قه‌ره‌یلان: تا ئۆجه‌لان ئازاد نه‌بێت پیلانگێڕی به‌رده‌وام ده‌بێت
  2026-10-12     

موراد قەرەیلان، ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی نه‌په‌گه‌ ڕایگەیاند، ئامانجی پیلانگێڕی پاكتاوکردنی تەڤگەری ئازادی بو، ویستیان گەلی کورد لاواز بکەن. ده‌شڵێت، لە ئێستادا هەمان سیاسەت لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئەوە پیلانگێڕی دوەم بو بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان کرا، تا عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ئازاد نەبێت، پیلانگێڕی بەردەوام دەبێت.

ئاوێنه‌: موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی نەپەگە، ئه‌مشه‌و دوشه‌ممه‌، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی، ڕایگەیاند، ئامانجی پیلانگێڕی پاكتاوكردنی تەڤگەری ئازادی بو، ویستیان گەلی کورد لاواز بکەن، لە ئێستادا هەمان سیاسەت لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئەوە پیلانگێڕی دوەم بو بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان کرا.

وتیشی: هەروەها دەوڵەتان هەوڵیاندا کورد لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانیش لاواز بکەن، پیلانگێڕی لەدژی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان دەستیپێکرد و ئێستاش بەردەوامە، تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت بەردەوام دەبێت.

باسیلەوەشکرد، لە نێوان عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و دەوڵەت دیالۆگ هەیە، مەرجی یەکەممان ئەوەیە ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی هەبێت لە پرۆسەکە، گەر سەرۆک لە زیندان بێت ئاشتی بەدی نایەت، دەوڵەت دەیەوێت پرۆسەکە سەربکەوێت، بەڵام گەلی ئێمە ئامادە نییە، ڕێىەر ئاپۆ دەستی دەوڵەتی تورکیای فراوان کرد، بەڵام دەوڵەتی تورک هەنگاوی نەناوە، بۆ ئەوەی پرۆسەكه‌ پێشبکەوێت، دەبێت دەوڵەت هەنگاو بنێت.

وتیشی: پرۆسەکە پرسی سەربازی نییە بەڵکو پرسێکی کۆمەڵگەییە، بابەتەکە تیرۆر و چەک نییە، بەڵکو مەسەلەکە کوردە، ئەمە پرسێکی سەد ساڵه‌یە، دەوڵەت تائێستا بڕیاری کۆنسەی ئەوروپای بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ نەکردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌باره‌ی پرسی چۆڵکردنی قەندیل، قەندیل بەبێ پاراستن نامێنێتەوە، پرسی چەکدانان پێویستی بە یاسا هەیە، دەبێت شەڕی چەکداری بگوازرێتەوە بۆ خەباتی سیاسی، هەر گەریلایەک دەبێت دەرفەتی ئەوەی هەبێت خەباتی سیاسی ئەنجام بدات.

ڕایشیگەیاند، لە ڕۆژئاوای کوردستان زمانی کوردی 12 ساڵە زمانی پەروەردەیە، بڕیاری کەمکردنەوەی خوێندن بێڕێزییە بەرانبەر بە شەهیدان و شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئەوە سیاسەتی ڕژێمی بەعسە، کە هەمو کۆمەڵگە بکاتە یەکڕەنگ، لە سوریا چەندین پێکهاتە هەیە، ئەو دەسەڵاتە خۆی وەک دەسەڵاتی ئیسلامی نیشان دا، به‌ڵام لە ئیسلامدا زمانی هیچ نەتەوەیه‌ك قەدەغە نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە حەسەکە هەوڵی ئاژاوەگێڕی هەیە، شۆرشی ڕۆژئاوا کۆنفیدراڵیزمی نەتەوەی دیموكراسی پێشخست، بەوەش کورد دەبێتە هێزێکی سەرەکی و هەمو پێکهاتەکان بەهێز دەبن، هەندێک دەوڵەتیش لەوە ترسان، ئێمە دەزانین کام دەوڵەت بڕیاریان داوە لەو بارەیەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×