لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "فۆرین پۆلسی"ی ئەمریکی، سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵات، تیشکی خستە سەر پرسی یەکگرتنەوەی پێکهاتەی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا و هۆشداریی دا لە هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی کورد لە ناوچەکە.
ئاوێنە: حەمۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری چونە ژێر چەتری دەوڵەتی سوریا و یەکگرتنەوەی هێزەکان، بژاردەیەکی ستراتیژیی ناچاری بوە کە بەهۆی فشارە ناوخۆیی و هەرێمییەکانەوە هاتوەتە ئاراوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد هێڵی سورە و ڕایگەیاند لە ئەگەری هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنیان، ئامادەن "مێزەکە بەسەر هەمواندا وەربگێڕن."
سەبارەت بە هاوکێشەی نوێی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و قۆناغی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان، جێگری وەزیری بەرگریی سوریا ڕونیکردەوە کە ئەم پرۆسەیە پێگەی دەوڵەتی لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیدا بەهێزتر کردوە و بوەتە سەرچاوەیەکی هێز بۆ وڵاتەکە.
سەرەڕای بونی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی لەگەڵ دیمەشق، ناوبراو ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنە نیشتمانییەکە مەرجدارە؛ بە شێوەیەک کە دەبێت بەدیهێنانی ئاسایشی ڕاستەقینە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ گەلی کورد وەک بەشێک لە بنەما سەرەکییەکانی داهاتوی وڵاتەکە جێگیر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، حەمۆ ڕەخنەی لە چەند لایەن و گروپێکی ناوخۆیی گرت کە بە وتەی ئەو "لە ڕوی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە بەردەوام ڕەنگی خۆیان دەگۆڕن." ئەو لایەنانەی تۆمەتبار کرد کە پێشتر سەر بە حزبی بەعس بون و دواتریش چونەتە ڕیزەکانی داعشەوە، لە ئێستاشدا هەوڵ دەدەن کەشێکی پەراوێزخەرانە دروست بکەن لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی هێما نیشتمانی و کوردییەکان و هاندانی پێکهاتەکانی ناوچەکە دژی یەکتر، کە ئەمەش دەرفەتەکانی ئاشتی تێکدەدات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ گۆڤارە ئەمریکییەکە، سیپان حەمۆ جەختی لە خواستی لایەنەکەی بۆ ئاشتی کردەوە، بەڵام داوای لە هەمو لایەک کرد کە بە وردی ئاگاداری هەنگاوەکانیان بن و وتی: "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین گەلی کورد لە سوریا بکرێتە ئامانجی قۆستنەوەی ئەم و ئەو. پاراستنی دەستکەوتەکانمان هێڵی سورە، بە چەک و خوێن پارێزگاریی لێدەکرێت و هیچ جۆرە سازشێکی لەسەر ناکرێت."