ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی و سەربازی کە بە فڕۆکەی "نەیار" وەسفی کردوون، ئاسمانی عێراقیان بەزاندووە، ئەم هەنگاوەش وەک پێشێلکردنێکی ڕوونی سەروەری خاکی ئەو وڵاتە لێکدەدرێتەوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسە ئێرانییەکە، ئەو گەشتە ئاسمانییانە لە ڕێگەی چەند فڕۆکەیەکەوە ئەنجامدراون کە لە بنکە سەربازییەکانی ناو خاکی ئوردن و ئیسرائیلەوە فڕیون. ئاماژە بەوەش کراوە کە پێنج فڕۆکەی تایبەت بە پاڵپشتی و سووتەمەنی پێدان لە جۆری (KC-135) لەناو ئاسمانی عێراقدا بینراون بەمەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی. هەروەها، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دوو فڕۆکەی جۆری (F-16) و دوو فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی جۆری (F-35) چوونەتە ناو ئاسمانی عێراقەوە.
لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"ـی ئیسرائیلی ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامدانی مانۆڕێکی ئاسمانی بڵاوکردەوە. ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە جۆری (F-35I) ڕاهێنانێکی مەیدانییان ئەنجامداوە، کە تێیدا سیناریۆی چوونە ناو ئاسمانی ئێران و بەزاندنی قووڵایی ئەو وڵاتە تاقیکراوەتەوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکەدا هاتووە کە ئەو ئۆپەراسیۆنە مەشقییە بە پاڵپشتییەکی لۆجستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچووە، کە پرۆسەی تێکردنی سووتەمەنی بە فڕۆکە جەنگییەکان لەخۆگرتووە لەکاتی فڕیندا و لەناو ئاسمانی عێراقدا.