سعوودیە لە ژێر هێرشێکی نوێدا؛ فڕۆکەخانەکان دادەخرێن و حووسییەکان هۆشداری دەدەن
  2026-10-12     

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکەوە کە ئێوارەی یەکشەممە کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز، هاووڵاتییەکی بە ڕەگەز پاکستانی گیانی لەدەستداوە و ١١ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاوێنە: ​دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشەکە زیانی ماددیشی لێکەوتووەتەوە و لە ئێستادا کار بۆ هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی زیانەکان دەکرێت. لە ڕووداوێکی جیادا، هەمان دەستە ڕایگەیاند کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا فەهد لە شاری دەمام ئێوارەی یەکشەممە ڕووبەڕووی هێرشێکی دیکە بووەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن.

​لە لایەکی دیکەوە، لیوا ڕوکن تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی پاڵپشتی شەرعییەت لە یەمەن، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ناوچەی خەمیس موشەیت کرابوو. هاوکات بەرگریی شارستانیی سعوودیە لە شاری ئەبها زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا پێش ئەوەی دواتر کۆتایی هاتنی مەترسییەکە ڕابگەیەنێت.

​بەپێی لێدوانی وتەبێژی هاوپەیمانان، تێرمیناڵی ژمارە ٤ی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی شا خالید بە تەنێکی نادیار کراوەتە ئامانج و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر، هەروەها بەرگریی ئاسمانی مووشەکێکی کروزی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە تێکشکاندووە. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سعوودیەش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تێکشکێنراوە، لەگەڵ مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی پارێزگای خەرج کرابوو.

​لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) بەرپرسیارێتیی ٤ ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز، وێستگە و تاقیگەیەکی کۆمپانیای "ئارامکۆ" لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و فڕۆکەخانەی شا فەهد لە دەمام ڕاگەیاند. ناوبراو هۆشداریشی داوەتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاران کە خۆیان لە فڕۆکەخانە و ئاسمانی سعوودیە بەدوور بگرن.

​ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی پێشوو

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە دەستەی فڕۆکەوانیی سعوودیە شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ڕایگەیاند، هێرشەکەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر فڕۆکەخانەی شا خالید بووەتە هۆی کوژرانی ١٢ کەس، کە پێکهاتوون لە ٤ سعوودی، ٢ هاووڵاتیی بەنگلادیشی، و ٦ هاووڵاتیی دیکە لە نەتەوەکانی ئەمریکی، میسری، ئوردنی، سووری، فەلەستینی و سوودانی (لە هەر نەتەوەیەک یەک کەس). هەروەها ٣٠٩ کەس برینداربوون کە باری تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە. دواتر باڵیۆزخانەی هیندستان لە سعوودیە ڕایگەیاند کە هاووڵاتییەکی هیندیش بەهۆی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی کوژراوان گەیشتە ١٣ کەس.

​ڕاگرتنی گەشتەکان و ڕێکارە ئەمنییەکان

بەهۆی ئەم هێرشانەوە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە کارەکانی فڕۆکەخانەی شا خالیدیان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی ڕێڕەوی چەندین گەشتی ئاسمانی. بەپێی ئاگادارینامە فڕۆکەوانییەکان، داخستنی فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێری دیکە تا نیوەشەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە درێژکرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعوودیە کارمەندەکانی ئاگادارکردەوە کە دەبێت مۆڵەتی تایبەت وەربگرن بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی جەددە و دەمام، دوای دەرکردنی بڕیارێکی هاوشێوە سەبارەت بە فڕۆکەخانەی ڕیاز.

​کاردانەوە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان

هێرشەکان شەپۆلێک لە سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتییان لێکەوتەوە:

​وڵاتانی ڕۆژئاوا: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی بە "سامناک" وەسف کرد. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هانس گروندبێرگ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنییان بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" ناوبرد. هەروەها هەریەک لە مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، وێس ستریتینگ وەزیری بەرگریی بەریتانیا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سویسرا، هیندستان، ئەڵمانیا، ئۆکرانیا و نەمسا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد و داوای وەستاندنیان کرد.

​وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی: لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی (سعوودی-تورکی-پاکستانی-میسری)دا هێرشەکان بە توندی ئیدانە کران. هەروەها کۆمکاری عەرەبی، ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، سەرۆکایەتیی تورکیا، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و ئەلبانیا، لەگەڵ وەزارەتەکانی دەرەوەی (قەتەر، ئوردن، میسر، ئیمارات، بەحرەین، کوەیت، فەلەستین، سوودان و بەنگلادیش) پشتیوانیی خۆیان بۆ سعوودیە ڕاگەیاند. عێراقیش لە لایەن خۆیەوە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای وەستاندنی گشتگیریی کارە سەربازییەکانی کرد بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×