ئۆجەلان بۆ عێراق و ئێزدییەکان: ئەگەر یەبەشە بچێتە ناو سوپای عێراقیشەوە، نابێت لە شنگال دەربکرێت
  2026-10-05     

هاوکات لەگەڵ ئاشکراکردنی لێکتێگەیشتنە نوێیەکانی نێوان بەغداو یه‌كینه‌كانى به‌رخۆدانى شنگال (یەبەشە) لەلایەن جەمیل بایکەوە، عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبەری پەکەکە لەگرتوخانەی ئیمراڵییەوە پەیامێکی هۆشیارکەرەوە ئاڕاستەی حکومەتی عێراق‌و ئێزدییەکان دەکات؛ ئۆجه‌لان جەخت لەسەر مانەوەی یەبەشە لەشنگال دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، "لەئەگەری تێکەڵبونیشیان لەناو سوپای عێراقدا، دەبێت هێزەکە لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، چونکە بەبێ هێزی بەرگریی جەوهەریی، نە بارزانی‌و نە عەرەب مافی ژیانیان پێنادەن".

ئاوێنە: پرسى قەزای شنگال‌و پاشەڕۆژی ئەمنی‌و سەربازیی هه‌رێمى كوردستان له‌دواى كشانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا له‌عێراق، بەرەو قۆناغێکی یەکجار هەستیار هەنگاو دەنێت، له‌و نێوه‌نده‌شدا باڵاترین كه‌سى باكورو قه‌ندیلیش، بەشێوازێکی هاوتەریب له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌كاندا هاتونه‌تەسەر هێڵ، لەلایەکەوە، جەمیل بایک ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی په‌كه‌كه‌ زانیاریی گرنگ لەسەر پشتپەردەی وتوێژەکان خستەڕوو و ڕایگەیاند، کوردانی ئێزدی لەم ناوچەیەدا بڕیاری خۆیانداوەو خوازیاری پڕۆسەی تێکەڵبونی دیموکراتی‌و فەرمین لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا.

بایک ئاشکراشیکرد، "لەم چوارچێوەیەدا، یه‌كینه‌كانى به‌رخۆدانى شنگال (یه‌به‌شه‌) لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی بەغدا گەیشتونەتە چەندین لێکتێگەیشتنی بنەڕەتی بۆ ڕێکخستنەوەی پێگەکەیان"، ئەمەشی وەک هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرد، بەڵام هاوکات هێرشیکردەسەر لایەنە نەیارەکان‌و وتی، "پێموایە پارتی دیموکراتی کوردستان، دەوڵەتی تورکیاو کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهیچ شێوەیەک ئەم لێکتێگەیشتنەیان ناوێت‌و هەوڵی بەربەستکردنی دەدەن".

لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبەری پەکەکە لەگرتوخانەی ئیمراڵییەوە پەیامێکی گۆشەگیریی شکێن‌و یەکجار توندی ئاڕاستەی ئێزدییەکان‌و حکومەتی عێراق کرد، ئاماژەی بەوەدا، "سەرەڕای دەستدرێژیی‌و تاوانەکانی داعش، ژنانی ئێزدی خاوەن هەڵوێستێکی بەهێزن"، هۆشداریشیدا کە کولتوری ئێزدی بەتەنها ئازادی بەدەستناهێنێت؛ ناوبراو ڕایگەیاند، "من پێشتریش وتومەو بەتایبەت هۆشداریم بەدەوڵەتانیش داوە کە بەشێوەیەکی گشتیی ئەگەر هێرشبکرێتەسەر ئێزدییەکان، ئێمە بەچەکداری دەیانپارێزین".

ڕێبەری پەکەکە کڕۆکی مانەوەی چەکداریی لەشنگال بەتەواوی گرێدا بەپاشەڕۆژی ئێزدییەکانەوەو جەختیکردەوە، "ده‌بێت یەبەشە لەشنگال بمێنێتەوە، ئەگەر ئەمە ڕودەنەدات، نە بارزانی‌و نە عەرەب مافی ژیانیان پێنادەن"، ئۆجه‌لان دەستپێشخەرییەکی ڕونی خستە بەردەم حکومەتەکەی عەلی زەیدیی لەبەغداو ڕایگەیاند، "ئەگەر یەبەشە لەناو سوپای عێراقدا شوێنی خۆی بگرێت، دەبێت مەرجەکە بەو شێوەیەبێت کە لەشوێنی خۆیدا (واتە لەناو خاکی شنگالدا) بمێنێتەوەو نەگوازرێتەوە بۆ هیچ جێگه‌یه‌كى دیكه‌".

ئۆجه‌لان باسی لەوەشکرد، "به‌گوێره‌ى زانیارییە هەواڵگرییەکان بڕیاری لەناوبردنی تەواوەتی پێکهاتەی ئێزدی دراوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێت ئێزدییەکان خاوەنی هێزی پاراستنی جەوهەریی‌و سەربەخۆی خۆیان بن، چونکە گەلی ئێزدی ئێستا لەقۆناغێکی توندی جینۆسایددا تێدەپەڕێت‌و ئەم گەلە لەلایەن یاسا نێودەوڵەتی‌و فەرمییەکانەوە ناپارێزرێت".

لێکۆڵەرانی ئەمنی پێیانوایە، تێکەڵبونی لێدوانەکەی جەمیل بایک‌و هۆشدارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان، نیشانەی ئەوەیە کە پەکەکە دەیەوێت لەڕێگەی مەرجی "مانەوەی یەبەشە لەناوچەکەدا تەنانەت لەژێر چەتری سوپای عێراقیشدا"، پێگەی ئێزدیه‌كان لەشنگال‌و ناوچه‌ى ئێزدیاتى بپارێزێت‌و بەتەواوی ڕێگریی لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی پێشوی نێوان هەولێرو بەغدا بکات کە ئەمەش بەرەی ململانێکان لەباکوری وڵاتدا توندتر دەکاتەوە.

 

زۆرترین بینراو
ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی: کشانەوەی ئەمریکا خاکی عێراق دەکاتە ئامانجێکی کراوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانمان
سه‌باح نوعمان: ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غدا سوكایه‌تییان به‌ ئاڵای ئه‌مریكا كرد، ده‌ستگیركران
کاردانەوەکانی سزادانی ئامەدسپۆر؛ دەم پارتی تۆمەتی "رەگەزپەرستی" ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکات
لەنێوان هەڕەشە و دیپلۆماسیدا؛ تڕەمپ هۆشداری بەکارهێنانی هێز دەدات و تارانیش پلانێکی حەوت ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشنیار دەکات
حەوت ساڵە هەفتانە ڕوو لە چیاکان دەکەن: ٨٠ ژنی هەورامان گرووپێکی شاخەوانییان پێکهێناوە
«شەپۆلێکی تاوەباران و هەورەبروسکە ڕوو لە هەرێم دەکات؛ زۆرترین کاریگەری لەسەر سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت»
"هه‌فته‌ی داهاتو به‌غدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خه‌رج ده‌كات"
نرخی شیش و چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی بەرزبووەوە
په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌: سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی بڕینه‌وه‌ی دار له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان لێدوانی نه‌داوه‌
بڕیاری دادگا دەرچوو؛ مەزڵوم عەبدی بەفەرمی ناوی خۆی لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا گۆڕی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×