هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز ١٢ کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتەوە؛ هاوپەیمانان هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی توند دەکەن
  2026-10-11     

دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکەوە کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ڕیاز، ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە نێو قوربانییەکاندا ٤ هاووڵاتیی سعوودی و ٢ هاووڵاتیی بەنگلادیشی هەن، لەگەڵ ٦ کەسی دیکە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکی، میسری، ئوردنی، سووری، فەلەستینی و سوودانین (لە هەر وڵاتێک یەک کەس).

ئاوێنە: هەروەها دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ٣٠٩ کەسی دیکە، کە باری تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە، و لە ئێستاشدا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی خەمڵاندنی ئەو زیانە ماددیانەن کە بەر فڕۆکەخانەکە کەوتوون.

پشێوی لە هاتوچۆی ئاسمانیدا

دوابەدوای ڕووداوەکە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە بە شێوەیەکی کاتی سەرجەم کارەکانیان لە فڕۆکەخانەی مەدەنیی ڕیاز ڕاگرت. ئەم هەنگاوە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین گەشت و گۆڕینی ئاراستەی گەشتەکانی دیکە بۆ فڕۆکەخانەکانی تر، هاوکات هۆشداری درایە گەشتیاران سەبارەت بە گۆڕانکاری لە خشتەی گەشتەکانیاندا.

هەڵوێستی هاوپەیمانان و هێرشەکانی دیکە

لیوا روکن تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی فەرمی هاوپەیمانیی پاڵپشتی شەرعیەت لە یەمەن، ڕایگەیاند کە بەئامانجگرتنی هۆڵی گەشتیاران لەلایەن گرووپی حووسییەکانەوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی دەچێتە خانەی "تاوانی جەنگی تەواوەتی". جەختیشی کردەوە کە سەرکردایەتیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان بە توندی و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا وەڵامی ئەم کارە دەداتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەلمالیکی ئاشکرای کرد کە جگە لە ڕیاز، مووشەکێک لە محیتەی فڕۆکەخانەی شا فەهد لە شاری دەمام لە ڕۆژهەڵاتی سعوودیە کەوتووەتە خوارەوە، هەروەها مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی پارێزگای خەرج کرابوو، لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێنراون.

کاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان

ڕووداوەکە شەپۆلێک لە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا کە تیایدا جەخت لەسەر سەلامەتیی ژێرخانی مەدەنی کرایەوە:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکەی بە "سامناک" وەسف کرد و متمانەی خۆی بە توانای سعوودیە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی دەربڕی. ڕوونیشی کردەوە کە ئەمریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حووسییەکان و بەمنزیکانە لەگەڵ شازادە محەممەد بن سەلمان قسە دەکات. لە هەمان کاتدا مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی ئەمریکیش، و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو کارانەی کرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان شۆکی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکە دەربڕی و بە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتیی زانی. هانس گروندبێرگ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەنیش هێرشەکەی بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاستەنگێک لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی لە یەمەن ناوبرد.

ڕێکخراوە هەرێمییەکان: جاسم محەممەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، هێرشەکەی بە هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی زانی. کۆمکاری عەرەبیش سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی گرووپی حووسییەکانی کرد بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان.

حکومەتی یەمەن: ڕەشاد ئەلعەلێمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن و حکومەتی ئەو وڵاتە بە توندی ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و وەک هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی مەدەنییەکان وەسفیان کرد و هاوپشتی خۆیان بۆ سعوودیە ڕاگەیاند.

وڵاتانی عەرەبی: وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی قەتەر، ئوردن، میسر، بەحرەین، کوەیت، و فەلەستین لە بەیاننامەی جیادا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد. ئەو وڵاتانە ڕووداوەکەیان بە پێشێلکردنی سەروەریی سعوودیە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان دانا، هاوکات پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی سعوودیە لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان دەربڕی.

وڵاتانی دیکەی جیهان: شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، هێرشەکەی بە کارێکی "قێزەون" ناوبرد و جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی نێوان ئیسلام ئاباد و ڕیاز کردەوە. مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند کە هیچ ئامانجێکی سیاسی و سەربازی پاساو بە بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی نادات. گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیاش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شۆک و نیگەرانیی وڵاتەکەی بۆ ڕووداوەکە دەربڕی. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ئیدانەی هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی کرد و هیوای خواست ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

زۆرترین بینراو
فه‌رهاد شامی: دیمه‌نه‌كانی ئه‌مڕۆی حه‌سه‌كه‌، یاده‌وه‌رییه‌ ناخۆشه‌كانی سه‌رده‌می داعش به‌بیرده‌هێننه‌وه‌
باخچەلی: پۆستی ڕێکخەریی، مافی ئۆجەلانیشە
غەریب حەسۆ له‌باره‌ی گرژییه‌كانی حه‌سه‌كه‌: ئامانجی سه‌ره‌كی ره‌تكردنه‌وه‌ی زمان، ناسنامه‌و ئیراده‌ی كورده‌
"شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
فازڵ نەبی: تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە بەمشێوەی ئێستا بۆ كوردستان كارەساتبار دەبێت
رۆیته‌رز: تۆم باراك كۆمپانیایەکی خۆی له‌پڕۆژەی بۆری نه‌وتی عێراق-سوریادا به‌شداری پێكردوه‌
تره‌مپ: من شایانی هه‌شت خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیم نه‌ك ئه‌و ژنه‌ كه‌ نازانم چی كردوه‌ جگه‌له‌وه‌ی رقی له‌ ئیسرائیله‌
نرخی دراوه‌كان له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی
كرملین: پوتین تێڕوانینی ئێرانی له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ گه‌یانده‌ تره‌مپ
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دوای ناکۆکی لەگەڵ ڕاهێنەری پۆرتوگال رووبەڕووی سزایەکی شەش مانگی دەبێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×