ڕۆژی یەکشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2026)، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) ڕایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی باکووری ناوچەی ئۆبوک لە وڵاتی جیبوتی، لانی کەم 109 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 116 کۆچبەری دیکەش چارەنووسیان نادیارە. ڕووداوەکە شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو روویداوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکە کە پشتی بە گێڕانەوەی ڕزگاربووانی ڕووداوەکە بەستووە، بەلەمەکە 350 کۆچبەری هەڵگرتبوو و لە جیبوتییەوە بە ئاراستەی یەمەن دەڕۆیشت پێش ئەوەی نقوم ببێت. لە ئێستاشدا تیمەکانی فریاگوزاریی سەر بە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لەسەر زەوی و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی سەرقاڵی پێشکەشکردنی هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانن.
لەبارەی وردەکاریی قوربانییەکانەوە، ئامارەکانی ڕێکخراوەکە دەریدەخەن کە تەرمی ئەو 109 کەسەی دۆزراونەتەوە پێکهاتوون لە 52 پیاو، 42 ئافرەت و 15 منداڵ (9 کچ و 6 کوڕ). هاوکات زیاتر لە 80 کەس لەو کارەساتە ڕزگاریان بووە، کە سەرجەمیان هەڵگری وڵاتینامەی ئەسیوپین.
لە لێدوانێکدا، ئەلێکساندەر کواساک، سەرۆکی تیمی ڕێکخراوەکە لە جیبوتی، ئاماژەی بە قەبارەی کارەساتەکە کرد و وتی: "ئەمە زیانێکی گەورە و ترسناکە بە گیانی مرۆڤەکان. هاوسۆزین لەگەڵ ڕزگاربووان و ئەو خێزانانەی کە ئازیزانیان لەدەستداوە یان تاوەکو ئێستا چارەنووسی کەسوکاریان نادیارە."
کواساک جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم ڕووداوە دەرخەرێکی ڕوونی ئەو مەترسییە گەورانەیە کە کۆچبەران لە پێناو بەدەستهێنانی هەلی ئابووری ڕووبەڕووی دەبنەوە. هۆشداریشیدا کە هەوڵدان بۆ بڕینی گەرووی بابولمەندەب بە ئامانجی گەیشتن بە یەمەن، رۆژ لە دوای رۆژ مەترسییەکانی بۆ سەر ژیانی کۆچبەران زیاتر کردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ تیشکی خستە سەر هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جۆرە کۆچە و ڕایگەیاند؛ هۆکارەکانی وەک هەژاری، ناسەقامگیریی ئەمنی و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، پاڵنەری سەرەکین بۆ ئەوەی کۆچبەران ئەم گەشتە مەترسیدارانە بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە پەرەسەندندان.