ڕۆژی سێشەممە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) سەبارەت بە بڕیاری قەدەغەکردنی سیمبولە ئیسلامییەکان لە ئازەربایجان هاتە دەنگ و ڕەخنەی لەو هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گرت.
ئاوێنە: لە سەرەتای پەیامەکەیدا، سەدر ڕوونی کردووەتەوە کە دەربڕینی ئەم هەڵوێستە بە واتای دەستوەردان نایەت لە کاروباری ناوخۆی ئازەربایجان، بەڵکو وەک ئەرکێکی ئایینی لە چوارچێوەی "فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە" بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت و ئامۆژگارییان دەکات.
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بڕیارەکەی بە جۆرێک لە "توندڕەویی عەلمانی" وەسف کردووە و بەراوردی کردووە بە "توندڕەویی داعش". هەروەها هۆشداری داوە لەوەی کە ئەم جۆرە هەنگاوانە دەبنە هۆی هاندانی گرژی و توندڕەوی لەو وڵاتەدا کە چاوەڕێ دەکرا ببێتە نموونەیەک بۆ میانڕەوی.
سەدر سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە لە تێگەیشتنی عەلمانییەکان بۆ چەمکی عەلمانییەت و ڕایگەیاندووە؛ جێگەی سەرسوڕمانە پێیان وایە عەلمانییەت دژایەتیکردنی ئیسلامە، لە کاتێکدا دەبوو بنەمای عەلمانییەت لەسەر ئازادی و دەستوەرنەدان لە ئازادییە کەسییەکان بونیاد بنرێت.
سەبارەت بە پرسی قەدەغەکردنی باڵاپۆشی (حیجاب)، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر ئامانج لەو بڕیارە ئازادکردنی ژنان بێت لە کۆتوبەند، ئەوا بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە. بە بڕوای ئەو، ئەم بڕیارە لە لایەکەوە پاڵنەر دەبێت بۆ ژنانی باوەڕدار تا زیاتر پابەند بن بە پۆشاکەکەیانەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ئەوانەی مل بۆ بڕیارەکە دەدەن، دەکەونە ژێر کاریگەریی ئارەزووەکان و هەژموونی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل بەسەر وڵاتەکەیاندا زیاتر دەبێت.
لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکەیدا، سەدر بڕیارەکەی بە هەنگاوێکی سیاسی زانیوە کە ئامانج لێی پەراوێزخستنی ئیسلامی میانڕەو و سەپاندنی هەژموونی عەلمانییەکانە بەسەر دەوڵەتدا. بۆ سەلماندنی قسەکانیشی، نموونەی بە وڵاتانی وەک تونس و تورکیا هێناوەتەوە کە لە ڕابردوودا هەمان هەنگاویان بۆ قەدەغەکردنی باڵاپۆشی و ڕۆژووگرتن گرتەبەر، بەڵام لە کۆتاییدا، وەک ئەو ئاماژەی پێداوە، بووە هۆی زیادبوونی ڕێژەی باڵاپۆشی لەو وڵاتانەدا.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، موقتەدا سەدر داوای لە دەسەڵاتداران و بڕیاردەرانی ئەو وڵاتە کرد کە پەند لەو ئەزموونانەی پێشوو وەربگرن پێش ئەوەی کات لەدەست بچێت.