هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاندیدانی حیزبەکەی بۆ پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرا کرد. زێباری جەختی لەوە کردەوە کە کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بەنگین رێکانییە، هەروەها رێباز حەملان کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن. هاوکات تیشکی خستە سەر بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان پارتی و تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراقدا.
ئاوێنە: لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان، زێباری ئاماژەی بە کەسایەتی عەلی زەیدی کرد و وەک "پیاوێکی راستگۆ" وەسفی کرد. بە وتەی ناوبراو، دید و بۆچوونەکانی زەیدی لە چەندین رووەوە لەگەڵ هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا یەکدەگرنەوە، بەتایبەتی لەو تێڕوانینەی کە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەنگ و رێزە بۆ عێراق.
سەبارەت بە پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت، ئەو بەرپرسەی پارتی روونیکردەوە کە هەرچەندە بڕیارە رۆژی سێشەممە پرۆسەکە کۆتایی پێبێت، بەڵام بەهۆی بوونی هەندێک کێشەی ناوخۆییەوە کە تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە، جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە قورس دەبێت. پێشبینی ئەوەشی کرد کە ئەگەر رۆژی سێشەممە ناوەکان پێشکەش نەکرێن، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرۆسەکە بۆ هەفتەی داهاتوو، یان تەنانەت هەفتەی دواتریش دوادەخرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە ناوەکان لای سەرۆکوەزیران و تیمەکەی روون بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زێباری باسی لە قووڵی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کرد، بەتایبەت لەگەڵ رەوتی حیکمە و دەوڵەتی یاسا، کە بە پەیوەندییەکی "مێژوویی" وەسفی کردن. سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، رایگەیاند کە لە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە، ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا لە ئاستێکی زۆر باشدیە.
لە کۆتاییدا، هۆشیار زێباری ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە سیاسییەکانی سوننە و شیعە دووپاتیان کردووەتەوە کە بە تەواوی پاڵپشتی لە هەر کاندیدێک دەکەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان دیاری بکات. لە بەرامبەریشدا، پارتی بە هەمان شێوە پشتیوانی لە کاندیدەکانی ئەو لایەنانە دەکات.