لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی حەواڵەی دارایی و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان، بانکی ناوەندیی عێراق ئاگادارییەکی ئاراستەی ئەو کۆمپانیا و بازرگانانە کردووە کە پێش ڕێکەوتی حەوتی ئەم مانگە مامەڵەی کڕینی دۆلاریان بۆ هاوردەکردنی کاڵا ئەنجامداوە. بەپێی بڕیارەکە، بانکی ناوەندی هەر ١٠٠ دۆلارێک بە نرخی پێشوو، واتە ١٣٢ هەزار دینار، لە بری نرخی نوێی ١٥٢ هەزار دینار، بۆ ئەو سەرمایەدارانە دابین دەکات و داوایان لێ دەکات بە مەبەستی ڕایی کردنی کارەکانیان سەردانی بانک بکەن.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، سیروان محەممەد، کە یەکێکە لە بازرگانەکانی شاری سلێمانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی، قەرەبووکردنەوەی ئەو سەرمایەدارانەیە کە بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی حەواڵەکردنی پارە و گیرخواردنی کاڵاکانیان لە بەندەری عەقەبە، ڕووبەڕووی زیانی گەورەی دارایی و سزای پێبژاردن بوونەتەوە.
هاوکات، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دووپاتی کردووەتەوە کە بەدواداچوونی ورد بۆ سەرجەم ئەو مامەڵە بانکییانە دەکات کە پێش بڕیاری گۆڕانکاری لە بەهای ئاڵوگۆڕی دراودا ئەنجامدراون. هەروەها، جەختی کردووەتەوە کە چاودێرییەکی توندی هەر جۆرە دواکەوتنێک دەکەن کە لە پرۆسەی حەواڵەی دۆلاردا ڕوو بدات.
سەرباری ئەم ئاسانکارییانە بۆ ئەو بەشەی بازرگانان، هەمان بازرگانی شاری سلێمانی هۆشدارییەکی سەبارەت بە دۆخی داهاتووی بازاڕ و کاریگەرییەکەی لەسەر ژیانی خەڵک دا. بە وتەی ئەو، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە بەهای دیناردا ڕوویانداوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی باجی گومرگی، پێشبینی دەکرێت نرخی کاڵا و پێداویستییەکان بە ڕێژەی ١٨٪ لەسەر هاووڵاتییان و بەکاربەران گرانتر بێت. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە هەر کاڵایەک لە دوای حەوتی ئەم مانگەوە هاوردەی ناوخۆ بکرێت، ئەو زێدەبەهایە دەیگرێتەوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبێت لە بازاڕەکاندا.