مەترسییەکانی سەر پشکی هەرێم، فراکسیۆنە کوردییەکانی لە پەرلەمانی عێراق یەکخست
  2026-10-13     

پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەردەبڕن و ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەکە چەندین بڕگەی تێدایە کە دەبنە بەربەست لەبەردەم مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا، جەخت لە پێویستیی یەکگرتوویی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکرێتەوە بۆ رێگریکردن لە تێپەڕاندنی یاساکە بەم فۆرمەی ئێستای.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، پڕۆژەیاساکە بە "کارەسات" ناو دەبات و دەڵێت رەچاوی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نەکراوە، هەروەها پشت بە ئامارەکانی سەرژمێریی دانیشتووان نابەستێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە پڕۆژەکە دەیان "مینی چێندراو"ی تێدایە کە پەسەندکردنیان وەک خۆی، لێکەوتەی نەرێنیی گەورەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێت.

لەبارەی وردەکاریی خاڵە ناکۆکییەکانەوە، دووبەردانی روونیکردووەتەوە کە پابەندکردنی هەرێم بە رادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کێشەی داهاتە نانەوتییەکان و دانەوەی قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI)، لە دیارترین ئەو بەربەستانەن کە لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر کراون.

یەکێکی دیکە لە رەخنەکانی ئەو پەرلەمانتارە، کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستانە بۆ کەمتر لە ١٢٪، لە کاتێکدا کورد داوای پشکی ١٤.١٤٪ دەکات. بۆ بەراوردکردنی ئەم جیاوازییەش، نموونەی بە بودجەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق هێناوەتەوە کە بڕەکەی ١٣ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینارە، کە بە تەنیا لە کۆی گشتیی پشکی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان زیاترە.

سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دووبەردانی رەخنە لە سیاسەتی بەغدا دەگرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا و دەڵێت، نالۆژیکییە کە حکوومەتی عێراق سزای مووچەخۆرانی هەرێم بدات ئەگەر کێشە لە رادەستکردنی تەواوی داهاتەکاندا هەبێت، لە کاتێکدا کەسانێک هەن لە وڵاتێکی وەک ئوسترالیا دەژین و مووچە لە عێراق وەردەگرن. بۆیە پێیوایە، تاکە چارەسەر لەبەردەم نوێنەرانی کورد، کاری هاوبەشی فراکسیۆنەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە.

لە لایەکی دیکەوە، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کۆدەنگیی لەنێوان لایەنە کوردییەکان بەردەوامە و تا ئێستا سەرجەمیان لەسەر رەتکردنەوەی پڕۆژەیاساکە بەم شێوەیەی ئێستا هاوڕان. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە فراکسیۆنەکەیان دەنگ بە پڕۆژەیاساکە نادات و رێگە نادەن بە زیانی خەڵکی کوردستان تێپەڕێت.

بە هەمان شێوە، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دووپاتی کردووەتەوە کە دەنگدان بە پڕۆژەکە بەتەواوی گرێدراوە بە گەرەنتیکردنی شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـدا، هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر وەرگرتنی پشکی ١٤٪ دەکات بەپێی دەرەنجامەکانی سەرژمێریی دانیشتووان.

ئەم کۆدەنگییەی لایەنە کوردستانییەکان، پرۆسەی تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق دەخاتە بەردەم قۆناخێکی دژوارەوە و گوشارێکی گەورە دەخاتە سەر لایەنەکانی دەسەڵات لە بەغدا بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕگەکانی پڕۆژەیاساکەدا بکەن، چونکە بێ لەبەرچاوگرتنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، پرۆسەی پەسەندکردنی بودجە رووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی و یاسایی دەبێتەوە.

سەرچاوە: کوردستان24

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×