مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سوریا، زانیاریی نوێی لەبارەی پڕۆسەی یەکگرتنی دەزگاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی سوریا خستەڕوو. بە وتەی ناوبراو، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەو پڕۆسەیە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دۆسیەی دادوەری و نەبوونی میکانیزمێکی ڕوون بۆ چۆنیەتیی تێکەڵکردنی دادوەران، بەتەواوی ڕاگیرابوو.
ئاوێنە: عەبدی لە لێدوانێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی دادوەران بەرامبەر بەو دۆخە دروست بووە، چونکە ئەوان هەر جۆرە هەوڵێک بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیان ڕەتکردووەتەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە یەکگرتنەوەی دامەزراوەکان پێویستە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بێت، نەک لەسەر بنەمای جیاکاری یان وەلانانی هیچ لایەنێک.
سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سوریا ڕایگەیاند کە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە شاری دیمەشق و ناوچەکە ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی دۆسیەی دادوەران ببێتە کۆسپ لەبەردەم کۆی پڕۆسەی یەکگرتنەوەکە. لە ئەنجامدا، لایەنەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، دادوەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەبێ ئەوەی هیچ کەسێکیان لێ دووربخرێتەوە، تێکەڵ بە دامەزراوە فەرمییەکان دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، عەبدی ڕوونیکردەوە کە ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە بەردەوامبوونی کاری بەشێک لە دادوەرە کۆنەکان دەدات، ئەمەش لەپێناو ڕێگریکردن لە پەکنەکەوتنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتییان. بۆ ئەم مەبەستەش، لیستی ناوی سەرجەم دادوەرەکان ڕادەست کراوە تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی لە دادگاکاندا جێگیر بکرێن. ناوبراو پێی وایە، چارەسەربوونی کێشەی "کۆشکی دادوەری" دەبێتە دەروازەیەکی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی وەکو؛ پرسی هەڵبژاردنەکان، دەرهێنانی پاسپۆرت و فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە (سجلی عەقاری).
لە کۆتاییدا و سەبارەت بە پرسی سڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمیی دامەزراوەکان، مەزڵوم عەبدی ئاشکرای کرد کە حکومەتی سوریا هۆکاری ئەو کارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "کۆشکی دادوەری" دامەزراوەیەکی سەروەریی (سیادی) دەوڵەتە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو جەختی کردەوە کە قبوڵکردنی ئەو تابلۆ نوێیەی ئێستا لە شاری حەسەکە هەڵواسراوە، تەنها بڕیارێکی کاتییە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە.