دوای دیارنەمانی بە بڕێک پارەوە؛ تەرمی بازرگانێکی سلێمانی لە گردی سەیوان بە کوژراوی دۆزرایەوە
  2026-10-06     

درەنگانی شەوی ڕابردوو، تەرمی کەسایەتی و بازرگانێکی شاری سلێمانی بە ناوی (محەمەد مەلای مامە گەورە پێنجوێنی) لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە کوژراوی دۆزرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک چارەنووسی نادیار بوو.

ئاوێنە: ​بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتوون، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی پاکتاوکردن و دانەوەی قەرزی کارەبا بەنیازی سەردانیکردنی یەکێک لە فەرمانگەکانی کارەبا بووە و بڕی ٢٥ ملیۆن دیناری کاشی پێبووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر چوونەدەرەوەیدا، بێسەروشوێن بووە و هیچ سۆراغێکی نەماوە.

​زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان لە دیارنەمانی ئەو بازرگانە ئاگادار کراونەتەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکردووە، دەرکەوتووە کە ناوبراو ڕووبەڕووی ڕووداوی کوشتن بووەتەوە و تەرمەکەشی لە گۆڕستانی گردی سەیوان لەناو شاری سلێمانی دۆزراوەتەوە.

​لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و ڕێکارە یاساییەکانیان دەستپێکردووە، بە مەبەستی ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی تاوانەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×