شارەزایەکی کاروباری ئابووری لە عێراق هۆشداری لەبارەی لێکەوتە نەرێنییەکانی زۆربوونی ژمارەی کرێکارانی بیانی لە وڵاتدا دەدات و ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئەو کرێکارانەوە ساڵانە بڕێکی خەیاڵی لە دراوی قورس دەبرێتە دەرەوەی عێراق و بازاڕی ناوخۆیی لە سووڕی ئەو سەرمایەیە بێبەش دەبێت.
ئاوێنە: عەلی کەریم ئێزھیب، شارەزای کاروباری ئابووری لە ڕێکخراوی (ڕووناکییەکانی دجلە بۆ پلاندانانی ستراتیژی)، لە ڕاگەیەنراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر دۆسیەی کرێکارانی بیانی و بە "مەترسیدار" ناوی دەبات. بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی ناوبراو خستوویەتییە ڕوو، لە ئێستادا نزیکەی ٨٠٠ هەزار کرێکاری عەرەب و بیانی لە سەرتاسەری عێراقدا کار دەکەن.
لە ڕووی داراییەوە، ئەو شارەزا ئابوورییە شیکارییەکی بۆ قەبارەی ئەو پارەیە کردووە کە دەدرێتە کرێکارە بیانییەکان و دەڵێت: "ئەگەر بە شێوەیەکی مامناوەند تێکڕای مووچەی مانگانەی هەر کرێکارێک بە ٣٠٠ دۆلار هەژمار بکرێت، ئەوا کۆی گشتیی ئەو پارەیەی مانگانە وەک مووچە پێیان دەدرێت دەگاتە ٢٤٠ ملیۆن دۆلار، کە لە ئاستی ساڵێکدا دەکاتە نزیکەی ٢ ملیار و ٨٨٠ ملیۆن دۆلار."
ئێزھیب کاریگەری و مەترسییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دیاردەیەی لە دوو خاڵی سەرەکیدا چڕکردووەتەوە:
یەکەم: دروستبوونی کێبڕکێیەکی نادادپەروەرانە لە نێوان کرێکاری بیانی و گەنجانی ناوخۆی عێراق بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەرفەت بۆ دەستی کاری ناوخۆیی.
دووەم: ڕەوانەکردنی بەشێکی هەرە زۆری ئەو داهات و مووچانە بۆ دەرەوەی سنوورەکان، ئەمەش راستەوخۆ ئابووریی نیشتمانی لە دووبارە وەگەڕخستنەوە و سووڕی سەرمایە لە بازاڕی ناوخۆدا بێبەش دەکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا، عەلی ئێزھیب هێمای بۆ ئەوە کردووە کە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە مانای دژایەتیکردنی کرێکارانی بیانی نایەت، بەڵکو ئامانجی سەرەکی بریتییە لە ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار لەسەر بنەمای یاسا و مسۆگەرکردنی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە.
بۆ ئەم مەبەستەش، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکات پەنا ببەنە بەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و کرداری، لەوانەش: توندکردنەوەی چاودێری لەسەر پێدانی مۆڵەتی کارکردن، بنبڕکردنی دیاردەی هێنانی کرێکاری تۆمارنەکراو (قاچاخ)، هەروەها گرێدانی سیاسەتی بەگەڕخستن و دامەزراندن بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ئابووریی نیشتمانییەوە.