وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، رایگه‌یاند، هێڵێ ده‌ریایی عێراق، ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی بازرگانی له ناوچه‌ی كه‌نداو، ئه‌وه‌ش دوای زیاتر له 50 ساڵ له راوه‌ستانی چالاكییه‌كانی.
ئاوێنه: وه‌زاره‌ته‌كه له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، به بڕیاری وه‌هه‌ب حه‌سه‌نی، وەزیری گواستنەوەی عێراق و لە چوارچێوەی پلانەکانیاندا بۆ کاراکردنەوەی كه‌شتییە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە جوڵەی گواستنەوە و بازرگانیدا، هێڵی دەریایی عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکانی لە ناوچەی کەنداو، ئه‌وه‌ش دوای وەستانێک کە زیاتر لە نیوە سەدەی خایاند.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق وتوشیه‌تی، بڕیارە یەکەمین گەشتی هێڵی دەریایی عێراق لە 15ی ئه‌م مانگه‌دا لە بەندەری جەبەل عەلی لە دەوڵەتی ئیماراته‌وه بۆ بەندەری ئوم قەسر بكه‌وێته‌ڕێ و ئه‌وه‌شی به هه‌نگاوێك ناوبردوه كه تێیدا هێڵی ده‌ریایی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕێڕەوە بازرگانییە هەرێمییەکان و بژاردەیەکی نیشتمانی دەکاتەوە بۆ گواستنەوەی کۆنتێنەر و كاڵاكان.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، گەڕانەوەی هێڵی دەریایی عێراق به ئامانجی بەهێزکردنی جووڵەی گواستنەوەی كاڵاكانه لە ڕێگەی بەندەرە عێراقییەکانەوە، لەگەڵ پشتیوانیکردنی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زۆرکردنی ئامادەیی كه‌شتییه نیشتمانییه‌كان لە هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی ناوچه‌كه‌دا.
وه‌ك وه‌زاره‌ته‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، دوا گەشت کە کەشتییە بارهەڵگرەکانی عێراق لە ناوچەکەدا ئەنجامیان داوه دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردو، ئەوەش واده‌كات دەستپێکردنەوەی چالاکیی هێڵی دەریایی عێراق وێستگەیەکی گرنگ بێت لە ڕێڕەوی دوبارە کاراکردنەوەی كه‌شتییه نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی عێراق.