حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، لە نێوان ڕەتکردنەوەی فەرمیی حکومەت و فشاری توندی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی کارگێڕیی قووڵ بووەتەوە. لە کاتێکدا وڵات بەدەست قەیرانی نەختینەیی و گوشاری داراییەوە دەناڵێنێت، ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر زیادکردنی چوار پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و سێ وەزارەتی نوێ—کە یەکێکیان وەزارەتی "ژیریی دەستکرد"ـە وەک پاداشتێک بۆ ئەو گروپانەی چەکیان داناوە—پرۆسەی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی زەیدییان بەتەواوی پەکخستووە و ناردنی ناوی وەزیرە نوێیەکانی بۆ پەرلەمان دواخستووە.
مەرجە پێشوەختەکان و سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "مەدا" کە پشتی بە سەرچاوەکانی نزیک لە کۆشکی حکومەت بەستووە، هێزە شیعییەکان بە متمانەیەکی زۆرەوە لە دابەشکردنی پۆستەکاندا دەجوڵێنەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێش وەرگرتنی دەسەڵات، عەلی زەیدییان بە چەند مەرجێکی قورس کۆتوبەند کردووە؛ لەوانە پابەندبوونی بە ڕاوێژکردن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر تەواوی پرسە ورد و درشتەکانی وڵات، هەروەها بەڵێندان بەوەی هیچ پارتێکی سیاسی دامەزرێنێت و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا خۆی کاندید نەکات.
ئەم کۆتوبەندانە لە هەوڵێکی دیکەی سەرۆک وەزیراندا زیاتر دەرکەوتن؛ کاتێک زەیدی هەوڵیدا مەودای جوڵەکانی فراوان بکات و "نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان" زیندوو بکاتەوە (کە ١٢ ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی حەیدەر عەبادیدا هەڵوەشێنرابووەوە)، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی توند بووەوە. هێزە شیعییەکان ترسیان لەوە هەیە ئەم نوسینگەیە، کە لەلایەن عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری پێشووی ناوخۆوە بەڕێوەدەبرێت، دەسەڵاتەکانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی قۆرخ بکات.
بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و پشتتێکردنی سیاسی
لەسەر ئاستی ئابووری، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا عەلی زەیدی لە بەردەم لێکەوتەکانی بڕیاری گۆڕینی نرخی دۆلاردا بەتەنها جێهێڵدرا و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵیاندا خۆیان لە بەرپرسیارێتیی ئەو بڕیارە بدزنەوە. بەڵام زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاشکرای دەکەن کە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار پێشتر لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک بووە لە پڕۆژەی "سێگۆشەی ئابووریی زەیدی" کە خۆی لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، کۆتاییهێنان بە دامەزراوە قەرزارەکان و گەڕاندنەوەی پارە لە گەورە گەندەڵکاران دەبینێتەوە.
پاشەکشەی مالیکی و دابەشکاریی پۆستی جێگرەکان
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان لەسەر زیادکردنی پۆستە باڵاکان، سەرەتا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا، لەسەر بنەمای ئامۆژگارییەک کە لە نەجەفەوە ئاراستەی کرابوو، دژی دروستکردنی پۆستی جێگرەکانی سەرۆک وەزیران وەستایەوە بە پاساوی ئەوەی بارگرانیی دارایی بۆ دەوڵەت دروست دەکات. بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی مەدا، مالیکی لە بەرامبەر پێدانی هەردوو وەزارەتی سیادی و گرنگی "ناوخۆ" و "خوێندنی باڵا" بە هاوپەیمانێتییەکەی، لە هەڵوێستەکەی پاشەکشەی کردووە و ڕازی بووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خودی عەلی زەیدی ڕۆڵی هەبووە لە سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتۆن بە مەبەستی لادانی سزا و قەدەغەی سەر لەیس خەزعەلی (برای قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق)، تاوەکو ناوبراو بتوانێت پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران وەربگرێت. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کراوە، چوار پۆستەکەی جێگری سەرۆک وەزیران بەم شێوەیە دابەش دەکرێن:
لەیس خەزعەلی (عەسائیبی ئەهلی حەق)
موحسین مەندەلاوی (نوێنەری فراکسیۆنی سادقون)
محەمەد تەمیم (حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی)
نوێنەرێکی کورد لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان (کە تا ئێستا ناوەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە).
پاداشتی چەکدانان؛ وەزارەتی "ژیریی دەستکرد" و گەشتوگوزار
لە کاتێکدا حەیدەر عەبودی، وتەبێژی فەرمیی حکومەت، هەواڵی زیادکردنی وەزارەتەکان و دامەزراندنی وەزارەتی ژیریی دەستکرد بەتەواوی ڕەتدەکاتەوە و تەنها بە "بۆچوونی تاکەکەسیی هێزە سیاسییەکان" ناوی دەبات، بەڵام عامر فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، پەردەی لەسەر ڕاستیی ڕێککەوتنەکان لادا و جەختی کردەوە کە وەزارەتی نوێ جێگیر دەکرێن.
بەپێی وتەی ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی، دابەشکاریی وەزارەتە نوێیەکان کە وەک پاداشتێک بۆ پڕۆسەی چەکدانانی گروپەکان و ڕازیکردنی پێکهاتەکان داڕێژراوە، بەم شێوەیە دەبێت:
وەزارەتی ژیریی دەستکرد: دەدرێتە محەمەد دەرەجی، وەک پشکی بزووتنەوەی "کەتائیبی ئیمام عەلی" بە سەرکردایەتیی شبل زەیدی، ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆسەی چەکدانانی خۆیان ڕاگەیاند.
وەزارەتی گەشتوگوزار: دوای ئەوەی لە وەزارەتی کولتور جیادەکرێتەوە و دەکرێتە وەزارەتێکی سەربەخۆ، دەدرێتە گروپی "کەتائیبی سەیدولشوهەدا" بە سەرکردایەتیی ئەبو ئالا وەلائی، وەک پاداشتێک لە بەرامبەر ڕەزامەندییان لەسەر دانانی چەک.
وەزارەتی دەوڵەت: وەک وەزارەتێکی نوێ دادەمەزرێت و تایبەت دەکرێت بە پێکهاتەی تورکمان.
ئەم شەپۆلە نوێیەی دابەشکاریی پۆستەکان کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبی (محاصصە) بەڕێوەدەچێت، بووەتە بەربەستی سەرەکی لەبەردەم تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی و هۆکاری ڕاستەوخۆی دواکەوتنی ناردنی ناوی کاندیدی وەزارەتەکانە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.