مەزڵوم عەبدی: دوای پرۆسەی ئاشتی تورکیا هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕاگرتووە و بۆیە پشتیوانی دەکەین
  2026-10-13     

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا ڕایگەیاند، ئەگەر لە دەستوور بچەسپێت گەلی کورد دەگات بە مافەکانی خۆی، چونکە لە سەرۆکایەتی کۆمار واژۆ لەسەر مافەکانی کورد کراوە، دەشڵێت "سەرۆک ئۆجەلان لەکاتی هێرشەکان لەسەر ڕۆژئاوا ڕۆڵی گرنگیان هەبوو، دوای پرۆسەی ئاشتی هێرشەکان لەسەر ڕۆژئاوا ڕاگیراون لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، بۆیە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکەین".

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، سەبارەت بە دۆخی کورد لە سوریا و پرۆسەی ئاشتی وتی "لەبواری زمان پێشکەوتن هەیە، زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمی قبوڵ کراوە، ڕاستە کێشە هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت، ئێمە لەناو پرۆسەیەکی نوێداین، ڕێککەوتنێکمان هەیە و لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار ڕێککەوتن کراوە، لە ڕێککەوتنەکە ئاماژە بە مافی کورد کراوە لە دەستوور، دەستکەوتی ئێمە لەبواری سەربازی و ئیداری هەبووە، سەرۆککۆمار ئیمزای کردووە بەڵام دەبێت لە دەستوور جێگیر بکرێت، ئەو کاتە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەگاتە مافی خۆی".

وتیشی "مەسەلەی ئێمە و دیمەشق شەخسی نییە، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی سوریاوە هەمیشە دەوڵەت کوردی دوور خستووەتەوە لە حکومەت و بەڕێوبەری، ئێستا بەرەپێشچوون هەیە، هەڤاڵانی سەربازی ئێمە تێکەڵی دامەزراوە سەربازییەکان دەبن، لە ئێستادا لەسەر عەرزی واقیع خەریکە متمانە درووست دەبێت لە نێوان هەردوولا".

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوان هەرشتێکیان دەستکەوتبێت لە ئەنجامی یەکڕیزی دەستیان کەوتووە، دەڵێت "گەر یەکێتی نەبێت مافی خۆمان بەدەست ناهێنین، لەو باوەرەدام پێویستە هێزی سیاسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشەکانی دیکەش یەکێتی درووست بکەن، پێویستە هەموو هێزەکانی ڕۆژئاوا دەستکەوتەکان بەهی خۆیان بزانن، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، هەوڵدەدەین خەباتی یەکێتی کوردی زیاتر زیندوو بکەینەوە".

دووپاتیشیکردەوە "هەموو کورد پشتگیریی پرۆسەی ئینتیگراسیۆنی کرد کورد لە سوریا و کەس دژی نەبووە، ئێمە لەگەڵ دەوڵەت گفتوگۆمان کرد، لەکاتی هێرشەکانی سەر ئێمە تەواوی گەلی کورد پشتیوانی ئێمەیان کرد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی مەزنی گێڕا لەکاتی هێرشەکان، هەولێر و سلێمانی زۆر پشتیوانی ئێمە بوون بە گشتی و درێخییان نەکرد و پشتگیرییەکی گەورەی ئێمەیان کرد".

دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی و رۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان لە هێرشەکانی سەر رۆژئاوا، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا ئاشکرایکرد "لە تورکیا پرۆسەیەکی نوێ هەیە و ئەو پرۆسەیە کاریگەری لەسەر ئێمەش هەبوو، یەکێک لەوانەش هێرشی تورک لەسەر ڕۆژئاوا وەستاوە، لەسەردەمی شەڕیش سەرۆک ئۆجەلان ڕۆڵی گرنگی هەبوو و کاریگەری خۆی هەبوو، گەر پرۆسەی ئاشتی سەرکەوێت، ڕۆژئاوای کوردستان سوودمەند دەبێت، بۆیە وەکو ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەین".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×