بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا کرد و بڕیارێکی گومرگیشی هەڵوەشاندەوە
  2026-10-07     

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بەیاننامەیەکی نوێی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بڵاوکردەوە.

ئاوێنە: ​لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (٥٤٤)ی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ دەرچووە، بڕیاردراوە بە هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار، بە جۆرێک لەمەودوا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بە (١٥٠٠) دیناری عێراقی هەژمار دەکرێت.

​لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی پەیوەست بە داهاتە گومرگییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە؛ بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران کە هەڵگری ژمارە (٤١٣)ی ساڵی ٢٠٢٦ بوو، کە تایبەت بوو بە وەرگرتن و کۆکردنەوەی پێشوەختەی ڕسوومات و باجی گومرگییەکان.

​ئەم هەنگاوانەی حکومەت و وەزارەتی دارایی وەک بەشێک لە ڕێکخستنەوەی سیاسەتی نەختینەیی و بازرگانی وڵات دەبینرێت لە قۆناغی ئێستادا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×