ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سەبارەت بە گەیشتنی تەمویلی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە، بڕی ٨٣٥،٥٥٣،٠٠٠،٠٠٠ (هەشت سەد و سی و پێنج ملیار و پێنج سەد و پەنجا و سێ ملیۆن) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆران، خستراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا وردەکاریی بڕینە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕوونکراوەتەوە، کە تێیدا هاتوو بوو:
بڕینی داهاتی نانەوتی: هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ (سەد و بیست ملیار) دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئەیلول لە کۆی تەمویلی مووچەکە بڕیوە.
شایستەی خانەنشینان: وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ٤،٩٦١،٠٠٠،٠٠٠ (چوار ملیار و نۆ سەد و شەست و یەک ملیۆن) دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلول نەناردووە، کە ئەم بڕە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەر ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا بڵاودەکرێتەوە.