بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان، خێزانێکی پێنج کەسیی دانیشتووی شاری سلێمانی تووشی کارەسات بوون؛ لە ڕووداوەکەدا دایک و باوکەکە ڕزگاریان بووە، بەڵام دوو منداڵیان گیانیان لەدەستداوە و منداڵێکی دیکەشیان تا ئێستا بێسەروشوێنە.
ئاوێنە: ئەو خێزانە کە لە دایک و باوکێک و سێ منداڵ پێکهاتبوون، بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا ڕێگەی دەریایان گرتەبەر، بەڵام بەلەمەکەیان لە نێوان سنوورە دەریاییەکانی تورکیا و یۆنان نقووم بوو و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە کەوتنە ناو ئاوەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی گەشتەکەیان، خاڵی منداڵەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خوشک و زاواکەی لەگەڵ سێ منداڵەکەیاندا ئەو ڕێگەیەیان بۆ کۆچکردن هەڵبژاردووە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی ٥٥ هەزار دۆلاری ئەمریکییان داوە بە قاچاخچییەک، لە بەرامبەر ئەوەی بە ڕێگەیەکی سەلامەت بیانگەیەنێتە ئەورووپا.
لەبارەی چارەنووسی ئەندامانی خێزانەکە لە دوای ڕووداوەکە، ناوبراو پشتڕاستی کردەوە کە خوشک و زاواکەی لە خنکان ڕزگاریان بووە، بەڵام دوو لە منداڵەکان لە دەریاکەدا خنکاون و گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە منداڵی سێیەمی خێزانەکە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و هەوڵ و گەڕانەکان بەدوایدا بەردەوامن.