د.عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچون له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، داوای 900 ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین له بودجه‌ی ساڵی داهاتوی عێراقدا.
ئاوێنه: د.عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچون له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی "له به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتبو، هێزی پێشمه‌رگه یه‌كبخرێت و ڕێکبخرێتەوە، بۆیه له چوارچێوه‌ی یاسادا هێزه‌كان یه‌كخراونه‌ته‌وه."
د.عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ وتیشی، "له هه‌رێمی كوردستان 148هه‌زار میلاكی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه، له مانگی ڕابردو نزیكه‌ی 142هه‌زاریان له‌ڕێگه‌ی هه‌ژماری من موچه‌یان وه‌رگرتوه، بڕیاره له مانگی داهاتو سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌ڕێگه‌ی هه‌ژماری من موچه وه‌ربگرن."
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچون له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران باسی له‌وه‌ش كرد، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هاوتای سوپای عێراق بكرێت، بۆ بودجه‌ی ساڵی داهاتوی عێراقیش داوای سه‌رجه‌م مافه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین، كه پێویستی به 900 ملیار دیناره."