وێنه‌یه‌كی نیزال حه‌سه‌ن كه له ساڵی 2012 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه بڵاوكرایه‌وه
بۆ یه‌كه‌مجار له ئه‌مریكا سزای گوله‌بارانكردنی سزادراوێك به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ په‌خش ده‌كرێت كه گوله‌باراكردنی ئه‌فسه‌رێكی پێشوی سوپای ئه‌مریكایه.
ئاوێنه: پیت هیگسێس، وەزیری جه‌نگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە خه‌ڵك به‌گشتی دەتوانن پرۆسەی گوله‌بارانكردنی ئەفسەرێکی پێشوی سوپای ئەمریکا به‌ناوی نیزال حه‌سه‌ن سه‌یربكه‌ن كه به دەسترێژی گوله لەلایەن تیمی له‌سێداره‌دانه‌وه له‌ناوده‌برێت.
هه‌روه‌ها بەرپرسێک لە وەزارەتی جه‌نگی ئه‌مریكا وتویه‌تی، پرۆسەی گوله‌بارانكردنی نیزال حەسەن، كه لە ساڵی 2009دا بە تەقەکردن لە بنکەی سەربازیی فۆرت هود، 13 سەربازی بێچەکی ئەمریکی کوشت، بە شێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە.
ساڵی 2013 لەبەردەم دادگای سەربازیدا، نیزال حەسەن داوای لێبوردنی لە "هەر هەڵەیەک" کرد و وتی، پێی وابوە بەم کارە پارێزگاری لە موسڵمانان و بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەکات.
به‌وته‌ی پارێزه‌ر جۆن میلز، له‌دوای 100 ساڵ، ئه‌مه یەکەم پرۆسەی گوله‌بارانكردن ده‌بێت له ئه‌مریكا كه له فه‌زای گشتیدا جێبه‌جێ ده‌كرێت. وتوشیه‌تی، بڕیاری پەخشكردنی ڕاستەوخۆی سزاكه‌كه، "هەنگاوێکی بێپێشینە لە سەردەمی هاوچەرخدا" وێڕای ئەوەی بنه‌مایه‌كی یاسایی دیار‌و دڵنیایی نییه.
به‌ڵام وه‌زیری جه‌نگی ئه‌مریكا وتویه‌تی "خەڵک پێویستیان به‌وه‌یه كه تێبگەن دەرئەنجامی زۆر جددی و قورس بۆ کردەوەی لەم شێوەیە هەیە."
بڕیاره‌كه كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن، کریس مێرفی، سیناتۆری دیموکراتەکان ڕایگەیاند کە پەخشكردنی سزای گوله‌بارانكردنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی راستەوخۆ، شتێکی "قێزەونە" و گوله‌بارانكردنه‌كانی ڕێکخراوی داعش به‌بیردێنێتەوە.
وەزارەتی جه‌نگی ئه‌مریكا له‌م هه‌فته‌یه‌دا رایگه‌یاند، پرۆسەی گوله‌بارانكردنی ئەفسەری پێش‌و نیزال حەسەن یەکەم پرۆسەی لەم شێوەیە دەبێت لەماوه‌ی زیاتر لە 60 ساڵی رابردودا.
نیزال حەسەن وەک پزیشکی دەرونی لە سوپای ئەمریکادا کاری دەکرد و خەڵکی ویلایەتی ڤێرجینیایە و دانی بە کوشتنی 13 سەربازی بێچەکدا ناوە بە دەستڕێژی گوله لە بینایەکی پزیشکیی قەرەباڵغ لە بنکەی سەربازیی فۆرت هود.
ئەلۆنزۆ لانسفۆرد، کە ئه‌فسه‌رێكی پێشوی سوپای ئەمریکایه و لەو هێرشەدا حەوت فیشەکی بەرکەوتبو، له لێدوانێکدا بۆ بی بی سی ڕایگەیاند کە پشتگیری لە سێدارەدانی نیزال حەسەن دەکات بە گوله‌بارانكردن لەلایەن دەستەی له‌سێدارەدانەوە و ئەم ڕێگەیەی بە "پاداشت و سزایەکی شایستە" زانی بەرامبەر بەوەی کردویەتی.
به‌ڵام لانسفۆرد پێی وانییە کە پێویست و گونجاو بێت بۆ هەمو چینەکانی کۆمەڵگە تەماشای پەخشی ڕاستەوخۆی پرۆسەی گوله‌بارانكردنه‌كه بکەن، بەتایبەتی گەنجانی كه‌م ته‌مه‌ن، لە هەمان کاتدا پێی وایە ئەم پرۆسەیە بە دەرفەتێکی گرنگ دەژمێردرێت بەتایبەتی بۆ قوربانییانی ڕوداوەکە و خێزانەکانیان.
هه‌روه‌ها وتیشی "به‌ڵام سەبارەت بە خێزانی قوربانییان و ڕزگاربوان و بۆ خودی ڕزگاربوەکان، بەڵێ، پێم وایە توانا‌مان دەبێت تەماشای پرۆسەی گوله‌بارانكردنه‌كه بکەین."
لانسفۆرد پلانی خۆی بۆ ئامادەبون لە پرۆسەی گوله‌بارانكردنه‌كه‌دا ئاشکرا کرد، هەروەها ئارەزوی خۆی دەربڕی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تاوانبارەکە پێش گوله‌بارانكردنی كه بڕوانێتە ناو چاوەکانی و بڵێت: "ئەوەتا من لێرەم، هێشتا لێرەم. تۆ شکستت هێنا."
ساڵی ڕابردو زیاتر لە 2700 پرۆسەی له‌سێدارەدان لە 17 وڵاتی جیهاندا تۆمار کراون، کە تەنها لە دو وڵات‌دا سێدارەدان بە ئاشکرا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ئێران لە ساڵی 2025دا 11 پرۆسەی له‌سێدارەدان بە ئاشکرا بەڕێوەچون، لە بەرامبەر شەش له‌سێدارەدانی ئاشکرا لە ئەفغانستان.
بەپێی قسه‌ی وەزیری جه‌نگی ئەمریکا، جێبەجێکردنی پرۆسەی گوله‌بارانكردنه‌كه لە بنکەی سەربازیی فۆرت هود لە ویلایەتی ته‌كساس لە ڕۆژی 3ی کانونی یەکەمی داهاتودا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.