هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، بوونی میکانیزم و هێڵێکی پەیوەندیی بەردەوامی لەنێوان ڕێکخراوەکەیان، دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتڕاست کردەوە. ناوبراو ڕەخنە لە پڕۆژەیاسای نوێی لێبوردن دەگرێت و ڕەتیدەکاتەوە هیچ شاندێکی چەند سەد کەسی ڕەوانەی دورگەی ئیمراڵی بکرێت.
ئاوێنە: بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (T24)ی تورکی، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرسی کورد و گفتوگۆکان لەگەڵ ئەنقەرە. هۆزات ئاشکرای کرد کە کەناڵ و میکانیزمێکی پەیوەندی لەنێوان ئەوان و دەوڵەتی تورکیادا هەیە کە لە ڕێگەیەوە ناوە ناوە کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت، ئاماژەی بەوەش دا کە هێڵەکانی پەیوەندی بۆ گەیاندنی بۆچوونەکانیان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامە.
سەبارەت بە دەنگۆی ناردنی وەفدێکی ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کەسی بۆ دورگەی ئیمراڵی، هاوسەرۆکی کەجەکە تەواوی ئەو زانیارییانەی بە "پڕوپاگەندە و بێ بنەما" وەسف کرد. هۆزات ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی گۆشەگیریی سەرتاسەری لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لانەبرێت و مەرجەکانی کارکردنی ئازادی بۆ دابین نەکرێت، ناردنی کەس بۆ ئیمراڵی مەحاڵە و نابێت باوەڕ بەو دەنگۆیانە بکرێت. جەختیشی کردەوە کە پێویستە پێگەی یاسایی و دەستووریی فەرمی بۆ ئۆجەلان دابنرێت تا بتوانێت پڕۆسەکە بەڕێوە ببات، چونکە بەبێ گەرەنتیی یاسایی، دەسەڵاتداران دەتوانن لە هەر کاتێکدا دۆخەکە قورستر بکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، بەرپرسە باڵاکەی کەجەکە هەڵوێستی خۆی لەسەر "یاسای چوارچێوەی نوێ" (یاسای لێبوردن) خستە ڕوو و پێی وایە ئەو یاسایە ناتوانێت هیچ قەیرانێک چارەسەر بکات. هۆزات وتی: "یاساکە پڕە لە دژبەیەکی، چونکە جیاکاری لەنێوان ئەوانەدا دەکات کە دەستیان لە چالاکیی سەربازیدا هەبووە لەگەڵ ئەوانەی بەشدار نەبوون. ئەگەر پێوەر لە یاساکەدا تەقەنەکردن و بەشدارینەکردن بێت، دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان یەکەم کەس بێت سوودمەند بێت و ئازاد بکرێت، چونکە ئەو تەنانەت یەک فیشەکیشی بەو دەوڵەتەوە نەناوە و دەبێت دەستبەجێ پێگەی یاسایی فەرمی و مافی ئومێدی پێبدرێت".
هاوکات لە پەیامێکدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە، داوای دەرکردنی یاسایەکی گشتگیر و گەرەنتیداری کرد کە سەرجەم کادیر و سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکەیان بەبێ جیاکاری بگرێتەوە.
دەربارەی پرسی چەکدانان و گۆڕینی ستراتیژیی ڕێکخراوەکەیان، بەسێ هۆزات ڕوونی کردەوە کە پرۆسەی دانانی چەک لەلایەن ئەوانەوە هەنگاوێکی تەواو هێمایی بووە، وەک نیشانەیەک بۆ تێپەڕین بەرەو "ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک" و خستنەڕووی هاوسەنگی و بڕیاردانی جیددییان لەم دۆسیەیەدا. ناوبراو وتیشی: "سەرەڕای ٢٠ ساڵ گۆڕانکاری لە تێڕوانین و بیرکردنەوەماندا، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشەکانی دەوڵەت و نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری سیاسی، خەباتی چەکداری بە ناچاری بەردەوام بوو. لەم قۆناغە نوێیەدا، ئەگەر دەوڵەت هەنگاوی جیددی بنێت، ئێمە ئامادەین بۆ کاری سیاسیی ئاشتیانە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هۆشداریی دایە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە و ڕایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەرئەنجامی ١٠٠ ساڵ سیاسەتی ئینکارکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردە لە ناوچەکەدا؛ بۆیە ئەگەر دۆزی کورد بەرەو چارەسەرییەکی دیموکراتیک و دانپێدانان بە دیموکراسیی ناوخۆییدا نەچێت، هیچ پڕۆسەیەک لەو وڵاتەدا سەرکەوتن بەخۆیەوە نابینێت.