فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق رایدهگهیهنێت، دژی بڕیاری زیادكردنی نرخی دۆلارن و دهشڵێت، ناکرێت هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و چارەسەری کێشەی دارایی، لەسەر حسابی گیرفان و ژیانی هاوڵاتیان بێت.
ئاوێنه: فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق رایگهیاند، بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، بریارێکی بەپەلەیە و دیراسەکراو نییە، کە بەداخەوە هاوڵاتیان بە گشتیی تیایدا زەرەرمەندن.
وتوشیهتی، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، زۆر رێگەی تر هەبو کە حکومەتی عێراق بیگرێتەبەر، لە پێش هەموشیانەوە هەڵمەتەکانی دژی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتیی و رێکخستنەوەی داهاتە نانەوتییەکان و خاڵە سنورییەکان و پەلەکردن لە تەواوکردنی بەشێک لەو پرۆژە ستراتیژیانەی کە داهاتی نانەوتی عێراق زیاد دەکەن و زۆر رێوشوێنی تر لە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی، دەبو دەستبردن بۆ کارتی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، دوایین کارت بێت کە حکومەتی عێراق پەنای بۆ ببات.
فراكسیۆنهكه ئاماژهی بهوهشداوه "ناکرێت هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و چارەسەری کێشەی دارایی، لەسەر حسابی گیرفان و ژیانی هاوڵاتیان بێت، هەرگیز قەیران بە قەیران چارەسەر ناکرێت."
جهختیشی كردۆتهوه "وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ دژی بریاری زیادکردنی نرخی دۆلارین و پێویستە حکومەتی عێراق رێوشوێنی خێرا بگرێتە بەر بۆ ئەو ناسەقامگیرییەی لە بازاڕەکاندا دروستی کردوەو بوەتە هۆکاری گرانبونی نرخی زۆرێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان."