێتە بەرچاوی، بەڵام مەولانا خالید فەرمانی بە خەلیفەکانی کردووە کە دەبێت موریدەکان ڕاستەوخۆ ڕابیتە لەگەڵ خۆیدا بەجێبێنن و ئەوانیش بەردەوام بۆ چەندین پشت لە دوای مردنی ئەم کارەیان بەو شێوەیە ئەنجامدەدا. ئەو تێبینییانەی ڕێنماییەکانی پراکتیزە و ڕاهێنانی نەقشبەندی کورتکردووەتەوە ئیندۆنیسییەکان لە مەککەوە لەگەڵ خۆیاندا بردوویانەتەوە  وەسفی کورتی ڕوخساری جەستەیی مەولانا خالیدی تێدایە، تاوەکو بزانن چۆنی وێنا دەکەن.

 ٥٠ بۆ ئەم سەرنج و تێبینییە من قەرزاری عەبولڕەحمان وەحیدی سەرۆکی کۆمەڵەی سەرەکیی موسڵمانە نەریتییەکانی ئیندۆنیسیام. چونکە کاتێ بۆ یەکەمجار باسی تێزەکەی خۆم کردلەبارەی کاریگەریی کورد لەسەر ئیسلامی ئیندۆنیسی ئەو دەسبەجێ قەناعەتی پێکرد بە هۆی ئەزموونی خۆیەوە وەک خوێندکارێک لە بەغدا، کە زۆربەی دۆست و برادەرەکانی کورد بوون و ئەمەش دەگێڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کەوا، بە حوکمی ئەوەی وەک ئەمان شافیعی بوون، پەیڕەویی هەمان بنەمایان کردووە لە ڕێوڕەسمی پاکوخاوێنی وکاتی نوێژ و شتی لەم چەشنەیان کردووە و پێکەوە ژیان لەگەڵیاندا ئاسانتر بووە.

 ٥١ جەمیل کوڕی محەممەد فەیزیی زەهاویی موفتیی بەغدا بووە، کە پەیوەندیی بە بنەماڵەی بابانەوە بووە کە سەردەمێکی دوور و دریژ حوکمی سلێمانییان کردووە. جەمیل شاعیرێکی سەرکەوتوو و نووسەرێکی "ڕووناکبیر" بووە Bio-bibliography in GAL S III: 483 – 8 . کار و بەرهەمەکانی لە لایەن پێسانترێنەوە لە لیربۆیۆ، کەدیری چاپکراونەتەوە و هەروەها لە لایەن خانەی بڵاوکردنەوەی دەنانیارەوە لە جۆمبانگ، کە هەردوکیان لە جاوای ڕۆژهەڵاتن. دوا تاقە نووسەری ئەم بوارە کە لە ئیندۆنیسیادا ناسراو بێت یوسف نەبهانیی بە ڕەچەڵەک لوبنانییە کەوا کارەکانی "سعادة الدارین" و "جامع کرامات الأولیاء"، ناوبانگیان لە هندێ ناوەندی دیاریکراودا هەیە. کاری دواییان لە دێنانیاریش چاپکراوەتەوە.

   ٥٢ جمال الدین أبو عمرو عثمان ... إبن الحاجب، سەر بە بنەماڵەیەکی ئەریستۆکراتی کوردە لە صەعیدی میسر و ساڵی ١١٧٤ لەدایکبووە. لە قاهیرە و دیمەشق    خوێندوویەتی و لە ئەسکەندەرییە کۆچی دوایی کردووە. بڕوانە GAL I: 303; S I: 531 and Ibrahimi 1366..

 

بیبلۆگرافی

 عبدالجبار، عمر، "سیر و تراجم بعض علمائنا فی القرن الرابع عشر للهجرة". مکة: مؤسسة  مکة للطباعة والإعلام، ١٣٨٥ / ١٩٦٥ ١٩٦٦.

 ئەبو داودی، "مەولانا شێخ موحەممەد ئەلبەنجاری". مارتاپورا، کالیمانتان سەلاتان، ١٩٨٠.

 ئەبو حامید، "شێخ یوسف: زانا و سۆفی و خەباتگێڕ". جاکارتا: یایەسان ئۆبۆر ئیندۆنیسیا، ١٩٩٤.

 ئاربێرری، ئەی. جەی. ، "سۆفیزم: باسێک لەسەر سۆفیگەری لە ئیسلامدا". لەندەن: ئالەن و ئونرین، ١٩٥٠.

 ئەتەش، ئەحمەد، "موللا گۆرانی"، ئیسلام ئینسکلۆپیدیەسی.

 ڤان دێن بێرگ، ل. دەبلیو. سی.، "خوێندنی ئاینیی موحەممەدی لە جاوا و مادورا و ئەو کتێبە ئاینییانەی تیایاندا بەکاردەهێنرێت".  گۆڤاری زمانی هند و خاک و تەکنۆلۆجیا                                                                              

Tijdschrift voor Indische Taal-, Land- en Volkenkunde 31 (1886), 518 - 55.

 برۆکڵمان، کارڵ، "مێژووی ئەدەبی عەرەبی"، بەندی ١ و ٢، جاپی دووەم، لایدن: بریڵ، ١٩٤٣ – ١٩٤٩، پاشکۆی ١، ٢ و ٣، ١٩٣٧.

  مارتن ڤان بروونەسن، "ئاخۆ کورد ئیندۆنیسیایان نەکردووەتە ئیسلام؟" قوتابخانەی ناوخۆیی "پێسانترێن Pesantren" (جاکارتا) ژمارە ٤ / بەرگی ٤، ١٩٨٧، ل ٤٣ – ٥٣.

---- ، "بنەچە و پەرەسەندنی تەریقەتی نەقشبەندی لە ئیندۆنیسیادا"، گۆڤاری ئیسلام، ژمارە ٦٧، ١٩٩٠ ئە، ل ١٥٠ - ١٧٩.

---- ، کتێبی زەرد: کتێب بە خەتی عەرەبیی بەکارهاتوو لە ناوەندی  قوتابخانەی ناوخۆیی یان پێسانترێندا"، گۆڤاری بەشداریی لە زمان و خاک و ئیتنۆلۆجیادا، ژمارە ١٤٦، ١٩٩٠ ب، ل ٢٢٦ - ٢٦٩.

---- ،  "ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان". لەندەن: زەد بووکس، ١٩٩٢.

----- ، "پێسانترێن و کتێبی زەرد: بەردەوامی و گۆڕانکاری لە نەریتی ئاینیی خوێندن و فێربووندا"، لە کتێبی وۆڵفگانگ مارشاڵ، "دەقەکان لە دوورگەکانەوە. نەریت و ترادیسیۆنی زارەکی و نووسراو لە ئیندۆنیسیا و جیهانی مالایی (مەلایۆ) دا. بێرنە: زانکۆی بێرنە، ١٩٩٤ ئە، ل ١٢١ - ١٤٥.

----- ، "تەریقەتی نەقشبەندی لە ئیندۆنیسیادا". چاپی دووەمی هەموارکراو، باندۆنگ: میزان، ١٩٩٤ ب.

----- ، "یاسا و ڕێسای شەریعەت و تەریقەت و پێسانترێن: دەزگا و دامەزراوە ئاینییەکان لە سەتەنەتی بانتیندا"، گۆڤاری ئەرخەبیل Archipel،  ژ ٥٠، ل ١٦٥ - ٢٠٠.

----- ،  "کتێبی زەرد و پێسانترێن و تەرەیقەت". باندۆنگ: میزان، ١٩٩٥ ب.

 چۆدکیویچ، سیریل، "مەولانا خالید (١١٩٣/ ١٧٧٩ - ١٢٤٩/ ١٨٢٧)، "عەینولحەیات،  کتێبی خویندنی تەریقەتی نەقشبەندی"، ژمارە ٣، ١٩٩٧، ل ٧٥ - ٩٦.

 چۆدکیویچ، مایکڵ، "هەندێ لایەنی تەکنیک و هونەری ڕۆحی لە تەریقەتی نەقشبەندیدا"، لە کتێبی م. گابۆریۆ، ئە. پۆپۆڤیچ، ت. زارکۆن، "نەقشبەندییە: ڕێڕەوت و دۆخی ئێستای تەریقەتێکی سۆفیی ئیسلامی". ئیستانبوڵ - پاریس: ئیزیس، ١٩٩٠،    ل ٦٩ - ٨٢.

درەوەس، ج. دەبلیو. جەی. و پۆیرباتجاراکا، ڕ. "موعجیزەکانی عەبدولقادری گەیلانی"،   (Bandung: A.C. Nix & Co, 1938).

سی. جەی. ئەدمۆنز، "کورد و تورک و عەرەب: سیاسەت و گەشت و لێکۆڵینەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراقدا". لەندەن: جاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ٩٥٧.

الفادانی، م. یاسین بن م. عیسا، "العقد الفرید". سورابایا: دار السقاف، ١٤٠١ / ١٩٨١.

الفالیمبانی، محمد مختارالدین، "بلوغ الأمانی فی التعریف بشیوخ و أسانید مسند العصر الشیخ محمد یاسین بن محمد عیسی الفادانی المکی". مکة: دار القتیبة، بدون تأریخ.

فرێدمان، یۆهانان، "شێخ ئەحمەد سرهندی". مۆنتریاڵ: زانکۆی مکگیل، ١٩٧١.

حەکیم، هەڵکەوت، "مەولانا خالید و دەسەڵاتەکان"، لە کتێبی م. گابۆریۆ، ئە. پۆپۆڤیچ، ت. زارکۆن، "نەقشبەندییە: ڕێڕەوت و دۆخی ئێستای تەریقەتێکی سۆفیی ئیسلامی". ئیستانبوڵ - پاریس: ئیزیس، ١٩٩٠، ل ٣٦١ - ٣٧٠.

هیر، نیکۆڵاس، "گەوهەری گرانبەها: ئەلدوڕەلفاخیرەی   الدرة الفاخرة ی جامی پێکەوە لەگەڵ لێدوان و تێبینیی عەبدولقادر ئەللاری"، ئەلبانی، ویلایەتی نیویۆرک: چاپی سەنی، ١٩٧٩.

حۆرانی، ئەلبێرت ئێج. "مەولانا خالید و تەریقەتی نەقشبەندی"، لە کتێبی: س. م. ستێم، ئە. ئێج. حۆرانی و ڤ. براون، "فەلسەفەی ئیسلامی و نەریتی کلاسیکی". ئۆکسفۆرد: برونۆ کاسیێر، ١٩٧٢.

ئیبراهیمی، مەلا سەعید، "زانایانی بەناوبانگی کورد .... ئیبنولحاجیب"، گۆڤاری سروە (ئورومیە) ژمارە ٢٠ (١٣٦٦/ ١٩٨٨)، ل ٣٧ ٣٨.

جۆنز، ئەنتۆنی ئێج. "دیاریی بۆ گیانی پێغەمبەر"، کانبێڕا: زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالی، ١٩٦٥.

--- ، "دۆستانی نیعمەت: ئیبراهیم ئەلکورانی و عەبدولڕەئووف ئەلسینکێلی"، لە کتێبیئودین، س. "شەبەنگ: ئەو وتارانەی پێشکەشی سوتان تەکدیر ئەلیسجاهبانا کراون". جاکارتا: دیان ڕاکیات، ١٩٧٨، ل ٤٦٩ - ٤٨٥.

 کحالة، عمر رضا، "مجمع الموئلفین: تراجم مصنفین الکتب العربیة". ١٥ بەرگ، دیمەشق، ١٩٥٧ ١٩٦١.

 خالید، یوسف، "عولەمای گەورەی کەلیمەنتان شێخ موحەممەد ئەرسیاد ئەلبەنجاری ١١٢٢ ١٢٢٧ هیجری / ١٧١٠ - ١٨١٢ زاینی". سورابایا: ئەلئیحسان، ١٩٦٨.

 الخانی، عبدالمجید، "الحدائق الوردیة فی حقائق ‌أجلاء النقشبندیة". القاهرة، ١٣٠٦ / ١٨٨٨ ١٨٨٩.

 مەردوخی ڕوحانی، بابا، "تاریخی مەشاهیری کورد"، ٢ بەرگ. تەهران: سوروش، ١٣٦٤ / ١٩٨٥.

 مینۆرسکی، ڤ. "گۆران"، بڵاوکراوەی خوێندنگەی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵات و ئەفریقا، ژمارە ١١ (١٩٤٣)، ل ٧٥ ١٠٣.

 مۆنتێڵ، ڤینسەنت، "ئیندۆنیسیا". پاریس، ١٩٧٠.

ئەلمودەڕیس،عەبدولکەریم موحەممەد، "یادی مەردان: مەولانا خالیدی نەقشبەندی". بەغدا، ١٩٧٩.

---  ، "علماءونا فی خدمة العلم والدین". بەغدا، ١٩٨٣.

 المورادی، م. خلیل، "سلک الدرر فی أعیان القرن الثانی عشر". ٤ مجلد، بولاق، ١٣٠١/ ١٨٨٣.

 ئۆخنسڤاڵد، دەبلیو. ، "ئاین و کۆمەڵگە و دەوڵەت لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا: حیجاز لە ژێر کۆنترۆڵی عوسمانیدا، ١٨٤٠ ١٩٠٨". کۆڵۆمبس: چاپی زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، ١٩٨٤.

 ڕاتکە، بێرند، "لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی کیتاب ڕیماح حیزی ئەلڕەحیمی حاجی عومەر"، گۆڤاری سودانیکا ئەفریکا، ژمارە ٦ (١٩٩٥)، ل ٧٣.

 ڕیکلێفس، مێرلە، "شەش سەدە لە بەئیسلامبوون لە جاوادا"، لە کتێبی نەهێمیا لێڤتزیۆن، "وەرگەڕان بۆ ئیسلام". نیویۆرک: هۆڵمز ئەند مایێر، ١٩٧٩.

 ڕینکس، د. ئە. ، "عەبدولڕەئووف سینگکێڵ: بەشداری لە زانستی تەسەوف لە سۆمەترە و جاوادا". نامەی دکتۆرا، لایدن، ١٩٩٠.

 ڕیزوی، سەید ئەتهەر عەبباس، "مێژووی سۆفیگەری لە هندستاندا"، بەرگی ٢، نیودلهی: مونشیرام مانۆهارلال، ١٩٨٣.

 سنۆک هۆرخرۆنیە، سی. ، مەککە، بەرگی دووەم: "ژیانی هاوچەرخ". لاهای (دەنهاخ): مارتینۆف نیجهۆف، ١٨٨٩.

 تەوەکولی، موحەممەد، "تاریخی تەسەووف دەر کوردستان". تەهران: ئینتیشاراتی ئیشراقی، ١٩٨٠.

 ڤۆڵ، جۆن ئۆ. ، "موحەممەد هەییا ئەلسیندی و موحەممەد ئیبن عەبدولوەهاب: شیکارییەک بۆ گرووپێکی ڕووناکبیری لە سەدەی هەژدەهەمی مەدینەدا"، بڵاوکراوەی خوێندنگەی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵات و ئەفریقا، ژمارە ٣٨ (١٩٧٥)، ل ٣٢ ٣٩.

 ڤوورهۆف، پ. "لەبارەی نورەدی ڕانیری و دەوروبەری"، گۆڤاری بەشداری لە زمان و جوگرافیا و ئیتنۆلۆجی، ژمارە ١٠٧ (١٩٥١)، ل ٣٥٣ ٣٦٨.

 ڤرێدێنبرێگت، جاکۆب، "دەبوس لە جاوای ڕۆژاوادا"، گۆڤاری بەشداری لە زمان و جوگرافیا و ئیتنۆلۆجی، ژمارە ١٢٩ (١٩٧٣)، ل ٣٠٢ ٣٢٠.

 واڵش. جەی. ئاڕ. "گورانی، شەرەفەدین"، ئینسکلۆپێدیای ئیسلام، چاپی نوێ.

 یڵدز، شەکیب، "مەلا گۆرانیی مامۆستای فاتیح و تەفسیر کردنی". ئیستانبوڵ: کۆشکی کتێبی سەححاف، بێ مێژوو.

 زەمزەم، زافری، "شێخ موحەممەد ئەرسیاد ئەلبانجەری: عالم و خەتیبێکی گەورەیە". چاپی دووەم، بەنجامارسین: کاریا، ١٩٧٩.

 

سەرچاوە:

مارتن ڤان بروونەسن: کتێبی  "مەولانا خالید و دەسەڵاتی میراتی ئاینی لە کوردستان و ئیندۆنیسیا".

وتاری: عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیدۆنیسییەکانیان

Martin van  Bruinessen

‘Kurdish `ulama and their Indonesian disciples’

published in Les Annales de l’Autre Islam 5 (1998), 83-106 and reprinted in Martin van Bruinessen, Mullas, Sufis and heretics: the role of religion in Kurdish society. Collected articles, Istanbul: Isis, 2000.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×