دوای هێرشەکانی سەر ڕیاز؛ ئێران پێشنیازی نێوەندگیری و چارەسەری سیاسی دەخاتە بەردەم سعودیە
  2026-10-12     

​لە چوارچێوەی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز و چەند ناوچەیەکی دیکەی سعودیە، کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانی خۆی سەبارەت بەم گرژییانە ڕاگەیاند. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی "بە قووڵی نیگەرانە لە پێشهاتەکانی نیمچە دورگەی عەرەبی". هاوکات جەختی لە ئامادەیی تاران کردەوە بۆ ڕۆڵگێڕان لە ئاسانکاری پرۆسەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی.

ئاوێنە: ​لەم میانەیەدا و بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕەوشی ناوچەکە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. وەک ئەوەی ئاژانسی ڕاگەیاندنی فەرمی سعودیە بڵاویکردووەتەوە، تەوەری سەرەکی پەیوەندییەکە بریتی بووە لە هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە و ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی دەدرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا.

​بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ئێرانی، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە گفتوگۆکەدا پابەندبوونی شانشینەکەی بە بەردەوامیدان بە ڕۆڵی ناوچەیی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دووپاتکردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گشت وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بکات.

​لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، هۆشداریدا لە لێکەوتەکانی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان و ڕایگەیاند، "پێداگری لەسەر بژاردەی سەربازی و پشتگوێخستنی ڕێگاچارەی سیاسی، تەنیا دۆخی ئێستای ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات".

​لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA) بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گواستییەوە کە، عێراقچی بە فەرمی هاوتا سعودییەکەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی تاران ئامادەیە هاوکاری پێشکەش بکات بۆ ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ لە نێوان سعودیە و یەمەن، بە ئامانجی بەشداریکردن لە گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەیەکی سیاسی سەرتاسەری.

​جێی ئاماژەیە، ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە و هەڵوێستەی ئێران ڕاستەوخۆ دوای ئەو هێرشانە دێن کە لەلایەن حوسییەکانەوە کرانە سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز و چەند پێگەیەکی دیکە لەناو خاکی سعودیە. ئەم هەنگاوانەش وەک بەشێک لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەبینرێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڕوبەڕوبونەوەکان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×