ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركیا بڵاویكرده‌وه، په‌په‌كه له هه‌ستی تشرینی یەکەمدا چوار پێگه‌ی لە ناوچەی بازێی مەتینا له هه‌رێمی كوردستان چۆڵكردوه.
ئاوێنه: ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له زاری سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانه‌وه بڵاویكرده‌وه، وەک بەشێک لە بەهێزکردنی هاوده‌نگی نیشتمانیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی کاره‌كانی په‌یوه‌ست به چۆڵکردنی ئەو پێگانه‌ی کە لە ڕوانگەی ئاسایشی تورکیاوە مەترسیی پێکدادانیان لێدەکەوێتەوە، پەکەکە لە هه‌شتی تشرینی یەکەمدا پێگه‌كانی خەبات، یاژک، سەبری و ساسۆنی لە ناوچەی بازێ له مەتینای هه‌رێمی كوردستان چۆڵکرد.
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه "ئەم پێشهاتە بوە نیشانەی ئەوەی كه پرۆسەکە پێداگرانه بەردەوامە."
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو "دوای کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی پەکەکە/کەجەکە لە گشت بوارەکاندا، چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغەکانی دواتری پرۆسەکەدا و بە سودوەرگرتن لە یاسا، به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوەکە بۆ تورکیا، ئاشتبونەوەی کۆمەڵایەتیی دەستەبەر بکرێت."
ئه‌نادۆڵ وتوشیه‌تی "ئامانج ئەوەیە به‌و بەرنامە گشتگیره‌ی لە چەندین بواری وەک پەروەردە و ئابورییدا، تێكه‌ڵبونی ئەندامانی پەکەکە/کەجەکە لەگەڵ کۆمەڵگا دەستەبەر بکرێت." و "هاوكات لە سایەی ئەم پێشهاتانە، چەسپاندنی هەمیشەیی ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا درێژه‌ی پێدەدرێت."
سەرچاوە ئەمنییەکان كه قسه‌یان بۆ ئاژانسه‌كه كردوه وتویانه "بە سەرکەوتنی پرۆسەکە، ئامانج ئەوەیە لەسەر بنەمای برایەتیی تورک و کورد گشت پێکهاتەکانی کۆمەڵگا دەست لەناو دەست بنێن و لە هەمو گۆشەیەکی تورکیادا به‌یه‌كه‌وه لە ئاشتیی و ئارامییدا بژین."
هه‌روه‌ها سەرچاوەکان جەختیان لەسه‌ر ئه‌وە کردۆتەوە "هەر هەنگاوێک لە چوارچێوەی ئەرکی بەهێزکردنی هاوده‌نگی نیشتمانیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتیی و بەهێزکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا بنرێت، دەبێتە مژدەبەخشی ئاینده‌یه‌كی پڕ لە ئارامیی کە شایستەی گەلە."