بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "خۆراسان"ی ئێرانی کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، واشنتن و تەلئەبیب بڕیاریان بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ دژی تاران داوە. ڕۆژنامەکە، کە لە ڕووی سیاسییەوە بە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە نزیکە، پێی وایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئاڵوگۆڕی نامەکان لەم قۆناغەدا بێئاکام دەبن و دوای پەرەسەندنەکانی هەفتەی ڕابردوو، ناوچەکە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی تر هەنگاو دەنێت.
ئاوێنە: لە شرۆڤەی ڕوداوەکانی ئەم دواییەدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تاران لە ئەزمونی ساڵانی ڕابردویەوە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە دیپلۆماسیەت کاریگەریی نابێت تا ئەو کاتەی پێکدادانێکی نوێ ڕو نەدات. هەرچەندە ڕۆژنامەکە هیچ بەڵگەیەکی فەرمیی بۆ سەلماندنی بڕیاری ئەم جەنگە نەخستووەتە ڕوو، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی ئاراستەی ڕوداوەکان بەرەو تێکهەڵچونی سەربازی دەچن. لە هەمان کاتدا، ڕەخنە لە پەرتەوازەیی و دابەشبونی کایەی سیاسیی ناوخۆی ئێران دەگرێت؛ بەتایبەتی کە باڵی چاکسازیخواز مانەوە و چارەسەر لە دانوستاندا دەبینێتەوە، لە بەرامبەریشدا باڵی نەریتخواز دژی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
ڕۆژنامەی خۆراسان لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تاران درک بەوە دەکات ئاڵوگۆڕی نامەکان تا دوای ڕوبەڕوبونەوەی داهاتوو هیچ ئەنجامێکی نابێت، بۆیە داوا دەکات کۆتایی بە جەمسەرگیریی ناوخۆیی بهێنرێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ سەرجەم ئەو سیناریۆ سەربازییانەی کە واشنتن و تەلئەبیب بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ئێران پلانی بۆ دادەڕێژن. لە ڕوانگەی چاودێرانیشەوە، ئەم جۆرە پەیامانەی میدیاکانی نزیک لە باڵی توندڕەو، زۆرجار وەک ئامادەکارییەکی دەروونی بۆ ڕای گشتی پێش ڕوداوە سەربازییەکان بڵاودەکرێنەوە.
لە ڕوانگەی پاشخانی سیاسیی و ئەمنییەوە، گرژییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٦دا پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدارەوە، بەتایبەتی دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و موشەکی و ئەو ململانێیەی بە "جەنگی ٤٠ ڕۆژە" ناسرا. لە کاتێکدا تاران بەردەوامە لە بەکارهێنانی پێگەی گەرووە ستراتیژییەکان وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بە واشنتن، بەڵام گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات و توندبونەوەی هەڵوێستەکانی ئیسرائیل، وایکردووە ئاسۆی ئاشتی و هێوربونەوە لە ناوچەکەدا لاوازتر دەرکەوێت.