لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ بانگهێشتی وه‌زیری دارایی ده‌كات
  2026-10-04     

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئه‌مڕۆ یەکشەممە، بڕیاریدا بە بانگهێشتكردنی فالح ساری، وەزیری دارایی بە مەبەستی ئاگاداربون لە ئەولەوییەتەکانی بودجەو کاتی ناردنی بۆ په‌رله‌مان، لە هەمان کاتدا ره‌خنه‌ش له‌ وه‌زیری دارایی گرت بەهۆی پەیوەندی نەکردنی لەگەڵ لیژنەکە و ئاگادارنەکردنەوەیان لە ماددەكان و ڕەشنوسی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌.

ئاوێنه‌: باسم غورابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاند: "لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەمڕۆ کۆبوەوە و بڕیاریدا بە بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بۆ ئاگاداربون لە ئەولەوییەتەکانی پڕۆژه‌ یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2027 و کاتی ناردنی بۆ په‌رله‌مان."

ئه‌و وتیشی "ره‌خنه‌یه‌ك لە وەزیری دارایی هەیە بەهۆی پەیوەندی نەکردنی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و ئاگادارنەکردنەوەی لیژنەكه‌ لە ماددەكان و ڕەشنوسی یاسای بودجە."

جەختیشی کردەوە: "ئێمە یەک تیمین و دەبێت بە شێوەیەکی هاوبەش کار بکەین بۆ پەسەندکردنی یاسای بودجە."

غورابی وتیشی، کاتی میوانداریکردنی وەزیری دارایی لە لیژنەکەدا "لە نزیکترین کاتدا دیاری دەکرێت"، بە ئامانجی ئاگاداربون لە قەبارەی بودجە و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، سەرباری قەبارەی خەرجییەكانی ته‌شغیلی، گشتی و وەبەرهێنان.

پێشتریش لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ناڕەزایەتی توندی خۆی دەربڕیبو بەرامبەر بەو میكانیزمه‌ی گیراوەتە بەر بۆ ئامادەکردنی ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، ئەوەش بەهۆی ڕەوانەکردنی پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بێ ڕاوێژ و هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ پەرلەمان.

به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵی، ده‌بێت ڕەشنوسی بودجە  ساڵانه‌ لە سەرەتای مانگی ئەیلول پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، بە مەرجێک تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردنی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×