ڕۆژنامەی "جی فید"ی ئیسرائیلی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا تیشک دەخاتە سەر سیناریۆ نوێیەکانی دۆخی ئەمنی عێراق لە قۆناغی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. ڕاپۆرتەکە پێی وایە نەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە گۆڕەپانەکەدا، یەکێک لەو کۆتوبەندانەی لاداوە کە پێشتر ڕێگر بوو لەبەردەم ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پێشبینیکراوی ئیسرائیل لە ناو خاکی عێراقدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە سەرچاوە دەگرن.
ئاوێنە: ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیل خۆی بۆ "گۆڕانکارییەکی قووڵی چەمکی" ئامادە دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕەپانی نوێی ئۆپەراسیۆنەکاندا. لە ڕابردوودا، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق سنووردارکردنی بۆ ئەگەرەکانی هێرشی ئیسرائیلی دروستکردبوو، بەهۆی ئەو مەترسییەی کە لەوانەیە هێزە بیانییەکان بە هەڵە بکرێنە ئامانج.
بەپێی شیکردنەوەی "جی فید"، کۆتاییهاتنی بوونی سەربازی ئەمریکا ئەم کۆتوبەندەی نەهێشتووە، کە ئەمەش پاڵنەرە بۆ ئیسرائیل تاوەکو پێداچوونەوە بە جۆری ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا بکات کە دەکرێت لە ناو عێراق دژی ئەو ئامانجانەی پەیوەستن بە گروپە چەکدارەکان یان ئەو جووڵە سەربازییانەی لە عێراقەوە بەرەو سووریا دەچن، ئەنجام بدرێن.
لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکە پێی وایە فراوانیی ڕووبەری جوگرافیای عێراق وا لە ئیسرائیل دەکات کە مەودای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و تەکنەلۆژیی خۆی فراوانتر بکات. ئامانج لەم هەنگاوە، دیاریکردنی "سەنتەرەکانی قورسایی" سەر بە گروپە چەکدارەکان و چاودێریکردنی جووڵە سەربازی و لۆجستیکییەکانە لە ناوەوەی خاکی عێراقدا.
لەم چوارچێوەیەدا، "جی فید" ڕوونیکردووەتەوە کە ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئەوەی بە "هەڵمەتی نێوان جەنگەکان" ناوی دەبات، سەرنج دەخاتە سەر بەئامانجگرتنی ئەو کاروان و کەلوپەلە سەربازییانەی لە عێراقەوە بەرەو سووریا دەپەڕنەوە، و ئەم ئاراستەیە بە یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکان دەزانێت بۆ سنووردارکردنی گواستنەوەی چەک، کەلوپەل و چەکداران لە ناوچەکەدا.
هەڕەشەکان لە سنووری عێراق تێدەپەڕن
ڕۆژنامەکە پێی وایە کاریگەرییەکانی کشانەوەی ئەمریکا تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆندا نامێنێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هاوکێشە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامیی چالاکییەکانی ئەو گروپە چەکدارە عێراقییانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل خاکی عێراق وەک بەشێک لە ڕێڕەوێکی هەرێمی دەبینێت کە لە ئێرانەوە دەست پێدەکات و بە عێراق و سووریادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە لوبنان. وای دەبینێت کە ئەم ڕێگەیە دەکرێت وەک هێڵێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی چەک، تەکنەلۆژیای سەربازی و چەکداران بەکاربهێنرێت.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەم پێشهاتە، وا لە ئیسرائیل دەکات توانای هەواڵگریی خۆی بۆ چاودێریکردنی دۆخی ناوخۆی عێراق بەهێزتر بکات، هاوکات لەگەڵ گەڕان بەدوای ڕێکارگەلێکدا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە پێش ئەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل.
لە هەستیارترین خاڵی ڕاپۆرتەکەدا، ڕۆژنامەکە دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە کشانەوەی ئەمریکا هۆکاری دروستبوونی ئەم هەڕەشەیە نییە، بەڵکو تەنها "دواین بەربەستی" لەبەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیدا لابردووە. بەمەش، قۆناغێکی نوێ لە ڕێکارەکانی کارکردنی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەست پێدەکات.
عێراق لەبەردەم قۆناغێکی ئەمنیی جیاوازدا
ئەم شیکردنەوەیەی میدیای ئیسرائیلی دوای ئەوە دێت کە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ٣٠ی ئەیلوول کۆتایی هات و ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان (پرۆسەی چارەسەری ڕیشەیی) لە وڵاتەکەدا داخرا، پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆنیش چوونەتە چوارچێوەیەکی دووقۆڵی بەردەوامبوونی هاریکاری لە بوارە دیاریکراوەکاندا.
پێشتریش و هاوکات لەگەڵ پرۆسەی کشانەوەکە، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بە مەترسییەکانی ناوخۆی عێراق کردبوو لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، کە لەوانەیە ببێتە هۆی زیاتربوونی هەژموونی گروپە چەکدارەکان یان دروستبوونی دەرفەت بۆ ڕێکخراوی داعش. بەڵام لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان گواستنەوەیە بۆ قۆناغێک کە تێیدا دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بەتەواوی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دەگرنە ئەستۆ.
لەم سۆنگەیەوە، خوێندنەوەکەی "جی فید" عێراق دەخاتە بەردەم جۆرێکی دیکە لە هەڕەشە، کە تەنها لە ئەگەری فراوانبوونی هەژموونی گروپە چەکدارەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو مەترسی ئەوە دەخاتە ڕوو کە خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانێکی کراوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی ململانێیەکی هەرێمیی فراوانتردا، بەتایبەتی ئەگەر ئیسرائیل بڕیاری لێدانی ئەو گروپانە و هێڵەکانی دابینکردنی لۆجستیان بدات کە لە عێراقەوە بەرەو سووریا دەچن.
هەرچەندە ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ڕوودانی هێرشی ئیسرائیلی لە ناو خاکی عێراق ناخاتە ڕوو، بەڵام ئەگەری فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بەو گۆڕانکارییەی لە کۆتوبەندە مەیدانییەکاندا دروست بووە پاش ڕۆیشتنی ئەمریکییەکان.
لە کۆتاییدا، ئەو مەترسییەی کە ڕاپۆرتەکە بۆ عێراقی وێنا دەکات، بریتییە لە ئەگەری گواستنەوەی لێکەوتەکانی ململانێی هەرێمی بۆ ناو خاکی عێراق بەشێوەیەکی گەورەتر، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئەو ئامادەییە سەربازییەی ئەمریکا کە پێشتر وەکو فاکتەرێکی کاریگەر و ڕێگر لە حیساباتی هەر پرۆسەیەکی سەربازی لە ناو عێراقدا سەیر دەکرا.