وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم. سەرەڕای بڕینی ١٢٠ ملیار دینار لەلایەن بەغداوە، هەرێم لە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانەکە پڕدەکاتەوە و لە ماوەی سێ ڕۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.
ئاوێنە: زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند کە وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر نووسراوی ناردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە و پارەکەش تەمویل کراوە. ئەم هەنگاوە کۆتایی بە چاوەڕوانییەکانی مووچەخۆران دەهێنێت و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات.
بەپێی زانیارییەکان، خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادە کراوە. هەرچەندە بڕیارە پارەکە بگاتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، بەڵام بەهۆی پشووی ڕۆژی هەینی و پێویستیی کات بۆ ڕێکارە بانکییەکان بۆ گواستنەوەی پارەکە بۆ بانکەکان و گەنجینەکان، سبەی هەینی هیچ مووچەیەک دابەش ناکرێت.
مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، کە ژمارەیان نزیکەی ٨٧ هەزار کەسە، چەند ڕۆژێک دوای فەرمانبەرانی دیکە دابەش دەکرێت. وەزارەتی دارایی هەرێم هەوڵ دەدات دوای کۆتایی هاتنی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکان لە هەفتەی داهاتوودا، دەست بە کۆکردنەوەی پارە و دابەشکردنی مووچەی ئەوانیش بکات.