رۆیته‌رز: تۆم باراك كۆمپانیایەکی خۆی له‌پڕۆژەی بۆری نه‌وتی عێراق-سوریادا به‌شداری پێكردوه‌
  2026-10-10     

ئا: ئاوێنە

 

ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، تۆم باراك كۆمپانیای هاوبه‌شێكی بازرگانی خۆی له‌ پڕۆژی بۆری نه‌وتی عێراق-سوریادا به‌شداری پێكردوه‌و بۆ ئه‌وه‌ش گوشاری كردوه‌.

 

سێ سەرچاوە به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزیان وتوه‌، کە توم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، هەوڵیداوە کۆمپانیایەک لە پڕۆژەی هێڵی بۆری نەوت کە لە عێراقەوە بۆ سوریا درێژدەبێتەوە بەشدار بکات کە لەلایەن هاوبه‌شه‌ بازرگانییەکەی خۆیه‌وه‌ بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش ڕەفتارێکە وا دیارە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی ئیتیكی کاری فیدراڵییە.

لە مانگی تەموزدا، عێراق و سوریا یاداشتێكی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ هاوپەیمانییەکدا ئیمزا کرد کە ئەو کۆمپانیایە له‌ خۆده‌گرێت و ناوی كۆمپانیای (تی. ئای که‌پیتاڵ)ە بۆ وه‌به‌رهێنان و بنکه‌ی سه‌ره‌كی لە کالیفۆرنیایە، لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن و یو. سی. سی هۆڵدینگی قەتەری، بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی تەکنیکی و دارایی وەک ئامادەکارییەک بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆرییەکە.

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا و باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە تورکیا، پەیوەندیی بازرگانیی دێرینی لەگەڵ تی. ئای کاپیتاڵ و زیاد غه‌ندور-ی دامەزرێنەریدا هەیە. تۆمارە گشتییەکان نیشانی دەدەن کە لە کاتی دانیشتنەکانی پەسەندکردنی دامەزراندنی لە ساڵی 2025دا، باراک مافی دارایی هەبوە کە ڕێگەی پێدەدا تا پێنجەکی (٢٠٪) قازانجی پڕۆژەیەکی خانوبەرە لە نزیک سان فرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەدەستبهێنێت کە لەلایەن تی. ئای کاپیتاڵه‌وە بەڕێوەدەبرێت (کە غەندور بەڕێوەبەری جێبەجێکارییەتی)و ئەمەش پشکێک بو کە وتی بەنیازە بیهێڵێتەوە.

دو سەرچاوە كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ئاگادری گفتوگۆکانن ڕایانگەیاند کە باراک لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، لە کاتی کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی سوریا و عێراق گوشاری کردوە بۆ گواستنەوە و هێنانی کۆمپانیاکەی غەندور بۆ ناو پڕۆژەکە.

لە ١٦ی حوزەیراندا، واتە مانگێک پێش ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەی کۆنسۆرتسیۆمەکە، باراک و سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی "بەرەوپێشچون لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای تی. ئای کاپیتال بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکوک-بانیاس وەک ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ هەناردەکردنی نەوت"یان کرد. بەیاننامەکە ئاماژەی بە کۆمپانیاکانی شیڤرۆن یان یو. سی. سی نەکرد لە پەیوەندییان بە هێڵی بۆرییەکەوە.

رۆیتەرز هیچ بەڵگەیەکی به‌رده‌ست نه‌كه‌وتوه‌‌ کە ڕونی بکاتەوە باراک قازانج لە هێڵی بۆرییەکە یان پڕۆژەکانی تر بەدەستبهێنێت. دو پارێزەری پسپۆڕ لە کێشەکانی ئیتیكی پیشەیی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە پەیوەندییەکەی باراك لەگەڵ غەندور نابێتە هۆی دژایەتییەکی تاوانکاری لە بەرژەوەندییەکاندا، مەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سوودی دارایی لە خودی هێڵی بۆرییەکەوە دەستبکەوێت.

بەڵام ڕیچارد پێنتەر، بەرپرسی پێشووی کاروباری ئیتیكی کار لە کۆشکی سپی و مامۆستا لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی مینیسۆتا، وتی کە پەیوەندی باراک بە غەندورەوە وا دەکات هەوڵەکانی بۆ بەشدارپێکردنی کۆمپانیاکەی لە پڕۆژەکەدا ببێتە "کێشەیەکی مەترسیدار"، چونکە ڕێساکان قەدەغەی دەکەن لە بەرپرسان دەستوەردان لە کێشەیەکدا بکەن کە ڕەنگە گومان لەسەر بێلایەنییان بەهۆی پەیوەندی کەسی یان بازرگانییەوە دروست بکات.

بەپێی ڕێسای بێلایەنی، کە ناکەوێتە خانەی یاسا تاوانکارییەکانەوە، بەشداریکردنی شەریکێکی بازرگانی لە پڕۆژەیەکدا ڕەنگە بەس بێت بۆ دروستکردنی پرسیار لەسەر بێلایەنی بەرپرسەکە، تەنانەت ئەگەر بەرژەوەندی دارایی ڕاستەوخۆشی لە پڕۆژەکەدا نەبێت.

ئان سکێت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتی لە سەنتەری مارکۆلا بۆ ئیتیكی پراکتیکی لە زانکۆی سانتا کلارا وتی: "کێشە ئیتیكییه‌كه‌ لە گومانی دژایەتیی بەرژەوەندییەکاندا خۆی دەبینێتەوە."

سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە دەکرا باراک بییانگرێتە بەر بۆ پابەندبوون بە ڕێساکانەوە، پێنتەر وتی: "دەبوا هیچ پەیوەندییەکی بەو هێڵی بۆرییەوە نەبێت. دەبوا بە تەواوی خۆی لێ ببوێرێت و بڵێت کە بەشداری لە بابەتێکی لەو شێوەیەدا ناکات."

دۆن فۆکس، ڕاوێژکاری گشتی پێشو و بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئیتیك له‌ حکومەتی ئەمریکا، وتی کە هەوڵەکانی باراک بۆ بەشدارپێکردنی کۆمپانیای تی. ئای کاپیتال ڕەنگە ببێتە پێشێلکاریی ئەو ڕێنماییانەی کە قەدەغەی دەکەن لە بەرپرسان پلە و پۆستەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی هەر دامەزراوەیەکی بازرگانی، یان بۆ بەدەستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبەت بۆ کەسانێک کە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە، بەکاربهێنن.

بەپێی وەڵامێک بۆ داواکارییەکی ڕۆیتەرز بۆ بێنینی تۆمارەکان، باراک داوای بەخشینی لە ڕێساکانی دژایەتی بەرژەوەندییەکان پێشکەش بە ئۆفیسی ئیتیك نەکردوە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بە کۆمپانیاکەوە لە کاتی بەشداریکردنی لە پڕۆژەکەدا. ئەم بەخشینانە ڕێگە بە بەرپرسان دەدەن بەشداری لە بابەتانێکدا بکەن کە دەبوا بەهۆی دژایەتی شیاوی بەرژەوەندییەکانەوە دەستیان لێ هەڵبگرتایە.

باراک لە ڕێککەوتنامەیەکی ئیتیكیدا کە پێش دانیشتنەکانی پەسەندکردنی ده‌ستنیشانكردنی لە ساڵی ڕابردودا ئیمزای کردبوو، بەڵێنی دابوو دەست لە هەر بابەتێک هەڵبگرێت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستکاری بەرژەوەندییە داراییەکانی پڕۆژە خانوبەرەیەکە دەکات، مەگەر پێشتر بەخشینێکی لەو شێوەیەی بەدەستهێنابێت.

ئۆفیسی باراک و کۆمپانیای شیڤرۆن ئاماده‌نه‌بون لێدوان بده‌ن. کۆمپانیای تی.ئای کاپیتاڵ، غەندور و یو. سی. سی-یش وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان نەدایەوە.

لە پۆستێکدا لە ١٧ی تەموز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، باراک وتی، بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریا "مۆدێلێکی نوێیە" کە ئامانجی دروستکردنی ڕوونیی زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتە لە ناوچەکەدا.

پارێزەرێکی دیكه‌ کە پسپۆڕە لە کێشەکانی ئیتیك ئاماژەی بەوە کرد کە بابەتەکە سپێردراوە بە وەزارەتی دەرەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا خاوەندارێتی دارایی فەرمانبەرەکەی دەبێتە دژایەتییەکی شیاو لە بەرژەوەندییەکاندا یان نا.

وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: "باڵیۆز باراک هیچ پەیوەندی، ڕۆڵ، یان بەرژەوەندییەکی دارایی لە پڕۆژەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاسدا نییە"، بەڵام لە هەمان کاتدا دانی بە پەیوەندی باراک بە پڕۆژەی خانوبەرەی تی. ئای کاپیتاڵدا ناوه‌.

وتەبێژەکە وتیشی، کە لێدوانە ئاشکراکانی باراک سەبارەت بە هێڵی بۆرییەکە ڕەنگدانەوەی "گرنگیدانی ڕاگەیەندراوی مێژوویی سیاسەتی ئەمریکایە بە تەواوکاریی هەرێمی لە بوارەکانی وزەدا"، و ئاماژەی بەوەش کرد کە دڵنیایی دراوه‌ لە پابەندبونی بە ڕێساکانی ئیتیكی پیشەیییەوە.

باراک لە نوسراوی سەروەت و ساماندا کە لە مانگی ئاداری 2025 پێش گرتنەده‌ستی ئەرکە دیپلۆماسییەکانی پێشکەشی ئۆفیسی ئیتیكی لە حکومەتی ئەمریکا کردبو، ڕایگەیاندبوو کە خاوەنی پشکێکە لە کۆمپانیای ( (ACD-TI Oakley کە پڕۆژەیەکە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبونی گەورە لە نزیک سان فرانسیسکۆ. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بە قەبارەی پشکەکە نەکردووە، بەڵام ڕوونی کردووەتەوە کە باراک مافی وەرگرتنی ٢٠٪ی قازانجی کۆمپانیاکەی هەیە کاتێک دەگاتە ئاستێکی کەمترین کە پێشتر دیاریکراوە.

تۆماری کۆمپانیاکان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا نیشانی دەدەن کە کۆمپانیاکە لەلایەن تی. ئای کاپیتالەوە بەڕێوەدەبرێت و غەندور سەرۆکایەتی دەکات.

سه‌رچاوه‌ی سێیه‌می ئاگادار بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە باراک بیرۆکەی بەشدارپێکردنی کۆمپانیای تی.ئای کاپیتالی لە پڕۆژەکەدا لە مانگی ئایاردا لە کاتی کۆنفرانسی جیهانیی پەیمانگای میلکن لە لۆس ئه‌نجلۆس خستووەتەڕو. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کرد کە گفتوگۆکە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەچووە.

زۆرترین بینراو
بۆ وەزیری پەروەردە بەڕێز ئالان حەمەسەعید: سەیری ئەم هەڵە زۆر زەقەی کتێبە تازەکەی زانستی پۆلی شەشی بنەڕەتی بکە
وتاربێژی نوێژی هەینی نەجەف داوا لە حکومەتی عێراق دەکات مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بکات
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌مریكا سزای گوله‌بارانكردنی كه‌سێك به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ په‌خش ده‌كرێت
پارێزگاری حه‌سه‌كه‌ داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كات خۆیان له‌ توندوتیژی به‌دوربگرن
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی بڕیارێكی زه‌یدی ده‌كات
لە گرژییەكانی شاری حەسەكەدا ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد بریندار بوون
ناڤی پیلای، ژنه‌ دادوه‌ری ئه‌فریقای باشور خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 بەدەستهێنا
"شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
ئابووریناسێک هۆشداری دەدات: خەرجکردنی مووچە بە دۆلار سیستمی کاش و سەربەخۆیی نەقدی عێراق تێکدەدات
جێگری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا: هیوادارم گوشاره‌ ئابورییه‌كانمان ببنه‌ مایه‌ی روخانی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×