مەترسیی کردنەوەی بەرەیەکی نوێی هێرشکردنە سەر سعوودیە لە ناوخۆی عێراقەوە هەیە
  2026-10-12     

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی عێراقی تیشک دەخاتە سەر ئەگەری بەشداریکردنی ژمارەیەک گرووپی چەکداری ناوخۆیی، کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بە "گرووپە سێبەرەکان" دەناسرێن، لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکی سعوودیە. ئەم پێشهاتەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئەو هێرشانەی لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە دەکرێنە سەر ئەو وڵاتە.

​بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (مەدا)ی عێراقی، ئەو گرووپە چەکدارانە کە دەگوترێت نزیکایەتییان لەگەڵ "بەرەی موقاوەمە" هەیە، ستراتیژیی خۆیان گۆڕیوە و پێگەی نوێ و پێشبینینەکراویان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان دیاری کردووە. هۆکاری پەنابردنە بەر ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕابردوودا لە هەر شوێنێکەوە هەوڵی هێرشکردنیان دابێت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە پێگەکانیان ئاشکرا کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دامەزراوە هەواڵگرییەکانی عێراق ڕێکارەکانیان توندتر کردووەتەوە و بە وردی چاودێریی ناوچە سنوورییەکان بەگشتی و سنوورەکانی پارێزگای میسان بەتایبەتی دەکەن. ئەم هەنگاوەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جووڵەیەک کە لەو سنوورانەوە ئاراستەی سعوودیە بکرێت، چونکە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق نیگەرانە لەوەی ئەو گرووپانە لەپاڵ ئەو ململانێیەی حوسییەکان دەستیان پێکردووە، بەرەیەکی نوێی شەڕ لە دژی سعوودیە لە ناوخۆی عێراقەوە بکەنەوە.

​جێی ئاماژەیە، ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە ڕابردوودا چەندین جار لە ناو خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر سعوودیە. لە بەرامبەریشدا و وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ڕووداوانە، پێشتر سعوودیە بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ژمارەیەکی زۆر لە بارەگا و پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، کە بەهۆیەوە دەیان چەکدار کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×