دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، لەسەر کەمکردنەوەی کاتیی سزا ئابوورییەکان بۆ هەناردەکردنی گازۆیلەی ڕوسیا ڕێککەوتووە. ئەم هەنگاوە ڕەخنەیەکی توندی ئۆکرانیای لێکەوتەوە، بەجۆرێک ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئەو وڵاتە، هەناردەکردنەوەکەی بە "دیارییەک بۆ کرێملین" وەسف کرد.
ئاوێنە: ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و روسیا لەسەر هەناردەکردنەوەی گازوایل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسی "دیاری پێشکەشکردن بە پوتین، نە دەبێتە هۆی ئاشتی و نە هیچ سوودێکی بۆ جیهانی مەدەنی هەیە".
هاوکات ترەمپ هەوڵدەدات بەرزبوونەوەی توندی نرخەکانی وزە کۆنترۆڵ بکات و ڕایگەیاند کە بەپێی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پوتین، ڕووسیا دەستبەجێ ٣٠٠ هەزار تەن گازۆیل دەخاتە بازاڕی ئەمریکا و بازاڕی جیهانییەوە. بڕیارە لە مانگی ١١دا ٥٠٠ هەزار تۆنی دیکە و دوای ئەوەش یەک ملیۆن تۆنی گازۆیلی دیکە بخاتە بازاڕەوە.
دوای ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە، نرخی گرێبەستەکانی داهاتووی گازۆیل نزیکەی ٤ لە سەد دابەزی؛ بەڵام هێشتا زیاتر لە ١١٠ لە سەد لە نرخی سەرەتای ئەمساڵ بەرزتر بوو. نرخی نەوتی خاوی برێنتیش بە ڕێژەی ٠.٣ لە سەد دابەزی و بە نزیکەی ١٠٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کرا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا ڕاگەیەندرا کە بەرپرسانی ئۆکرانیا، ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی لە شاری میامی کۆبووبوونەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا؛ بەڵام گفتوگۆکان بەبێ پێشکەوتنێکی بەرچاو کۆتاییان پێهات.
کەمکردنەوەی کاتیی سزا ئابوورییەکان، هەم لە ئۆکرانیا و هەم لە کۆنگرەی ئەمریکا، ڕەخنەی لێ گیراوە. ڕەخنەگران دەڵێن؛ ئەم هەنگاوە دەتوانێت داهاتی ڕوسیا زیاد بکات و یارمەتی بدات لە دابینکردنی خەرجییەکانی شەڕی ئەو وڵاتە دژی ئۆکرانیا.
هەروەها بڕیارەکەی ترەمپ پرسیاری لەبارەی سیاسەتی حکومەتی ئەمریکا بەرامبەر ڕوسیا دروستکردووە؛ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەو بە تازەیی یاسایەکی واژۆ کردبوو کە ئامانجی توندترکردنەوەی فشارەکان بوو بەسەر مۆسکۆ، و سزا ئابوورییەکانی لەسەر ئەو وڵاتانە دیاریدەکرد کە بەشداری بازرگانیی وزەی ڕوسیادا دەکەن.