لە میانی بەڕێوەچوونی "فێستیڤاڵی رێگەی کەلتووری" لە شاری دیاربەکر، سێفۆ، گۆرانیبێژی ناسراوی پۆپی تورکیا، کۆنسێرتێکی جەماوەریی سازکرد. ئەوەی لەم ئاهەنگەدا سەرنجی ئامادەبووان و میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشا، دەرکەوتنی ئەو هونەرمەندە بوو لەسەر شانۆ بە ملپێچی یانەی ئامەدسپۆرەوە، کە دواتر کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە.
ئاوێنە: لەبەردەم ئامادەبوونێکی زۆری جەماوەردا، سێفۆ ژمارەیەک لە بەرهەمە ناسراوەکانی خۆی پێشکەش کرد. لەگەڵ بینینی ملپێچی ئامەدسپۆر لە ملی گۆرانیبێژەکەدا، جۆش و خرۆشی ئامادەبووان زیاتر بوو و بە چەپڵەڕێزان و دروشمەوە پێشوازییەکی گەرمیان لەو هەنگاوە کرد. زۆری نەخایاند، وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو ساتە لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکرانەوە و بوونە جێگەی باسی میدیاکان.
جێی ئاماژەیە، ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندە "سەیفوڵڵا ساغر"ـە و لەدایکبووی شاری سامسونی تورکیایە. ناوبراو وەک یەکێک لە ناوە دیارەکانی مۆسیقای پۆپ لە تورکیا دەناسرێت و بەرهەم و ڤیدیۆکلیپەکانی خاوەنی ملیۆنان بینەرن.
فێستیڤاڵی رێگەی کەلتووریی دیاربەکر، کە چالاکییەکانی تا ئێستاش بەردەوامن، تەنها لە کۆنسێرتی مۆسیقی پێکنەهاتووە، بەڵکو چەندین چالاکیی هەمەجۆری هونەری و کەلتووریی دیکە لەخۆ دەگرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، یانەی ئامەدسپۆر وەک یەکێک لە یانە دیارەکانی باکووری کوردستان خاوەن جەماوەرێکی فراوانە. لە وەرزی ئەمساڵدا، یانەکە لە خولی پلە یەکی تورکیا یاری دەکات و بەهۆی پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزەوە، تا ئێستا پێشەنگی خولەکەی گرتووە.