بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە، گومان لە دروستیی بڕوانامەی خوێندنی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمان دەست بە پرۆسەیەکی وردبینی دەکات.
ئاوێنە: لە چوارچێوەی ئەم بەدواداچوونەدا، پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە داوای لە پەرلەمانتاران کردووە سەرجەم بڕوانامەکانیان بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە ڕادەستی پەرلەمان بکەن.
لە داواکارییەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە ئەندامانی پەرلەمان، بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەرچوونیان لە هەریەک لە قۆناغەکانی شەشی سەرەتایی، سێی ناوەندی، و شەشی ئامادەیی پێشکەش بکەن.
سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هۆکاری ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئەو گومانانەی کە باس لەوە دەکەن هەندێک لە پەرلەمانتاران ڕاستەوخۆ و تەنها بڕوانامەی قۆناغی شەشی ئامادەییان پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کردووە. لەبەر ئەوە، لە ئێستادا ئامانج لەم هەنگاوەی پەرلەمان دڵنیابوونەوەیە لە ڕاستی و دروستیی بڕوانامەکانی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی ئەو پەرلەمانتارانە.
جێگەی باسە، پرسی ساختەکردنی بڕوانامە لە ناو دامەزراوەی یاسادانانی عێراقدا پێشینەی هەیە، و لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا حاڵەتی هاوشێوە تۆمارکراون کە تێیاندا دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە چەند پەرلەمانتارێک هەڵگری بڕوانامەی ساختە بوون.